کەوتنی ئێران و هیلالی کوردی

‌دلێر محەمەد نوری

ئەوەی باسی دەکەم لێرە نە کەس ئەتوانێ نکۆڵی لە پەیدابوونی بکات و نە کەسیش ئەتوانێ پێشبینی کاتەکەی بکات. هێندە دەزانم کە هیلالی کوردی "مانگی یەک شەوەی کوردی" لە گەڵ کەوتنی ئێراندا لە سەرزەوی لە دایک دەبێت. جا یان خۆمان بە هەوری ڕەشی پەرتەوازەیی و ناکۆکی پەردەپۆشی ئەکەین یاخود بە دڵێکی ساماڵی پاکژی نشتیمانیانە و کوردانە، پتەوی دەکەین و ئاستەنگەکانی بەردەمی هەڵئەگرین.

بە کەوتنی ئێران:
١-ئێرانی نوێ پەرتەوازه و لاواز ئەبێت، ئەگەڕێتەوە دۆخی ساڵانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٠. ئەو کات سەر نەدەپەرژایە سەر دەست وەشاندن لە هێزە کوردییەکان کە کوردستانیان ئازاد کردبوو. خۆ گەر کورد باشتر ئامادە بووایەوە نەچووبایەتە ژێر هەژموونی شۆڕشی ئیسلامی و خیانەتی ناوخۆییش نەبووایە، دەکرا ئەو دابڕانە دوورودرێژەی شۆڕش و خاک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی نەدایە. ئەم مێژووە زۆر گرنگە وانەی لێ وەربگیرێ و دووبارە نەبێتەوە.

٢-عێراقی شیعی، بە کەوتنی ئێران لاواز و هەتیو ئەکەوێت. ئیتر ئەو شیعە بەهێزە لە بەردەمی کورددا ناوەستێ و کوردستانی باشور هەم ئەتوانێ هاوکاری برایانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بێت و هەمیش ئەتوانێ کار بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە لە دەست چووەکانی دوای ڕیفراندۆم بکات.

٣-تورکیا ڕاڕا و شپرزە و ترساوە لەوەی بە کەوتنی ئێران، پارچەیەکی دیکەی کوردستان دەکەوێتەوە دەستی کورد و ئەم پارچەیەی کوردستان خاوەنی درێژترین سنوری کراوەیە لە گەڵ هەرێمی کوردستان. ئیتر تواناکانی تورکیا لەو ئاستەدا نامێنێت کە پیلان لە دژی پارچەی سێیەمی کوردستان دابڕێژی لە کاتێکدا لە پیلان داڕێژی دژی ڕۆژئاواش لە پاشەکشەدایە.

٤-سوریا خۆی لە بەردەم جۆرەهاهەڕەشەیە و گەر جگە لە پاڵپشتی کوردانی باشور و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتیش بە ئازادی ببنە هاوپشتی ڕۆژئاڤا هێندەی دیکە تواناکانی سوریا لە قاڵب دەدرێ لە دژی کورد.

بە لە بەرچاوگرتنی ئەم چوار خاڵە و تەماشاکردنی سنوری دەستکردی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەک و باشور و ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەکی تر دەگەینە چەند خاڵێکی بەهێزی کوردی کوردی، لە بەر دوو هۆکاری سەرەکی:

یەکەم: ئەو سنورە دەستکردەی کە لە نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کێشراوە نزیکەی ٩٠٠ بۆ ١١٠٠کم ئەبێت. ئەم سنورە خەیاڵییە لە گەرمیانەوە درێژ ئەبیێتەوە تا ناوچەی بادینان و دهۆک. لە یەکەم ساتی کەوتنی ڕژێمی ئێرانەوە، ڕاستەوخۆ شارەکانی خانەقین و جەلەولا و قەرەتەپپە و کەلار و کفری و دەربەندیخان و هەڵەبجە و قەسرشیرین و سەرپیل زەهاو و گەیلان غەرب و پاوە و جوانڕۆ مەریوان لە سنوری گەرمیانەوە لە هەردوو دیو تێکەڵ دەبنەوە.

لە سنوری شاری سلێمانیشەوە سەی سایەق و پێنجوێن و قەڵادزێ و ڕانیە وحاجی هۆمەران تێکەڵ بە شارە دەستەخوشکەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات لە سنە و سەقز و بانە و سەردەشت و بۆکان دەبنەوە.

لە سنوری شاری هەولێر و بادینانیشەوە سۆران و چۆمان و ڕەواندوز و ئامێدی و زاخۆ تێکەڵ بە دەستەخوشکی ڕۆژهەڵاتی وڵات شنۆ و نەغەدە و پیرشار دەبنەوە.

دووەم: ئەو سنورە دەستکردە خەیاڵییەی لە نێوان باشوری کوردستان و ڕۆژئاڤای کوردستان نەخشێنراوە، کە بە نزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠کم درێژ دەبێتەوە.ئەم سنورە لە مێژە لە ژێر ڕکێفی کورداندایە لە هەردوو لاوە.

ئەمڕۆ ئەگەر خۆمان سنورە دەروونی و بەرژەوەندی خواز و فشاری داگیرکەران وەلا بنێین ئەوا شارەکانی شەنگال و سەنان و خانسور گوندەکانی قەحتانیە لە گەڵ شەدادیە و گوندەکانی باشوری حەسەکە و زومار و ناوچەکانی ئێلی ئێزدییان و دێرک و سەری کانی و قامشلی و دهۆک و باتۆف و عامودا و فیشخابور و زاخۆ هیچ جۆرە بەربەستێک لە تێکەڵبوونەوەیان نەماوە.

هەر دوێنی و لە سەروبەندی ڕووداوەکانی ئەم دوواییەی ڕۆژاڤا، ئەوانەی دروشمی یەکە یەکە کورد یەکە و ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتە کوردستان یەک وڵاتە و ٢+٢ ناکاتە چوار دەکاتە یەک-یان دەووتەوە، خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستان و کوردانی تەواوی جیهان بوون.

ئەو گەرێلایەی کە خەڵکی باکور و لە قەندیلەوە خۆی گەیاندە مەخموور و شەنگال و ڕۆژئاوا بۆ خەبات لە دژی داعشەکان و ئەو یەکێتییەی لە هەشتاکانی خوێنی خۆی لە ڕۆژهەڵات بەخت کرد دژی ئەم ڕژێمی ئاخوندەی ئەمڕۆ و ئەو ڕۆژهەڵاتییەی لە کەرکووک دژی شیعە خوێنی بەخشی و ئەو خۆبەخشانەی کەرکوک و هەولێر و سلێمانی کە خۆیان گەیاندە ڕۆژئاڤا...هەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەوەن کە گەلی کورد یەک گەلە بەڵام...
ئەرکێکی مێژوویی و نشتیمانی گەورە کەوتۆتە ئەستۆی سەرجەم حزب و سیاسی و سەرکردەکانی کوردی هەر چوارچوار پارچەی کوردستان کە لە سەر یەک ستراتیژ و یەک بنەمای نەتەوەیی و بەرژەوەندی نشتیمانی کار بکەن. دەنا کورد نە کاتی ماوە بە فیڕۆی بدات و نە پشت و پەنای ڕاستەقینەی هەیە جگە لە خۆی.

ئەمڕۆ باشور بووە بە چەقی پاراستنی ئەم یەکبوون و گرێدانەی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە. هەر بۆیە ئەرکی گەورە و لە مێژینە ئەکەوێتە ئەستۆی هێزەکانی باشور بەر لە ڕۆژئاڤا و ڕۆژهەڵات. هەر بۆیە لە پێناو ئەوەی هیلالی کوردی پێک بێت و ببێ بە هێزێکی یەکانگیری پتەوی پشت ئەستوور بە جەماوەری فراوانی گەلی کوردستان، پێویستە هەنگاوی یەکەم لە لایەن حزب و سەرکردە و هێزەکانی باشورەوە بنرێت.

پێویستە گیانی ئاشتەوایی بگێڕنەوە بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵک و لێبوردەیی بنوێنن بەرانبەر بە کۆمەڵانی خەڵکی بە تایبەتی بێ لایەن و چالاکوان و زیندانیانی سیاسی. پێویستە هەرچی زووە دەست لە گەندەڵی سیاسی و دارایی و پاوانخوازی هەڵبگرن. پێویستە دەستی دەرەکی لە نێوخۆی هەرێم له لایەن هەموو هێزەکانەوە بە کۆتابێت و کۆمەڵگای کوردستان بە ڕاستی ببێ بە کۆمەڵگایەکی دیموکرات و تەکنۆکرات. یەکێتی و پارتی دەتوانن ببن بە پاڵپشتی ڕاستەقینە بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاڤای کوردستان لە یەک کاتدا و ببن بە پردی گرێدانی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاڤاوە و ببن بە ناوکی پێکهێنانی هیلالی کوردی و سەرتایەکی باش بۆ هەنگاونان بەرەو یەکگرتن و سەربەخۆیی کوردستان. یاخود هیچ نەبێ خاوەن جۆرێک لە فیدراسیۆن لە نێوان ئەم سێ پارچەیە و دواجار لە گەڵ باکوری وڵاتیشدا.


AM:10:12:01/03/2026

ئه‌م بابه‌ته 324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی