ئەمە حیكایەتەكەیە

‌ره‌حمان غه‌ریب

ئیتر ئەمە مریشك و كەڵەشێر و قەل و قاز و مراوییە و نەخۆش دەكەوێت، دەرمانی دەدرێتێ، گەر بە ناوی "ئازادی بازاڕ" بازرگانی چاوچنۆك دەست بەسەر بازاڕەكەیدا بگرێت، رەنگە دەرمانەكەش هەر خۆی نەخۆشی بێت، ئیتر بۆ بەمە "داینەمۆی ئیقتیسادی كوردستان" پەكخرا؟ 

ئەگەر خاوەن پەلەوەر زەرەری كردوە با حكومەت قەرەبوویان بكاتەوە چونكە وەزارەتی كشتوكاڵ لە بەیانەكەیاندا جەختیكردۆتەوە لە"بەكارهێنانی جۆرێك لە دەرمانی قەدەغەكراو لەلایەن چەند كەسێك، كە بەسزای یاسایی خۆیان گەیەنراون و رێكاریان بەرامبەر گیراوەتە ‌بەر"، میدیا كە روماڵی ئەمە بكات، بۆ دەنگی نەشازە؟
كێ دەرمانەكەی هێناوە؟ چەند تەنی هێناوە؟ چۆن فرۆشراوە؟ كام بازرگانە هاوردەی كرد؟ پێش ئەوەی مریشك فرۆش سزا بدرێ بزانن كێ ژەهرەكەی هاوردە كردوە ئەوە سزا بدەن.

ئەمریكا ساڵی پار بە هۆی پارچە كانزا مەترسیدارەكانەوە زیاتر لە دوو ملیۆن كیلۆگرام مریشكی بەستووی لە بازاڕەكانی ئەمریكا كۆكردەوە، كۆمپانیای فرۆشیار نەیووت "خۆمان مریشكەكە دەخۆین كەواتە سەلامەتە"، ماڵی قەڵب سەر بە ساحێبێتی و تەواو.

ساڵی 2011، ئەڵمانیا فرۆشتنی گۆشت و هێلكەی پەلەوەری لە 4700 كێڵگەی پەلەوەردا ڕاگرت. ئەم كێڵگانە تێكەڵەی خۆراكییان بەكاردەهێنا كە گومانی لێ دەكرا ببێتە هۆی شێرپەنجە، پێشكەشكارێك نەیگەیاندە مریشكە رەشە و بڵێت" برایان مەسەلەكە ئەمنی قەومییە" و موئامەرە لە مریشكی ئەڵمانی كراوە.

لە كۆتایی 2024، لە هۆڵەندا كێڵگەیەكی پەلەوەر لەخۆهەڵاتی وڵاتەكەیان پەتایەك بڵاوبووەوە. حكومەت داوای لە هەموو كێڵگەكانی پەلەوەر كرد بۆ كەمكردنەوەی مەترسی گواستنەوەی بۆ كێڵگەكانی دیكە: پەلەوەرەكانیان كەرەنتینە بكەن. نەهاتن بەرنامەی بۆ بكەن بڵێن كیڵگەكان " خەڵكی لە خواترس كاری تیا كردوە" هەقە بخورێت. 

هەر ساڵی رابردوو 2025 وەزارەتی كشتوكاڵی فەرەنسا لە بڕیارێكدا كە لە ڕۆژنامەی فەرمی خۆیدا بڵاوی كردووەتەوە، ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی ئاستی ئاگاداركردنەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەی بۆ "باڵا" بەرزكردووەتەوە، دەزگای میدیا نەهات بەرنامە بكات بڵێت " ئەمە خۆراكی سەر سفرەی خەڵكە" دەبوو زانیارییەكە بشارنەوە.

هەمان ساڵ دەسەڵاتدارانی سوید بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندەیان لە كێڵگەیەكی باشووری وڵاتەكەیان راگەیاند دەستەی كشتوكاڵی سوید بریاریدا كە مریشكەكان لەناو ببرێن، ئیتر نە شاردیانەوە، نە ووتیان " رەمەزانە با ئەو مریشكانە ساغبكرێتەوە"

بە ملیۆنان هێلكە لە دوكان و كۆگاكانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا و بەلجیكا وەرگیراون، دوای ئەوەی دەركەوت كە ڕێژەیەكی بەرزی قڕكەری ژەهراوی تێدایە، كەس نەهات بڵێت "ئەمە دەنگی نەشاز و سیناریۆیە دژ بە بەرهەمی ناوخۆ" 

چەند رۆژێك لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسی لە شاری سلێمانی، زیاتر لە 700 كیلۆ، كریستاڵ، تلیاك، حەشیش، مەریوانە، هیرۆین، كیبتاگۆ، شادانە، خشخاشی لە بەردەم كامێرای رۆژنامەنووسان سوتاند، خۆ دەیانتوانی بە ناوی ئاسایشی نەتەوەیی بیشارنەوە، بەلام ئەمەیان نەكرد، دەستیانخۆش بێت. ئێ كە ئەم ژەهرانە لەو دیو سنوورەوە بێن، ئاساییە (فیوراڵتادۆن) یش بێت.

هەر بە هەوڵی ئەوانیش ئەو (فیوراڵتادۆن) قەدەغەكراوە ئاشكراكرا، كە هەندێ خاوەن كێڵگەی پەلەوەریی ویستوویانە بەكاری بهێنن، قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت: ژمارەیان 18 كەسە، بە نیازبوون بەكاری بهێنن، بەڵام بەرهەمەكانیان نەچووەتە سەر سفرەی خوانی هاوڵاتیان، ئێ ئەوە چیرۆكەكەیە و نرخی مریشكیش هاتە خوار، یانی هەندێ میدیا دەیەوێت مافی ئەوەمان نەبێت كە بزانین چی دەخۆین؟


PM:10:28:27/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی