چۆن بیر لە جەنگی ترەمپ لەگەڵ ئێران بکەینەوە

‌تۆماس فریدمەن

نووسینی: تۆماس  فریدمەن
سەرچاوە: نیویۆرک تایمز
وەرگێڕانی: وێستگەنیوز


بۆ ئەوەی بە ڕوونی بیر لە جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەیتەوە، پێویستە لە یەک کاتدا چەندین بیرۆکەی جیاواز لە مێشکتدا دانێیت. ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەنگە کە تێیدا ئایین، نەوت، سیاسەتی خێڵەکی و سیاسەتی زلهێزەکان لە هەموو ڕووداوە گەورەکاندا تێکەڵ بە یەک دەبن. ئەگەر بەدوای گێڕانەوەیەکی ڕەش و سپیدا دەگەڕێیت، ڕەنگە باشتر بێت بچیت یاری "دامە" بکەیت. بۆیە، لێرەدا چوار بیرۆکەی من دەربارەی ئێران دەخەمە ڕوو، لانیکەم بۆ ئەمڕۆ.

یەکەم: 

هیوادارم ئەم هەوڵە بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی مەلاکان لە تاران سەرکەوتوو بێت. ئەمە ڕژێمێکە خەڵکی خۆی دەکوژێت، سەقامگیری دراوسێکانی تێک دەدات و شارستانیەتی مەزنی خۆشی وێران کردووە. هیچ ڕووداوێکی تاک نییە بتوانێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخاتە سەر ڕێڕەوێکی شایستەتر و گشتگیرتر، زیاتر لە گۆڕینی ڕژێمی ئیسلامی تاران بە سەرکردایەتییەک کە تەنها سەرنجی لەسەر ئەوە بێت ڕێگە بە خەڵکی ئێران بدات تواناکانیان بەگەڕ بخەن و دەنگێکی ڕاستەقینەیان لە دیاریکردنی داهاتووی خۆیاندا هەبێت.

دووەم:  

ئەمە ئاسان نابێت، چونکە ئەم ڕژێمە بە قوڵیی ڕەگی داکوتاوە و زەحمەتە تەنها لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بڕوخێنرێت. ئیسرائیل دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە جەنگی بێبەزەییانەی ئاسمانی و زەمینی نەیتوانیوە حەماس لە غەززە لەناو ببات، لە کاتێکدا حەماس دراوسێیەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنانەت ئەگەر ئەم هێرشەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەبێتە هۆی ئەو ڕاپەڕینەی خەڵکی ئێران کە سەرۆک ترەمپ هانی دەدات، دەکرێت کاریگەری دیکەی چاوەڕواننەکراو و بەسوودی هەبێت، وەک بەرهەمهێنانی "کۆمارێکی ئیسلامی " کە مەترسییەکی کەمتری بۆ سەر خەڵکەکەی و دراوسێکانی هەبێت. بەڵام بە هەمان ئەندازەش دەکرێت مەترسی چاوەڕواننەکراوی لێبکەوێتەوە، وەک هەڵوەشانەوەی ئێران وەک قەوارەیەکی جوگرافی یەکگرتوو.

سێیەم: 

دەبێت لەبیرمان بێت کە کاتی کۆتایی هاتنی ئەم جەنگە هێندەی پەیوەستە بە بازاڕەکانی نەوت و بازاڕە داراییەکانەوە، هێندەش پەیوەستە بە دۆخی سەربازیی ناوخۆی ئێرانەوە. ئێران لە لێواری داڕمانی ئابووریدایە و دراوەکەی هێندەی کاغەزی دیوار بێ بەها بووە. ئەوروپا دوای قەدەغەکردنی کڕینی گازی سروشتی لە ڕووسیا، بۆ بەڕێوەبردنی ئابوورییەکەی زۆر زیاتر پشت بە گازی سروشتی شلکراوەی کەنداوی فارسی دەبەستێت. بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامی هەڵاوسان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزەوە، دەبێتە هۆی توڕەبوونی بنکە جەماوەرییەکەی ترەمپ، کە زۆربەیان پێشتر حەزیان بەوە نەبووە پەلکێشی جەنگێکی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێن. خەڵکێکی زۆر هەن کە دەیانەوێت ئەم جەنگە کورتخایەن بێت، و ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر چۆنیەتی و کاتی دانوستانی ترەمپ و تاران.

چوارەم: 

نابێت ڕێگە بدەین ئەم جەنگە بۆ هێنانەدی دیموکراسی و سەروەری یاسا لە ئێران، سەرقاڵمان بکات و لەبیرمان بەرێتەوە کە ترەمپ لە ئەمریکا و سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆ لە ئیسرائیل چی مەترسییەک لەسەر دیموکراسی و سەروەری یاسا دروست دەکەن. ترەمپ دەەیەوێت ئەو بەهایانە لە تاران پەرە پێ بدات، لە کاتێکدا بریکارەکانی (ICE) بۆ ماوەی دوو مانگ بە سنووردارکردنێکی کەمی یاساییەوە لە ویلایەتەکەی من "مینیسۆتا" کاریان کردووە و بیرۆکەی سنوردارکردنی مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنی داهاتووماندا دەخاتە ڕوو. ئەگەر جەنگی ئێران ببێتە هۆی ئەوەی ناتانیاهۆ هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە بۆ ئەمساڵ پلانی بۆ دانراوە بباتەوە، ئەوا دەبێتە پاڵنەرێکی سەرەکی بۆ هەوڵەکانی بۆ لکاندنی کەرتی ڕۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە، ئیفلیجکردنی دادگای باڵای ئیسرائیل و کردنی ئیسرائیل بە دەوڵەتێکی ئاپارتاید (ڕەگەزپەرست)، کە ئەمەش گورزێکی گەورە دەبێت لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە دەرەوەی ئێران.
ژیان بۆ نوسەرێکی وەک من ئاسان دەبوو ئەگەر هەموو جەنگێک کە دەبوایە هەڵوێستت لەسەری هەبێت وەک جەنگی ناوخۆی ئەمریکا بوایە و هەموو سەرکردەیەکیش ئەبراهام لینکۆڵن بوایە. بەڵام وا نین، بۆیە با کەمێک قوڵتر بچینە ناو ئەم چوار بیرۆکەیەوە دەربارەی ئێران.

هەرچەندە ئەگەر لەم ساڵانەی دواییدا گوێت لە چەپەکانی زانکۆکان بگرتایە هەرگیز ئەوەت نەدەزانی، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە گەورەترین هێزی ئیمپریالیستی (داگیرکەر) بووە لە ناوچەکەدا، کە بریکارەکانی پەروەردە کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی چوار دەوڵەتی عەرەبی( سوریا، لوبنان، عێراق و یەمەن) و لەناوبردنی ڕیفۆرمخوازە لیبڕاڵەکان لە هەریەک لەو چوار وڵاتەدا لە ڕێگەی برەودان بە دابەشبوونی تایفەگەری.

تەنها لاوازبوونی ڕژێمی تاران، بەهۆی گورزە کەمەرشکێنەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرا، هەروەها وایکرد لوبنان لە چنگی میلیشیای حزبوڵای سەر بە ئێران ڕزگاری بێت، کە ئەمەش بووە هۆی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ شایستەترین حکومەتی لوبنان لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا، حکومەتێک بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران نەواف سەلام و سەرۆک جۆزێف عەون. هەر بۆیەشە مردنی ڕێبەری باڵای ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی، بە بێدەنگی یان بە دەنگی بەرز لە سەرانسەری ناوچەکەدا ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرێت.

هەروەها، گەلی ئێران لە سروشتی خۆیاندا یەکێکن لە دۆستترین گەلانی ناوچەکە بۆ ڕۆژئاوا. ئەگەر ڕێگە بەو هەستە بدرێت دەربکەوێت و بڵاوببێتەوە و شوێنی ئەو ژەهرە ئیسلامییە توندڕەوە دابەشکارە بگرێتەوە کە ڕژێمی ئێران بڵاوی دەکاتەوە، ئەوا ئەگەری ئەوەمان دەبێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی زۆر گشتگیرترمان هەبێت.

وەک ستراتیژیستی لوبنانی-ئیماراتی، نەدیم قوتەیش، پێی وتم: لە خۆڕا نییە کە یەکێک لە دروشمە هەرە باوەکانی خۆپیشاندەرانی دژی ڕژێم لە ئێران بریتی بووە لە: "نە غەززە، نە لوبنان. گیانم فیدای ئێران." زۆرێک لە ئێرانییەکان بێزار بوون لەوەی دەبینن سامانەکەیان بۆ میلیشیاکانی شەڕی ئیسرائیل بەفیڕۆ دەچێت. هەروەها قوتەیش ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێکەوت نییە کە ئێران موشەکی ئاڕاستەی فڕۆکەخانەکان، هۆتێلەکان و بەندەرەکانی وڵاتە عەرەبییە مۆدێرنەکانی کەنداو کردووە.

قوتەیش وتی: "ئەوان هێرش دەکەنە سەر ژێرخانی کرانەوە و تێکەڵبوون و ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم، ئەمە  وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کۆنە، هێرش دەکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ." بە هیوای ئەوەی مردنی خامەنەیی "مردنی ئەو بیرۆکەیەی خامەنەیی بێت کە دەڵێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت بە مەقاوەمە پێناسە بکرێت نەک بە تێکەڵبوون و پێکەوەژیان."

بە هیواین ئەمە کۆتایی بەو یارییە دووفاقییەش بهێنێت کە خامەنەیی و پێشینەکانی وەک مەحمود ئەحمەدی نەژاد — کە لە ٢٠٠٥ تا ٢٠١٣ سەرۆکی ئێران بوو و ئەویش لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل-ئەمریکادا کوژرا — پەیڕەوییان دەکرد، کە ئێران مافی ئەوەی هەیە بە ئاشکرا هاوار بکات "مەرگ بۆ ئەمریکا" و "مەرگ بۆ ئیسرائیل" و پاشان بانگەشەی ئەوە بکات کە مافی خۆیەتی وەک دانیمارک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، یان یۆرانیۆم بۆ مەبەستی "ئاشتیانە" بپیتێنێت.

ترەمپ و ناتانیاهۆ دواجار دەستیان خستە سەر ئەو یارییە.

سەبارەت بەوەی کە ئێستا گەلی ئێران یەکبگرن و ڕژێمەکە بڕوخێنن، زەحمەتە پێشبینی ئەوە بکرێت لەم نزیکانەدا ڕووبدات بەبێ بوونی سەرکردەیەکی دیار و ئەجێندایەکی هاوبەش.

ئەو شرۆڤەکارە ئێرانیانەی قسەیان لەگەڵ دەکەم دەڵێن ئەنجامی هەرە پێشبینیکراو جۆرێکە لە "کۆماری ئیسلامی دووەم"، کە تێیدا ڕیفۆرمخوازە دیارەکانی ڕژێم — وەک حەسەن ڕۆحانی، کە وەک حەوتەمین سەرۆکی ئێران لە ٢٠١٣ تا ٢٠٢١ خزمەتی کردووە و یەکێک بووە لە ڕەخنەگرە دەنگ بەرزەکانی سیاسەتی توندی خامەنەیی، یان وەزیری دەرەوەی پێشوو و دانوستانکاری ئەتۆمی جەواد زەریف،  فشار دەخەنە سەر ئەو سەرکردایەتیەی ماوە بۆ ئەوەی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ترەمپ بکەن. ئەو ڕێککەوتنە دەکرێت بەو شێوەیە بێت کە دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بێت و سنوردارکردن لەسەر جەنگە بەوەکالەتەکانی و موشەکە بالیستییەکانی قبوڵ بکات، واتە هەر شتێک ترەمپ بیەوێت لە بەرامبەر کۆتایی هاتنی سزاکانی ئابووری و مانەوەی ڕژێمەکە.

ڕژێمێکی لەو شێوەیەی "کۆماری ئیسلامی ٢.٠" ڕەنگە بتوانێت سەرپەرشتی گواستنەوەیەک بکات بۆ دیموکراسییەکی ڕاستەقینەی ئێرانی. بەڵام ڕەنگە ترەمپ ڕووبەڕووی تۆمەتی ئەوە ببێتەوە کە فریادڕەسی بۆ ڕژێمێکی لەگیانەڵا هەڵداوە کە بەم دواییانە لانی کەم ٦,٨٠٠ خۆپیشاندەری کوشتووە، بەپێی ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئەمریکا (HRANA)، و ئەگەری زۆرە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت. بە واتایەکی تر، دەستپێکردنی ئەم جەنگە تا ڕادەیەک ئاسان بوو. بەڵام کۆتایی پێهێنانی وا نابێت.

ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە ڕەنگە بۆ ترەمپ جێی سەرنج بێت، بۆ ئەوەی خۆی لە جەنگێکی درێژخایەن، پاشەکشەی ئابووری بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یان هەڵوەشانەوەی ئێران بەدوور بگرێت. هەر بۆیە سەرسام نەبووم کە گوێم لێبوو ترەمپ بە گۆڤاری (The Atlantic)ی وت: "ئەوان دەیانەوێت قسە بکەن، و من ڕازی بووم قسە بکەم، بۆیە قسەیان لەگەڵ دەکەم."

وەک چۆن من پێشتریش ئاماژەم پێداوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێچەوانەی دیکتاتۆری مەرج نییە دیموکراسی بێت. زۆرجار "بێسەروبەری"یە. چونکە کاتێک سەرکردەی دیکتاتۆرییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لادەبرێن، یەکێک لەم دوو شتە ڕوودەدات. یان لە ناوەوە دەڕوخێن، وەک ئەوەی لە لیبیا ڕوویدا، یان دەتەقنەوە، وەک ئەوەی لە سوریا ڕوویدا.

فارسەکان تەنها نزیکەی ٦٠ لەسەدی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن. ٤٠ لەسەدەکەی دیکە تێکەڵەیەکە لە کەمینەکان، بە سەرەکی ئازەری، کورد، لوڕ، عەرەب و بەلوچ. هەر یەکێکیان پەیوەندییان بە خاکەکانی دەرەوەی ئێرانەوە هەیە، بەتایبەتی ئازەرییەکان بە ئازەربایجان و کوردەکان بە کوردستانەوە. ئاژاوەی درێژخایەن لە تاران دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی هەر یەکێک لەوانە جیاببنەوە و بە کردەیی ئێران "بتەقێتەوە".

ئێران بەدرێژایی مێژوو شایەتی ڕوخانی حکومەتەکان یان کەوتنی فەرمانڕەواکان بووە. قوتەیش دەڵێت، هەموو جارێک "ئێران بە یەکگرتوویی ماوەتەوە بەڵام." "بۆ یەکەمجار دڵنیا نیم کە بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە."

ئەگەر دەتەوێت نرخی بەرمیلێک نەوت بە ١٥٠ دۆلار ببینیت، ئەوا ئەو جۆرە هەڵوەشانەوەیەی ئێران دەتگەیەنێتە ئەوێ. هەناردەی نەوتی ئێران کە ١.٦ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە زۆربەی بۆ چین دەچێت، بە تەواوی لە بازاڕی نەوتی جیهانیدا دەسڕدرێتەوە. نزیکەی ٢٠ لەسەدی هەموو بازرگانی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت، کە ئێران دەتوانێت دایبخات. نرخی بیمە بۆ کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان، و ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی ١٥٠ تانکەر لە کەنداو لە شوێنی خۆیاندا گیریان خواردووە.

لەم نێوەندەدا، لە پەکین، سەرۆک شی جینپینگ دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە سیستمە چەکەکانی چۆن بەرگەی چەکە ئەمریکییەکانی تایوان دەگرن، دوای ئەوەی بینی فڕۆکە جەنگییە دروستکراوەکانی ئەمریکا و موشەکە زیرەکەکان بە ئاسانی لە سیستمی دژە ئاسمانی ئێرانی (کە ڕووسیا دابینی کردبوو) دەرباز بوون یان تێکیان شکاندن و زۆربەی نوخبەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیان لە ماڵ و نووسینگەکانیاندا تیرۆر کرد. ڕەنگە ئەم هەفتەیە هەفتەیەکی باش نەبێت بۆ داگیرکردنی تایوان، یان تەنانەت هەفتەی داهاتووش.
بەڵام ڕەنگە هەفتەیەکی باش بێت بۆ پەکین کە سەیری هەموو ئەو خەڵکە ئێرانییە بکات کە خۆبەخۆ لە شەقامەکاندا سەما دەکەن بۆ ئاهەنگێڕان بەبۆنەی مردنی خامەنەیی و لە خۆی بپرسێت ئایا دەبوو کۆماری گەلی چین بە کڕینی نەوت لە هەموو ئەو ساڵانەدا پاڵپشتی ڕژێمەکەی کردبایە. ڕەنگە دەبوایە لە بەرەی گەلی ئێران بوایە.

زۆر زووە بۆ پێشبینیکردنی ئەوەی ئەم جەنگە چۆن کاریگەری لەسەر دوو هەڵبژاردنی چارەنووسساز دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٦ ، یەکێکیان لە ئیسرائیل و یەکێکیان لە ئەمریکا.

بۆ ترەمپ ئەمە سادەیە. ئەو نایەوێت پێش هەڵبژاردنە مامناوەندەکانی تشرینی دووەم وشەی "زۆنگاو" (Quagmire) لە هیچ مانشێتێکدا ببینێت کە ناوی ئەوی تێدا بێت. سەبارەت بە ناتانیاهۆ، دەتوانم وێنای ئەوە بکەم کە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات بۆ ئەوەی ڕوخانی ڕژێمی ئێران بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات بەکاربهێنێت. بەڵام سەرکەوتن بەسەر ئێراندا دەکرێت سیاسەتەکەشی ئاڵۆز بکات. ناتانیاهۆ شکستی سەربازی کورتخایەنی بەسەر حەماس، جیهادی ئیسلامی، حزبوڵا و ئێراندا تۆمار کردووە، بەڵام نەیتوانیوە یەک دانەیان بۆ دەستکەوتی دیپلۆماسی یان سیاسی درێژخایەن وەربگێڕێت. بۆ ئەوەی ئەم کارە بکات، پێویستە ڕازی بێت بەوەی جارێکی دیکە لەسەر بنەمای چوارچێوەی دوو دەوڵەت بۆ دوو گەل دانوستان لەگەڵ فەلەستینییەکان بکاتەوە.

دەرفەتەکە بۆ ئیسرائیل دەکرێت گەورە بێت: ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێنرێت یان بێ دەسەڵات بکرێت، گومانم نییە کە سعودیە، لوبنان، سوریا، عومان، قەتەر، کوەیت و ڕەنگە تەنانەت عێراقیش زۆر ئاسوودەتر بن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، بەو مەرجەی ناتانیاهۆ غەززە یان کەرتی ڕۆژئاوا نەخاتە سەر ئیسرائیل، بەڵکو لەبری ئەوە ڕازی بێت بە پلانێک بۆ جیابوونەوە و چارەسەری دوو دەوڵەت. ئایا ناتانیاهۆ ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە؟ ئایا دەنگدەرانی ئیسرائیل سزای دەدەن ئەگەر وا نەکات؟

بەڵام با زۆر پێش ڕووداوەکان نەکەوم. پێشبینی دەکەم تا ڕۆژی چوارشەممە لانیکەم سێ خاڵی دیکە لە مێشکمدا کێبڕکێ بکەن بۆ ئەوەی لەم دۆخە تێبگەم، چونکە ئەمە ساتێکی ئێجگار "لاستیکی" (شێوەگۆڕ) و پێشبینینەکراوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەوەتەی شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ـ ڕویداوە. ئێستا هەموو شتێک — و پێچەوانەکەشی — ئەگەری ڕوودانی هەیە.



PM:04:28:02/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی