ترەمپ و تیۆری پیاوە شێتەکە

‌ئاراس فه‌تاح

لەدوای ھەڵبژاردنەوەی دووەمینجاری ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا، ترەمپیزم وەک گوتارێکی ناسیۆنالیستیی توندڕەو، بووە ئاڕاستەکەری سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە.ترەمپیزم تەنھا وەرچەرخانێکی دراماتیکی و قووڵی لە پەیوەندییە دیبلۆماتییە نێوەدەوڵەتییەکاندا دروستنەکرد، بەڵکو کۆی ئەو ڕێکخستنە نێودەوڵەتییەشی ھەژاند کە دوای جەنگی جیھانی دووەم بنایتنرابوو.یەکێک لە گۆڕانە بنەڕەتییەکان کە ترەمپیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بەرھەمیھێنا، بریتییە لە داڕمانی خێرای ئەو پرنسیپ، بەھا و رێکخستنە جیھانییە لەرزۆکەی کە لە دوای جەنگی سارد ھاتبووەکایەوە.

ترەمپیزم چییە و ئەو ستراتیژانە چین کە ئاراستەی سیاسەتە دەرەکییەکانی دەکات؟ لە کایەی ئەکادیمییدا ستراتیژی دیبلۆماسیی ترەمپ پێیدەگوترێتMadman-Theory"، واتە تیۆری پیاوە شێتەکە.سەرۆک لای نەیارەکانی وەک کەسێکی سەرکێش خۆی نمایش دەکات کە بڕیاری شێتانە دەدات: کەس نازانێت چۆن بیردەکاتەوە یان پێشبینیی ئەوە بکات چ بڕیارێک دەدات و تا دواچرکەش کەس نازانێت چ ھەنگاوێکی چاوەڕواننەکراو دەنێت.ئامانجی ئەم ستراتیژەش بە پلەی یەکەم بریتییە لە ترساندنی ڕکابەرەکانی و ناچارکردنیان بەوەی بە مەرجەکانی ڕازیبن و سازشبکەن.

بێگومان پێش ترەمپ لەساڵی ١٩٦٩دا ڕیچارد نیکسن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی خستەگەڕ بۆئەوەی سەرکردەکانی ڤێتنامی باکوور و سۆڤیەت ملکەچی مەرجەکانی ئەمریکا بکات بۆ کۆتاییھێنان بە جەنگ. نیکسن لەشکری ئەمریکیی خستە ئامادەباشییەوە و فرۆکەیB-52ی بە چەکی ئەتۆمییەوە ناردە ناوچەکە، بۆئەوەی بە سۆڤیەت بڵێت کە سەرۆکە شێتەکەی ئەمریکا جڵەوی لەدەستداوە و ئەمجارە زۆر بەڕاستێتی و ھەڕەشەکانی پیادەدەکات.سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیەی ئەمریکا، سۆڤیەت ئەم ھەنگاوەی نیکسنی وەک ھەڵخەڵەتاندێکی ستراتیژیی ھەڵسەنگاند، بۆیە نە ھانۆی و نە مۆسکۆ ھەڕەشە شێتانەکانی نیکسنیان بە ھەند وەرنەگرت و شکستێکی گەورەی ھێنا.

ترەمپ دووەمین سەرۆکی ئەمریکایە کە تیۆری پیاوە شێتەکە جێبەجێدەکات. لە کاتێکدا نیکسن ئەم ستراتیژەی بە نھێنیی پیادەکرد و لە ڕای گشتیی ئەمریکای شاردبووەوە، بەپێچەوانەوە ترەمپ زۆر بە ئاشکرا پروپاگەندە بۆ ستراتیژەکانی پیاوە شێتەکە دەکات.بۆ نموونە لە کاتی دانوستان لەگەڵ کۆریای باشوور بۆ ڕێککەوتننامەی KORUS نێوەندگرە ئەمریکییەکەی ڕاسپاردبوو کە بە کۆرییەکان بڵێت،ئەم پیاوە ھێندە سەرشێتە کە ئەگەری ئەوە ھەیە لەدواچرکەساتدا لە ڕێکەوتننامەکە بکشێتەوە".

سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە کۆریای باکووریش گەیشتە کەناری ململانێیەکی گەورە لەگەڵ پیاوە شێتەکەی ئەو وڵاتە، کیم جۆنگ ئوون. کۆریا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پاشگەزنەبووە و ترەمپیش جگە لە پاشگەزبوونەوەی لە سیاسەتیئاگر و توڕەیی"، ھیچی تری بەدەستنەھێنا. ئەمەش بووە ھۆکاری شڵەژانێک لە پەیوەندیی متمانەی نێوان ژاپۆن و کۆریای باشوور بەرامبەر بە ئەمریکا.

حومکڕانی خولی دووەمی ترەمپ بە یەک زنجیرە ھەڕەشە و بڕیاری قورس و لێدوانی دژ بەیەک و ناڕوون، دەستیپێکرد. لە کایەی باج و گومرگ چەندین بڕیاری دەرکرد کە بووە ھۆکاری بارگرانییەکی گەورە بۆ ئابووریی وڵاتانی تر و ھەژانێکی گەورەش لە کۆی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا. ترەمپ ھەموو دۆستە تەقلیدییەکانی ئەمریکای توشی شۆک کرد و شتێکی نەھێشتەوە بەناوی ڕێزگرتن لە سیستەمی نوێی جیھانی دوای جەنگی جیھانی دووەم. ئەو گاڵتەی بە دەزگای نێونەتەوەییUN دێت و بۆی بکرایە لە نیویۆرکیش دەریدەکرد، بۆیە دەستی کرد بە فەرامۆشکردنی و سەندنەوەی شەرعییەتی سیاسیی و بڕینی کۆمەکی دارایی لێی.لەبری دەزگایUN ئەنجومەنێکی ئاساییشی تایبەت بە خۆی دروستکرد بۆ بنیاتنانی ئاشتی لە غەززە کە چەند دەوڵەتێکی گوێڕایەڵ لەخۆ دەگرێت.بە دەوڵەتە ئەوروپییەکان و ژاپۆن و کۆریای باشووری گوت چیتر نابێت چاوەڕێی ئەوەبن کە ئەمریکا وەک جاران پشتوپەناتان بێت، بەڵکو دەبێت خەمی خۆتان بخۆن.ئەمریکای ترەمپ چیتر ئامادەنییە ئەو ھەموو ملیارد دۆلارە لەورێکخستنە جیھانییە کۆن و بێکەڵکەی ناتۆ"بۆ پاراستنی ئاساییشی نێونەتەوەیی سەرف بکات کە پێشتر ھەبوو.

ترەمپ سیاسەتێک پیادەدەکات کە بەکوردییەکەی تەنھا یەک ناوی ھەیە، ئەویش سیاسەتی کەڵەگاییە. ئەم سیاسەتە کەڵەگاییە نێودەوڵەتییەی ترەمپ کە ھەندێ لە لێکۆڵەران بەستراتیژی شۆک"ناودێڕیدەکەن، ماڵئاوایی لە پرنسیپی سەروەریی دەوڵەتی نەتەوەیی دەکات.لەم ستراتیژەدا ترەمپ دەیەوێت بە جیھان بڵێت، پرسی سەروەریی دەوڵەتان قابیڵی مامەڵەکردن و سەروسەودایە، گەر دەوڵەتان ئامادەی سازش نەبن ئەوا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی و سزای ئابووریی ئەڵتەرناتیڤەکەیەتی.ترەمپ بە گرینلاند دەستیپێکرد و ویستی بە زۆرداریی بیکڕێت، بەڵام تووشی بەرھەڵستارییەکی گەورەی دەوڵەتە ئەوروپییەکان بووەوە. پاشان ڕووی کردە ئەمریکای باشوور و لە ئۆپەراسیۆنێکدا پەلاماری ڤێنزوێلای دا و سەرۆکەکی باڵبەستکرد و بڕیارە لە ئەمریکا داداگایی بکات.پاساوی لەکارخستنی مادۆرۆ پرسی مادە ھۆشبەرەکان بوو، بەڵام ئامانجە سەرەکییەکەی نەوتی ئەو وڵاتە بوو کە بۆ ترەمپ مانای وەبەرھێنانی ملیاردەھا دۆلارە لە کێڵگە نەوتییەکاندا.

سیاسەتی ترەمپ بۆ کوردیش نەک ھەر مژدەبەخش نەبووە، بەڵکو مایەی کارەسات و نائومێدییەکی گەورە بوو. داگیرکردنی عەفرین دیارییەکی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترەمپ بوو بۆ ئەردۆگان، ڕێگەدان بە ھێرشی لەشکرە ئیسلامیستە توندڕەوەکەی سوریای نوێش، ھەر بە ھەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەو بوو بۆ شەرع لە خولی دووەمیدا.

ترەمپ کورد وەک ھێزێکی چەکدار دەبینێت کە گرێبەستێکی کاتیی لەگەڵدا کردووە، بۆئەوەی ئاساییش و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە قۆناغێکی دیاریکراودا لەناوچەکە بپارێزێت. دوای دانانی شەرع لەسەر کورسی حوکمڕانی، کۆمپانیایەکی گەورەتری دەستکەوتووە، بۆئەوەی گرێبەستی لەگەڵدابکات و ئەوەشی لەگەڵ کورددا ھەیبوو، ھەڵیوەشێنێتەوە. ئەم گرێبەستە نوێیەش بەمانای پتەوکردنی دەسەڵاتێکی مەرکەزیی ملکەچیی سوریی دێت کە ھەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکە دەپارێزێت و ھەم ئاساییشی ئیسرائیل زامندەکات.

ئەم جیھانەمان پڕە لە سەرۆکی دیکتاتۆر و مەترسییدار کە نەک تەنھا بۆ وڵات و ھاوڵاتییەکانی خۆیان بوونەتە بەڵا و بارگرانییەکی سیاسیی گەورە، بەڵکو بوونەتە مەترسییەکی پێشبینینەکراو بۆ ھەموو جیھان.ئەزموونی سیاسیی جیھان لەگەڵ ترەمپ و سەردەمی کۆتایی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ جیھانی لیبراڵیی، پێمان دەڵێت کە ئەم پیاوە و سیاسەتە شێتانەکەی ھەڵگری مەترسیی گەورەن بۆ ناوچەی ئێمە بە تایبەتیی و بۆ جیھانیش بەگشتیی.

ترەمپ وەک نیکسن ویستی بە سیاسەتی پیاوە شێتەکە ڕوبەڕووی ئێران ببێتەوە.لە کاتێکدا نیکسن پاشگەزبوەوە و نەبووە ھۆکاری جەنگێکی ئەتۆمیی جیھانیی، ترەمپ ناچار بوو لە خولی دووەمی ململانێکەیدا لەگەڵ ئێران، ملبنێت و بڕیاری جەنگ بدات، چونکە ستراتیژی پیاوە شێتەکە لەگەڵ ئێراندا سەری نەگرت.سیاسەتی پیاوەشێتەکە دەشێت بەرامبەر بە دەوڵەتە دیموکراسییەکان سەرکەوتووبێت، بەڵام بەرامبەر بە دەوڵەتە تۆتالیتێری و دیکتاتۆرەکانی وەک ئێران و کۆریای باکوور و روسیا سەرناگرێت.بۆیە بڕیاری جەنگ لەگەڵ ناتانیاھۆدا دژ بە ئێران، ناچارییەکی سیاسیی بوو، چونکە ترەمپ ھەیبەت و مسداقییەتی خۆی لە جیھان و ئەمریکادا لەدەستدەدا. ترەمپ سەرەتا تەمەنی جەنگەکەی بە ھەفتەیەک دیاریکردبوو، پاشان کردی بە چوار و ھێدی ھێدی تەمەنی موغامەرە سەربازییەکەی زیاددەکات و ڕووبەری جەنگەکە گەورەتر و ژمارەی ئەو دەوڵەتانەشی لە جەنگەکەوە تێوەدەگلێن زیاتر دەبێت.

کەس نازانێت ترەمپ چۆن بیردەکاتەوە و چ چارەسەرێکی بۆ ئەم ئاڵۆزییە گەورەیە پێیە.کوردیش وەک لاوازترین ھەڵقەی ئەم ململانێیە، دەشێت جارێکی دی ببێتەوە بە قوربانییەکی گەورەی سیاسەتی پیاوە شێتەکە. مەترسییەکە بۆ کورد تەنھا کردنە ئامانجی پێگە سەربازیی و دیبلۆماسییەکانی ئەمریکا نییە لە ھەرێم بە دڕۆن و موشەک، بەڵکو مەترسییە جدییە گەورەکە دوای تەلەفۆنەکەی ترەمپ لەگەڵ بارزانی و تاڵەبانی دەستپێدەکات. ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ترەمپ گرێبەستێکی کاتیی نوێ لەگەڵ کوردانی باشوور و رۆژھەڵات ببەستێت و وەک ھەمیشەش ھەر کاتێک پێویستی پێیان نەما، ھەڵێبوەشێنێتەوە.

بەبۆچونی من یەکێک لە ئەگەرە کارەساتبارەکانی ئەم پێشھاتە نوێیەش کە دەشێت لەداھاتوودا ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان ببێتەوە، بریتییە لە ئەنجامدانی ھێرشی زەمینی ئێران بۆ سەر ھەرێم و داگیرکردنی بەشێکی لەلایەن سوپاسی پاسدارانەوە. گەر کورد وریا نەبێت و مەرجی گەورەی نەبێت، دووبارەبوونەوەی ئەزموونی تاڵی رۆژاڤا لەگەڵ ترەمپدا لە خۆرھەڵاتیش بە قورسیی ئامادەیە.

سیاسەتی پیاوە شێتەکە ھیچ سیحرێک و موفاجەئەیەکی تێدا نەماوە. ترامپ دەوڵەتگەلێکی مەرکەزیی لەناوچەکەدا دەوێت کە ھەڕەشە بۆ سەر ئاساییشی ئەمریکا و ئیسرائیل دروستنەکەن و ئەو بەتەنھا ئیملای سیاسەتی ئابوورییەکەی بکات و سوودمەندی یەکەم بێت لە سەروەت و سامانیان.ترەمپ بڕوای بە مافی چارەی خۆنووسین و شتی لەو بابەتە نییە بۆ گەلانی ناوچەکە، بەڵکو لە وڵاتەکەی خۆشیدا بڕوای نە بە دیموکراسییە، نە بە سیستەمی پەرلەمانیی و نە بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و نە بە پرسی ژینگەیە.ترەمپ بڕوای تەنھا بە خۆی ھەیە کە بتوانێت نەخشەی نوێی جیھان بە چەشنێک بکێشێت، ھەموو دونیا خزمەتکاری خێزانەکەی و دارودەستەکەی ئەو بن لە ئەمریکا.

ترەمپ چەندین جار و لەچەندین بۆنەدا گوتوویەتی، جیھان بەبێ دەوڵەتی ئیسلامیی ئێران باشتر و ئارامتر دەبێت. ئەم قسەیەی ترەمپ یەکێکە لە بۆچوونە ھەرە دەگمەن و ماقوڵەکانی ئەم پیاوە، کە ڕاستییەکی حاشاھەڵنەگری تێدایە.بەڵام بە بۆچوونی من جیھان تەنھا بە کۆتاییھاتنی حوکمڕانیی تۆتالیتاری تیۆکراسیی لە ئێران ئارامتر و باشتر نابێت، بەڵکو بە کۆتاییھاتنی تەمەنی ئەزموونی دەسەڵاتی ترەمپیزمیش لە ئەمریکا، باشتر و ئارامتر دەبێت.


PM:09:08:04/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی