لە چاویلکەی کێوە تەماشای ئێران بکەین

‌ڕامیار مەحمود

زۆر بە کورتی:

د. نیاز نەجمەدین لە وتارێکی وێستگەنیوزدا، بەناوی(ئایا ئەمەریکە دەیباتەوە) ڕاستەوخۆ ئاماژە بە(ژیانگ) دەکات دەڵی بە کورتی وەڵامی پرسیارەکە ئەمەیە لای ئەو. ژیانگ یوتوبچییەکی چینییە، زۆرێک لەو بوچونانەی ئەو دەربارەی ئێران دەیخاتە ڕوو، بەدەر نییە لە کولتور وجیهانبینی چینی بۆ ئەمەریکە.

بۆ نمونە بینینی ئەمەریکا وەک ئالودە بوویەک بە ئیمپریالیزم. د. نیاز جەخت لە بوچونەکانی ئەو دەکاتەوە دەربارەی ئەم جەنگە. بە تایبەتی لە خستنە ڕووی هێڵە درشتەکانی ئەم جەنگە لە سەر ئاستی ئابوری. وەک ڕاوستانی گەرووی هرمز، داتەپینی باردوۆخی تەناهی کەنداو، نەزیفی ئامرازەکانی جەنگ لە لایەن ئەمەریکە و ئیسرائیل. بەڵام بۆچی ئێمە لە چاویلکەی (ژیانگ)ەوە، سەیری ئێڕان بکەین. لایەنی کەم ئەگەر ڕوانگەی کوردیمان نەبێت دەکرێت ڕوانگەی گەلانی ئێڕان خۆیانمان هەبێت بۆ ڕژێمەکەیان.

ژیانگ پێی وایە خامنەیی شەهیدەو هەموو شیعەیەک پابەندی خۆ شەهید کردنی لە سەرە بۆ خامنەیی. چونکە ئەو نایەوێت بە هیچ جۆرك بچێتە سەر پرسی دیکتاۆریەتی کۆماری ئیسلامی، باوەڕی وایە خۆ شەهیدکردن خەسڵەتێکی شیعییە و ئەرکێکە هەموو شیعییەک پێی هەڵدەستن. مەگەر هەر پیش ئەم جەنگە و ساڵانی رابردوو، ئەوە هاوڵاتیانی ئێران نەبوون لە ناڕەزایەتییەکاندا وێنەکانی خامنەیی و قاسم سلـێمانیان دەسوتاند، خۆپیشاندانەکان بە دڕاندانەترین شێوە سەرکوتکران، وێنەکەی ناو مێشکی ژیانگ بۆ شیعە ئەوەیە کە هەموو کەسێکی بە مەزهەب شیعە لە هێڵی خامنەیییە، ئەو دڕاندن و سواتاندنی وێنەکانی خامنەیی نابینێت. لە لایەنی بزوتنەوەی ناڕازایی گەنجانی شیعەوە.

ژیانگ پێی وایە خامنەیی پاپای شیعەکانە. بەڵام ئەوە ئێرانییەکانن بەر لە هەموو کەس ئەوە دەزانن خامنەیی ستەمکارو دیکتاۆرییەتی ئاینییە، هاوشێوەی هەر دیکتاتۆریەتیكی بە زۆر سەپێنراو..
وێنەکانی خامنەیی لە ژووری لە دایکبوونی منداڵەوە تا چوونە ناو گۆڕ، بە نیگاکردنێکی خوێناوی و دڕندانە چاودێری مرۆڤی ئێرانی دەکرد.

بێگومان ئەوە ئیران بوو توشی نەخۆشی ئاڵودە بوون بوو بە ئیمپراتۆریەتە تاریکەکەی، ئیمپراتۆریەتێک لە ٧ ئۆکتۆبەرەوە بەرەو لاربوونەوە چوو لە غەزە، لوبنان، یەمەن، سوریا، وا عێراقیشی دێتە سەر. بێگومان دۆخی ئەمڕۆی ئێران گەیشتۆتە ئەوەی پێی دەڵێن (خاڵی نەگەڕانەوە)، ئێران نەک ئێستە پێش ئەم جەنگە و جەنگی ١٢ رۆژەش سەلماندی دەوڵەتێکی مەترسیدارە ، ئەوەی لە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل سەلماند، هاوکات حوسییەکان و رژێمی بەشار ئەسەد، ئەمەشی هەر زۆر تەواو لە عێراق سەلماند. بێگومان رژێمەکە دەڕوخێنرێت و گەڵانی ئیران هەم تینو و برسی نانن هەم تینووی ئازادیشن.


PM:05:30:04/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 1172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی