ئایا ئهمریكا دهیباتهوه؟
د. نیاز نەجمەدین
وەڵامی کورتی پرسیارەکە لای پرۆفیسۆر ژیانگ (Jiang) ئەمەیە: نەخێر، ئەگەری دۆڕانی هەیە. بەڵام بەر لەوەی روونی بکەمەوە، دەبێ بە رێگەیەکی تری کورتی گفتوگۆدا بڕۆین.
ئەگەر تۆ باوەڕت وایە کە "ئەمریکا دەیباتەوە"، ئەوا دەبێت لە خۆت بپرسیت: ئەم باوەڕەت لە کوێوە هێناوە؟ پشتبەستووە بە ئەزمونی مێژوویی؟ یان تەنها لەبەرئەوەیە کە ئەمریکایە؟ ئەگەر لەبەر ئەمەی دوایی بێت، ئەوا تۆش کەوتویتەتە داوی ئەو ئەفسانانەی بۆ دەسەڵاتی بێسنوری ئەمریکا داڕێژراوە و لە منداڵییەوە وەک شیر دەرخواردیان داوین. وەک دەزانیت، دەسەڵات لەسەر دروستکردنی ئەفسانە خۆی گەشە پێدەدات و پێویستی بەوە هەیە خۆی وا پیشان بدات وەک هەور دەتوانێت تەنانەت بەری خۆریش بگرێت.
رەنگە باوەڕەکەت پشتی بە شتێکی تر بەستبێت: قەبارە (size)، گوایە قەبارەی وڵاتی ئەمریکا لە رووی ئابووریی و دانیشتوان و توانای سەربازییەوە بە وڵاتێکی وەک ئێران بەراورد ناکرێ. ئەمەشیان باوەڕێکی پشتبەستوو بە زانست و بەڵگەی مێژوویی نییە. نمونەیەکی سادە: زۆربەمان دیمەنەکانی 'ئەناتۆلیی"مان دیوە. پیاوێکی بچوک زوو زوو دەچێتە هۆڵەکانی لەشجوانیی و زۆربەی پاڵەوانەکانی لەشجوانیی و ئاسنبەرزکردنەوە لەبەردەمیدا شکست دەهێنن، وادەکات بەو توانایەی لە ئاسنبەرزکردنەوەدا هەیەتی سەرسام ببن. ئەم نمونەیە بۆ پەیوەندیی و جەنگی نێوان وڵاتانیش راستە. بەپێی قەبارە بوایە ئەمریکا بەرامبەر ڤێتنام لە ١٩٧٣دا نەدەدۆڕا. یەکێتیی سۆڤێت بەرامبەر موجاهیدینەکانی ئەفغانستان لە شەڕی دە ساڵەی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٩ تێکنەدەشکا. لە کاتێکدا بە درێژایی هەشتاکان وڵاتە یەکگرتووەکان هاوکاریی موجاهیدینی لە دژی سۆڤێت دەکرد، کەچی دوای ١١-١٢ ساڵ خۆی دابەزییە ناو گۆڕەپانەکە و سوپای نارد. لە ٢٠٢١دا، ناچاریان کرد پاشەکشە بکات و وڵاتەکە تەسلیمی تاڵیبان بکات. ئەم شکستانە دوو بۆچونەکەی سەرەوە پشت راست دەکەنەوە: نە ئەمریکا ئەو مەزننەیە کە لە خەیاڵی ئێمەدا وێناکراوە، نە قەبارەش هێندە رۆڵێکی گرنگی هەیە.
بردنەوە لەسەر شتی تر وەستاوە و ئەم شتانەشن کە وادەکەن هەندێک لە شارەزایان، لەوانە ژیانگ، پێشبینیی بکەن ئەمریکا دەدۆڕێت، هەندێکیش باوەڕیان وابێت (لەوانە راوێژکاری پێشوی وەزیری بەرگریی ئەمریکا دۆگڵاس ماکگرێگۆر-Douglas Macgregor) کە وڵاتە یەکگرتووەکان زۆر بە هیلاک دەچێت و ئێران بەختی بردنەوەی هەیە.
جیڕیی و توانای مانەوە لە جەنگدا بەشێوەیەک هێندە بەرگە بگریت وزەی بەرامبەر خاڵیی بکەیتەوە (وەک چۆن بوکسکارێکی بە رواڵەت لاواز رەنگە هەمان تەکتیک بەکاربهێنێت)، بەرگەگرتنی ئەو ئازارانەی پێتدەگات، تا چەند لە رووی داراییەوە ئامادەسازییت کردووە و لە کاتی پێویستدا قەرزت دەست دەکەوێت، تێچووی جەنگەکە بەرەو کوێ دەچێت، تا چەند لە ناوەوە کۆمەڵگەیەکی یەکگرتووت هەیە و خەڵکت لەگەڵە، تا چەندیش هێزی چەکداریی و دەستوپێوەندت هەن و لەگەڵتن و بڵاوەت پێکردوون، لەگەڵ هاریکاریی نێودەوڵەتیی لە بنەما سەرەکییەکانی بردنەوە و دۆڕاندن.
لەم روانگەیەوەیە کە پرۆفیسۆر ژیانگی یوتیوبەر بڵێ "لەم جەنگەدا، ئەمریکا لەسەر رێچکەی شکستە". پێشتر ژیانگ سێ پێشبینیی کردووە: یەکەم، ترەمپ دەبێت بە سەرۆک. دووەم، جەنگی ئەمریکا و ئێران دەست پێ دەکات. سێیەم، ئەمریکا دەدۆڕێت. یەکەم و دووەم پێشبینیی هاتونەتەدی، سێیەم ماوە. پاساوەکانی بۆ سێیەم ئەمانەی خوارەوەن:
1- کات: کات هێجگار گرنگە. چەند کەوتنی رژێمی ئێرانی دوابکەوێت، هێندە ئەگەری سەرکەوتنی ئێران زیاد دەکات، چونکە وزەی ئەمریکا خاڵیی دەکاتەوە، سەبر و تەحەمولی تێکدەشکێنێت، تێچوی جەنگەکە لەسەر زۆربەی وڵاتان، لەناویاندا زلهێزی وەک چین و روسیا هەڵدەکشێت. بەمەش، پەیمانەکانی بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی لە ماوەیەکی کەمدا بەدرۆ دەخاتەوە.
2- ئامادەکاریی: ئێران ٢٠ ساڵە خۆی بۆ ئەم جەنگە ئامادە دەکات.
3- پرۆکسییەکان (دەستوپێوەندەکان): بەشێک لە ئامادەکارییەکە لە رێی پرۆکسییەکانییەوە بووە. ئێران ستراتیجی جەنگی هێواشی بەکارهێناوە، بەو واتایەی هێواش هێواش لە بەرامبەر دەکوژێت و مەسڕەفی پێ دەکات. پرۆکسییەکانی ئێران دەمێکە ئەمریکایان ماندوو و بێزار کردووە.
4- جیۆپۆلەتیک: ئێران توانای هەیە کێشە بۆ ئابووریی جیهان دروست بکات لە رێی دەستگرتن بەسەر نەوت و ئاو و هاوتوچۆی خۆراک بۆ وڵاتانی کەنداو. پاشان ئێران لە ماڵی خۆیدایە و ئەمریکا لە دوورەوە دێت. کاتێکیش لە ماڵی خۆتدا بیت، شارەزای ورد و درشتی ماڵەکەی خۆتی.
5- ئابووریی: وڵاتانی کەنداو یەکێکن لە پایەکانی ئابووریی ئەمریکا. ئەگەر ئەم وڵاتانە، کە لەسەر نەوت دەژین و وڵاتی بەرخۆریین و خۆراک و پێداویستییەکانیان لە گەرووی هورمزەوە دەهێنن، نەتوانن وەک جاران پارەی نەوتیان دەستکەوێت و بیخەنەوە ئابووریی ئەمریکا، ئەوا قەیرانی ناو ئەم وڵاتانە دەگوازێتەوە بۆ ئەمریکا و سیستمی دارایی (وەک بازاڕی پشکەکان) ئەمریکا دەکەوێتە لەرزین و شڵەژان، هاوکات ئەو بڵقی ئابوورییەی بەهۆی وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکرددا دروست کراوە، دەتەقێت. واتە وەبەرهێنان لە ژیریی دەستکردیشدا خاو دەبێتەوە کە سەرچاوەی دەرفەتی کار و کەڵەکەکردنی سامانە لەم سەردەمەدا.
6- کێشەی ناوخۆیی: ئەگەر ئێران لەناوەوە لاوازە، ئەوا ترەمپیش پشتیوانیی خەڵکی ئەمریکای نییە. دەنگیش لە دژی رۆژ بە رۆژ بەرزتر دەبێتەوە.
ئەمانە وادەکەن کە هەژمونی ئەمریکا بەسەر جیهاندا کەم بکەنەوە. ئەگەر ئەمە رووبدات، ئەوا جیهان پێدەنێتە قۆناغی فرەزلهێزییەوە لە بری هەبوونی یەک یان دوو زلهێز. بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە ژیانگ لە بیری کردووە توانای سیخوڕیی ئەمریکا و ئیسرائیل سەرسوڕهێنەرە.
ماوە بڵێم: پێشبینییکردن هەمیشە بۆی هەیە هەڵە دەرچێت، بەوەشەوە کە جەنگێک چەندی پێ دەجێت، لای کەم لەبەرئەوەی هەندێک زانیاریی دەربارەی لایەن و هێزەکانی ناو جەنگەکە هەن ونن. بەڵام دوو شتی تر گرنگن لە بیرمان بێت: یەکەمیان، نابێت توانای نەیار بە کەم سەیر بکرێت، بەتایبەت وڵاتێکی وەک ئێران کە شارەزاییەکی کەم وێنەی لە جەنگدا هەیە و ئامانجەکانی جیایە لە ئەمریکا. دووەم، بۆ هەر نەتەوە و وڵاتێک، رەنگە تەنانەت بۆ تاکێکیش، تێگەیشتن لە دەرئەنجامی توێژینەوە مێژووییەکان سەبارەت بە بردنەوە و دۆڕان لە جەنگدا شتێکە تەنها گەمژە و سەرلێشێواوەکان فەرامۆشی دەکەن.
PM:12:18:04/03/2026
ئهم بابهته 2280
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی