کەلتوری سەفەر
د. ئیسماعیل عوسمان
گێڕانەوەیەکی زارەکییە بۆ سەفەری نەوەیەک بەرەو دیاسپۆرادا
د. ئیسماعیل عوسمان
دەستپێک
لەکاتی ئیشکردندا بووین، ئارۆسی هاوڕێ کامێرامان، کە زۆربەی کات پێکەوە کاردەکەین، وتی" دکتۆر ئەو کتێبەی تازەی خۆمان سپۆنسەرمانکرد بۆم هێناویت، دەڵێن کتێبکی باشە" بینم کتێبەکە بیرەوەرییە بەناونیشانی (سەفەر لە ترپەی پێی ماچێکدا)، لەنوسینی (فەرهاد سەلام)، منیش سوپاسمکرد و لێم وەرگرت، ئەو کاتەی گەڕامەوە ماڵەوە، وەک عادەتی هەمیشەی خۆم کە کتێبکی تازەم بەردەست دەکەوێت، یان بۆم دێنن، سەیری هەندێک بابەتی دەکەم، کورد وتنەی "مەزندەی دێتە دەستم" ، کە بزانم باشە بۆ خوێندنەوە یاخود نا، کات یەکەم رۆژی رەمەزانە کەمێکیش ماندوبووم.
چاوم چووە سەر ئەو شوێنەی کە پەتی کتێبەکەی تێدا دانرابوو، لەدوای ناوەڕاستی کتێبەکەوە بوو، دەستم بەخوێندنەوە کرد، (بێرمەنگام) ئەو شارەی من هەمیشە حەزم لێیەتی، نازانم بۆ؟ لەبەر کچە چاو سەوز و سپی پێستەکانیەتی یان لەبر جوانی شارەکەییە، دیتم نوسەری کتێبەکە زۆر بەووردی و جوانی ملوانەکەی ئەدەبیات و شیعر و نوسینی هۆنیوەتەوە، وشە و دێرەکانی بەجۆرێک بوون هەستمکرد بەرکەوتنی راستەوخۆم لەگەڵ شوێن و کاتدا هەیە، دێڕ بەدێڕ لەگەڵ خۆیدا بردمی چەند چاپتەرێکم خوێندەوە، لە کەمپی پەنابەران بۆ دیواری بەرلین، لەوێ بۆنی ئەڵمانی رۆژهەڵات و رۆژئاوامکرد، لەوێشووە بۆ لای پەیکەرەکەی مارکس، پاشان بۆ خانووە کۆنەکانی ئەوشارانەی کە هێشتا ئاسەواری جەنگی جیهانیان تێدا ماوە، فارسی وتەنی بڕیامدا بگەڕێمەوە (سرخط خبرها)، بەڵام پاش پشوویەک بۆتان باس دەکەم.
موسافیر وەک دیمەنی کامێرای وێنەگر
ئەوەی لە کۆی گشتی نوسینەکانی ئەم نوسەرەدا دەبینرێت، دیمەنی گێڕانەوە و شێوازی وێنەگرتنی شوێنەکان، ئەدەبیاتی نوسینەکەیە، زوومی کامێرا دەبێتە قەڵەمی نوسەر و فرێمی وشەکانی دیمەن بە دیمەن لەگەڵ خۆی دەتبات، بۆ ئەوسەری دونیا، سەرنج راکێشتی لەشێوازی وشەو دەبڕین و رستەکاندا بەجۆرێکە بۆن و بەرامی هەموو ئەو شوێنانە دەکەیت کە نوسەر وەک موسافیرێکی گەڕیدە پێدا گوزەری کردووە، دیمەنه تاڵ و شیرینەکانی رۆژگاری غەریبی مرۆڤەکان لەناخی نوسینەکەیدا بەرجەستە دەکەیت.
خەیاڵی خوێنەر لەو جێگایە پشوودەدات کە ئەو سەرخەوێک دەشکێنێت، یان پشوێکی کورتی دەدات، هەست دەکەیت سیناریستی فیلمێکی دیکۆمێنتارییە، سات بەسات فرێمی کامێرا، جوڵە و لۆکەیشن و ئاکتینی ئەکتەرەکانی بەجۆرێکە ناتوانیت گرتەکان بەجێ بهێڵیت، هەندێکجاریش فلاش باکی بیرەوەریەکانی ئاوڕدانەوە لە سلێمان و کانێسکان و منداڵانی گەرەک.
نەوەیەک لەشوێنەوە بۆ ناشوێن
ئەم کتێبە جۆرێکە لە نوسینی ئەتنۆگرافی کە پشت بە گێڕانەوە و سەرنجێکی وردی نوسەر دەبەستێت، خوێنەر لەرێگای وشەکانەوە بەرکەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ هزری نوسەردا دەبێت. ئەوەی لەم کتێبەدا دەبینرێت، نوسین و پێکەوەگرێدانی ووشە و تەکنیکی گێڕانەوەکەیەتی، ئەو تەنها بیرەوەری خۆی ناگێڕێتەوە بەڵکو بیرەوەری نەوەیەک دەگێڕێتەوە کە (لەساڵانی نەوەدەکان)ی سەدەی رابردودا، لە ترس و نائومێدبوون لە جەنگ و شەڕی براکان لە کوردستان هەڵهاتن و چوونەتە دیاسپۆرا، دەکرێتە بوترێت (بیرەوەریەکی دەستەجەمعییە).
بیرەوەی نەوەیەک لەتورکیا دەبێنە شاگردی غەسل و ریستۆرانت و ئۆتێلەکان، هاوکات مامەڵەی نامرۆڤانەی خاوەنکارەکان، پێدان یان پێنەدانی حەقی کارکردن، پاش پشوودانێک لەوێ کۆکردنەوەی بڕێک پارە، بەختی خۆیان تاقیدەکەنەوە دەیدەنە دەست شەپۆلی ئاوەکان بۆ یۆنان، لەوێشەوە لەرێگای شەمەندەفەرەکانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
لەم گێرانەوەیەدا دیمەنێک زۆر هەستی خوێنەر بریندار دەکات، ئەوکاتەی فەرهاد لەرێگادا بەجێ دەمێنێت لەنێوان (تورکیا و یۆنان) ، هەوڵێکی زۆر دەدات لەسەر رێگای شەمەندەفەرێک خۆی دەبینێتەوە، ناچار پەنای بۆدەبات، بەجلو پێڵاوێکی قوڕاوی و جەستەیەکی ماندووە خۆی دەخاتە بەردەم شەمەندەفەرەکە، کاک گارۆسن پەلیدەگرێت دەخاتە فارگۆنی کۆتای شەمەندەفەرەکە، سەرنشینی ناو شەمەندەفەرەکە (پیاوێک سەر ماشوبرنجییە خەریکی نوسینە) دەبێتە فریشتە فریادرەس لە برسیەتی و مەرگ رزگاری دەکات، ئەو دەڵێت:"...کابرا بەچاوێکی بەزەیەوە سەیریکردم و رۆشت، پاش ماوەیەک هاتەوە، لەفەیەکی گەورەی بۆهێنام لەگەڵ کۆفییەکی سارد، بە ئاماژەی پڕ بە زەیی وتی: بیخۆ، منیش دەتوت لە دەمی سەگ بەربووم، هەموویم خوارد، زانینی برسیمە چوو جارێکی دیکە هەندێک بسکیت و شەربەت و شیرینی تری بۆهێنام، بە ئیشارەت وتی بیخۆ ترست نەبێت..." دوای گەیشتنی بە وێستگەکە کچێکی چاو رەشی قەترانی پێشوازی لێدەکات، کچە تێدەگەیەنێت ئەمەچ مرۆڤێکی بەدبەختە! جلوپێڵاوێکی قوڕاوی لە پێدایە، کچەکە دەچێت تەوقەیەکی لەگەڵ دەکات و زەرفێکی نانخواردن، برێک پارە کاغەز دەداتێ لەگەڵ مەعشوقەکەیدا، تکتی ئەسینای بۆدەبڕن، پاشان باوەشی پێدادەکەن و خواحافیزی لێدەکەن. وەک خۆی دەڵێت ئەوکات هەستمکرد (مرۆڤگەلێک هەن بۆساتێک هەستی مرۆڤبونیان لەناخیاندایە).
نوسەر لەرێگای نوسینەکانیەوە لەگەڵ خۆی دەتبات چرکە بەچرکە بەجێتنایەڵێت، دیمەنی تاڵ و شیرینەکانی نەوەیەکی خێر لەخۆی نەدیوی سەدەی رابردوودا پێدەناسێنێت، کە لە شوێنەوە بۆ ناشوێن دەچێت، دەیەوێت کەشتی بەختی لەوڵاتگەلێکی غەریبی لەنگەر بگرێت. لەماوەی سەفەردا لە نێوان وڵاتانی (تورکیا، ئەسینا، ئەڵمانیا، دانیمارک، سوید)، بەرکەوتنی لەگەڵ چەند نەتەوەی جیاواز دەبێت، بەڵام کەلتوری کوردی دەبێتە بەشێک لە زمانی گێڕانەوەکەی کە هەندێک باش و هەندێکی دیکە بە خراپ وەسفی دەکات، وەک خۆی دەڵێت جوانترین شتێک کورد هەیەتی لە ناشوێن دا ( هەمیشە لەکاتی تەگانەدا یەکگرتوون).
بەدیاری بورجی ئیڤڵەوە منیش ئێشگربووم
لەم بەشە نوسەر بەجۆرێک وەسفی پاریسی کرد، هەستمکرد لە بەردەم بورجی ئیڤیل دانیشتم و شەوێک ئەستێرەی بەختم لەوێ لەنگەری گرتووە، دیمەنی هەموو ئەو گەشتیارانەی کە لەوێ وێنەی یادگارییەکان دەگرن، کوڕان و کچانیش ماچی خۆشەویستی دەگۆڕنەوە، لەپاڵ ئیڤڵدا گروپێکی سەرشەقام موزیک دەژەنن، بەدیاری شەمعی ئەو دەنگە موزیکەوە، هەموو پەروانەکان بەدەوری خاڵیاڵمدا گوزەردەکەن. هەموو خەڵکەکانیش بە دەنگی و رەنگی جیاوازەوە لەو نمایشی کەلتوری خۆیان دەکەن.
هەموو نەتەوە و زمانەکان لەوێ دەکەون گفتوگۆکردن لەگەڵ یەکتر، دەستەدەستە هەموو ئەو کوردانەی کە دەیانئەوێت بەرو وڵاتێکی دیکە سەفەر بکەن، لە فەرەنسا یەکدەگرنەوە پاشانیش بلیتی شەمەندەفەر دەبڕن و بەرەو ناشوێنکی دیکە سەفەر دەکەن.
لەکۆی خوێندنەوەی یادەوەریەکاندا نهێنیەکی سەیر هەست پێدەکرێت، هەندێکجار تەزویەکی سارد و دڵێکی پڕ لە غەم روبەڕوت دەبێتەوە، هەندێک جاریش هەستێکی شادومانی سەرەپای جەستەت داگیردەکات، بەڵام لەوە تێدەگەیت کەلتوری سەفەر لە شوێنەوە بۆ ناشوێنە چەندە سەخت و قورس و پڕ لە مەینەتە.
هەواڵی دەستگیرکردنی ئۆجەلان لە کوردستان نوێ
نوسەر و توشی چەندین چەرمەسەری ژیان دەبێت بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری لە (ئەڵمانیاوە بۆ دانیمارک و لەوێشەوە بۆ سوید پاشان بەپێچەوانەوە)، ئەوکات لە زیندانی سوید دەبێت، بۆ یەکەمجار هەواڵی دەستگیرکردنی ئۆجەلان دەبیستێت لەسەر شاشەکان، پاشان دەگەڕیتەوە سەر ئینتەرنێت هەواڵەکە لە سایتی (PUK.COM) لە کوردستانی نوێدا دەخوێنێتەوە، هەر لەوێشەوە ئاگاداری ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتیەی کوردان دەبێت لەوڵاتانی رۆژئاوا دژ بەو دەستگیکردنە.
PM:03:56:21/02/2026
ئهم بابهته 240
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی