لە تێکۆشانەوە بۆ ئینتیگراسیۆن

‌زەردەشت ئەحمەد

ئەمڕۆ 27 شوباتی 2026 عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامێکی مێژووییدا کۆتایی ستراتیژیی خەباتی چەکداریی پەکەکەی ڕاگەیاند و وەرچەرخانی بەرەو (ئینتیگراسیۆن)لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند.

گرنگترین ئەو خاڵانەی لەم پەیامەدا پێچەوانەی هزر و پراکتیکی باوی پەکەکەن ،ئەمانەن:

1- پرسی (ئینتیگراسیۆن) بە زمانی خۆمان تێكەڵ بوونەوە لەگەڵ كۆماری توركیا.
پەکەکە لە ڕابردوودا لەسەر بنەمای (جوداخوازی)یان "کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک" (وەک سیستمێکی هاوتەریب یان جیاواز لە دەوڵەت) کاری کردووە. ئۆجەلان لێرەدا دەڵێت وەرچەرخان بەرەو یەکگرتن (ئینتیگراسیۆن) لەگەڵ کۆمار، ئەمە بە واتا سیاسییەکەی یعنی قبوڵکردنی چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەی تورکیا بە شێوەیەکی تەواو کە پێشتر پەکەکە وەک (داگیرکەر)سەیری دەکرد.

2-کۆتاییهێنان بە ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری.
هەتا ئێستاش لە ئەدەبیاتی پەکەکەدا (جەنگی گەلی شۆڕشگێڕیی)وەک کۆڵەکەی تێکۆشان دەبینرێت. ئۆجەلان لێرەدا دەڵێت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ستراتیژیی تێکۆشانی چەکداری ،تەنها ڕەتکردنەوەیەکی فەرمی نییە، بەڵکو وەرچەرخانێکی دەروونییە، ئەمە ڕاستەوخۆ دەستبەرداربوونە لەو ئامرازەی کە پەکەکە ٤٠ ساڵە شەرعییەتی خۆی لێ وەردەگرێت.

3- ستایشی ئیرادەی ئەردۆغان و باخچەلی
لە کاتێکدا میدیاکانی پەکەکە و کەجەکە بەردەوام ئەردۆغان و باخچەلی وەک (فاشیست)و دوژمنی سەرسەختی کورد وێنا دەکەن، ئۆجەلان لێرەدا بە (بەڕێز) ناویان دەبات و دەڵێت ئیرادەی ئەردۆغان و بانگەوازەکەی باخچەلی بە گرنگ دەبینم، ئەمە پێچەوانەبوونەوەی تەواوی ئەو گوتارەیە کە ئێستا لە قەندیلەوە دەبیسترێت.

4-جەختکردنەوە لەسەر تورک بێ کورد و کورد بێ تورک نابن
ئەم رستەیە زیاتر لە گوتاری (برایەتی گەلان)ی ناو دەوڵەت دەچێت نەک گوتاری ڕزگاریخوازی نەتەوەیی. ئۆجەلان دەیەوێت بڵێت چارەنووسی هەردوولا لە ناو یەک قەوارەدا (تورکیا) گرێدراوە، ئەمەش لەگەڵ تێزی "کوردستانی سەربەخۆ" یان تەنانەت "خۆبەڕێوەبەریی یەکناگرێتەوە.
لێرەدە پارچەكانی دیكەی كوردستا لە چوارچێوەی پەكەكە هیچ پێگەیەكیان نامێنێت صفر بە دەست دەمێنەوە.

5- قبوڵکردنی سەروەریی یاسای دەوڵەت
پەکەکە هەمیشە هەوڵی داوە یاسا و دادگای تایبەت بە خۆی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یان لە ناو ڕێکخستنەکانیدا هەبێت، بەڵام ئۆجەلان لێرەدا باس لە سەروەریی یاسا و دەوڵەت دەکات وەک مەرجەع، کە ئەمە دانپێدانانێکی تەواوە بە دامەزراوەکانی تورکیا.

بە کورتی

ئەم پەیامە زیاتر لە پڕۆژەی (نەتەوەی دیمۆکراتیک)دەچێت کە تێیدا کورد وەک بەشێکی تەواوکەری تورکیا دەبینرێت نەک وەک نەتەوەیەکی خاوەن قەوارەی سیاسی سەربەخۆ یان نیمچە سەربەخۆ. ئەمەش زۆرجار لەناو باڵە توندڕەوەکانی ناو پەکەکەدا وەک "تەسلیمبوون یان پاشەکشەی گەورە" دەبینرێت.


PM:01:42:27/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 92 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی