باکووری کوردستان؛ لە شێخ عەبدوڵباری کووفرەڤیەوە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان
سلێمان مستەفا حەسەن
(١)
تورکیای کەمالیستەکان، تورکیای تۆرانیەکان، بۆ ماوەی ١٠٣ ساڵ فۆبیای کوردیان هەیە، هەموو ڕێگایەکیان گرتە بەر بۆ دژایەتی کردنی مافەکانی گەلی کورد، ڕێکەوتنی لۆزان لە هزرو بیری کورد ڕێکەوت و ڕێکەوتنێکی شوومە بە درێژایی ئەو ماوەیە تا ئەمڕۆ کورد باجی لێکەوتەکانی ئەو کارەساتە مێژووییە داوە، بەڵام بۆ تورکیای ئەوێ ڕۆژێ گەورەترین سەرکەوتن بوو لە دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و لێکەوتەکانی جەنگی جیهانی یەکەم.
لە ساڵی ١٩٢٣ تا ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا نکۆڵی لە مافی کورد کردوە، ترس لە ناسنامە و زمانی نەتەوەیی کورد، ترس لە یەکگرتن و خۆڕێکخستنی سیاسی کورد، لە هەر لە هەر چوار بەشی (باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات) بە کوردستانی سۆر) و هەر شوێنێکی سەر ئەم زەمینە، ترس لە گۆڕینی نەخشەی دەسەڵات و مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەی تورک، یەک زمان، یەک گەل و دەوڵەت.
ئەم فۆبیایە بەردەوام بووە لە وشەی کورد و کوردستان، خوێندن و چاند و زمان، دەستوور، یاسا، ئاسایش، فەرهەنگ و مێدیاو...
دەوڵەتی قووڵی تورکیا، قازانجی زۆر و زەوەندی نەبوو لەو سیاسەتەی پەیڕەوی لێوە کردووە لە ماوەی ١٠٣ ساڵ لە نکۆڵی کردن لە مافەکانی نەتەوەی کورد، لە هەمان کاتدا نەیانتوانی کۆتایی بە کورد و پرسەکەی بهێنن، چونکە پرسی کورد پرسی مافە، پرسی خاکە، پرسی یاسا و حەقانیەتە، ئەگەر دەست کەوتەکاتی دەوڵەتی تورکیا لە سیاسەتی نکۆڵی کردن لە مافی نەتەوەی کورد بیخەینە بەرچاو لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئەنجامەکان و دەست کەوتەکانی کەم و کاتی بوونە لە وانە؛یەکخستنی ناسیۆنالیزمی تورکی و داگرتنی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن وسیاسەتیبەکارهێنانی مەترسی کورد هەمیشە وەک پەیژەیەک بووە، بۆ درێژکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی قووڵ و ڕەگەزپەرستەکان، مافی بەکارهێنانی دەزگای ئەمنی و سەربازییان بۆ وەشاندنی زەبر و توندوتیژی، باری نایاسایی و نائاسایی. لەگەڵ سوودمەند بوونی دامەزراوەی سەربازی و دەوڵەتی قووڵ لە بیزنس و دەستەکەوەتە سیاسی وئابوورییەکان. بەڵام ئەزموون ئەوەی دووپات کردەوە لە ماوەی درێژخایەن، زیانی ئابووری بێ شومار، قەیرانی نێودەوڵەتی و قووڵبوونەوەی ناکۆکی ناوخۆی، بەهەدرەر دانی دارایی تورکیا، ملیۆنان قوربانی مرۆیی، و چارەسەر نەکردنی پرسی و کورد و بەردەوامی پرسەکە کە بووەتە خاڵی نەرێنی و لاوازی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
(٢)
ئەگەر لە ئێستاشدا تورکیا، ڕاستگۆ بێت لە پرۆسەی دانوستاندن و پەڕینەوە بۆ ئاشتی و ڕێکەوتن لەگەڵ کورد. لە ماوەی درێژخایەن، قازانجەکان زۆر گەورەن، ئاشتی ناوخۆیی و کۆتایی هێنان بە شەڕ، گەشەپێدانی ئابووری باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان)، دەست خستنی پێگەیەکی نایاب و ستراتیژی لە نێوان جیهانی عەرەبی، ئێران و ئەورووپا، باشبوونی وێنەی نێودەوڵەتی تورکیا، دەست خستنی قازانجی زۆر و زەوەندی ئابووری و کاریگەری ستراتیژی لەسەر پارچەکانی تری کوردستان، و بوون بە ئەندامێکی قبووڵکراوی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ و جیهان و ناوچەکە. بەڵام لەوە ناچێت زۆرینەی گەلی تورک و بیرمەندانی تورکیا بتوانن سنووری بەرژەوەندی و جیهانبینی کەمالیست و تۆرانیەکان و ڕەگەزپەرستەکان تێپەڕێنن و تورکیا بخەنە پێگەیەکی گەورە و دیار و خوازراو لەسەر ئاستی جیهان بەتایبەتی ئەورووپا.
لە ئێستادا چۆن لە دانوستاندنەکانی دەوڵەت (سەرۆکی مەهەپە و سەرۆکی ئاکەپە) لەگەڵ دەم پارتی و بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕوانین، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش، ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنی تورکیای بێ تیرۆر بڵاوکردەوە کە تێیدا مۆدێلێکی نوێ بۆ چەکدانانی پەکەکە و هەنگاوە دیموکراسییەکان بە ناوی مۆدێلی تورکیا پێشنیار کراوە.
کورتوڵموش جەختی کردەوە کە ئامانج بنیاتنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسادایە، نە لێبوردنی گشتی. هەروەها یەکگرتنی کورد، تورک و عەرەب بە وەڵامێک بۆ پیلانی هێزە دەرەکییەکان ناوبرد و گوتی پێویستمان بە دەستوورێکی دیموکراسی نوێیە، لەگەڵ گۆڕانکاری لە یاساکان. بابەت و پرسی باڵکێش لەناو ڕاپۆرتەکە بوونیان هەیە (دەستووری نوێ، مافی ژیان، هەڵگرتنی قەیووم،برایەتی گەلی کورد و تورک، هەمواری یاسای هەڵبژاردن و حیزبەکان) بەڵام ئەوە کۆتایی ڕێگاکە نییە دەبێت چاوەڕێ بین بە کردار بیسەلمێنن، زۆر زووە بڵێین ئەوە کۆتایی سیاسەتی١٠٣ ساڵەی نکۆڵی کردن و کۆتایی لۆزانە؟ چونکە سەرۆکی پەرلەمان لە ڕاپۆرتەکەدا جەختی لەسەرئاشتی (تورکیای بێ تیرۆری) کردەوە لێدوانەکان و شیکردنەوەی چەمکەکان و خوێندنەوە بۆ دەستە واژەکانی ناو ڕاپۆرتەکە جێگای پرسیار و تێڕامانن لە ئایندەدا، چونکە ڕاسپاردەکان لەناو زۆرینەی پەرلەمان ڕێچکە دەگرن و دەبن بە یاسا. مامەڵەکردنی دوێنێی تورکیا لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان گەواهی دەری ئەو ڕاستییەن.
لەگەڵ ئەوەشدا گەلەکەمان زۆر بە باوەڕبەخۆبوون دەستی داوەتە خەباتێکی ڕەوا و بەرخودانێکی بێ ماندبوون لەڕێگەی پرۆسەی ئاشتی و دیموکراسی بۆ ئەوەی پیشانی جیهانی بدەن کورد تیرۆریست نییە، بەڵکوو کورد نەتەوەیە، خاون ماف و خاکی خۆیەتی، لە ڕۆژانی ڕابردووش باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە دەرەوە ئەو ڕاستییەیان بۆ جیهان و بەتایبەتی بۆ تورکیا و هاو ئاوازانی دووپاتکردنەوە کە کورد، کوردە و کورد یەکە، کورد ئاشتی خوازە، خاون مافە، داننان بە مافی نەتەوەی کورد هەڕەشە نییە لەسەر ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری تورکیا و ناوچەکە.
لە قۆناغی ئێستادا تەواوی دەوڵەتانی ناوچەکە شایەتی ئەوە دەدەن کورد شەرخواز و تیرۆریست نییە، بەڵکوو جەنگاوەری ئازادی و ئاشتی و ئارامین. گرنگترین هەنگاوە بۆ وەڵامدانەوەی عوسمانیزمی نوێ،یەکڕیزی نەتەوەییە لەسەر بنەمای ماف و یاسا، نەتەوەیەکی خاوەن پرسێکی ڕەوا، درێژەدان بە لۆبیی کردن و بە نێودەوڵەتی کردنی کێشەی میللەتەکەمان و چڕ کردنەوەی کارکردن لە ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەورووپا، خالی باڵکێشن و هەرە لە پێشینە بەهێزکردنی مێدیا و سۆشیاڵ مێدیا و دیپلۆماسیی کوردە بۆیەکخستنیگوتاری کوردی و نیشاندانی کورد وەک هێزی ئاشتی، خاوەن ماف و سەقامگیری.
(٣)
قسەی کۆتایی و دەرەنجامی ئەم بابەتەمان ئەوەیە؛کێشەکە شەڕی کورد و نەتەوەی تورک نییە، شەڕە لەگەڵ دەسەڵاتداران و سیستەمیدەوڵەتی یەک نەتەوە و یەک زمان، کە دژی مافی فرە ناسنامە، فرە زمان و مافە. پەیامی بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە لە دیداری ١٦ی ئەم مانگەدا بە شاندی ئیمرالی ڕاگەیاند، کۆماری تورکیا لەسەر بنەمای یەکێتی کورد و تورک دامەزرا، بەڵام ئینکاری لێکرا، ئێستاش دەبێت ئینکاری کۆتایی پێ بێت و مافی یەکپارچەیی کۆمار بپارێزرێت. بەڵام دەبێت بە ئاگاییەوە دوێنێمان لە بیر بێت و بە ئاگایەوە مامەڵە بکرێت، لەم بارەیەوە شەهید ئاپێ مووسا عەنتەر لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا باسی دیداری خۆی دەکات لەگەڵ شێخ عەبدوڵباری کووفرەڤی، لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ یاشێخ دا، دەگێڕێتەوە و دەڵێت یاشێخ بە چاوی فرمێسکاویەوە باسی ئەوەی بۆ کردم چۆن لەگەڵ بەگ و ئاغەواتی کورد ئەتاتورکیان لە پەتی سێدارە پاراستووە، چۆن هاوکاریان کردووە بۆ ئامادەکاری و سەرخستنی کۆنگرەی ئەرز ڕۆم، دەڵێت کەمال ئەتاتورک بەڵێنی پێداین کە مافی کورد دەدەن، بەڵام لە لۆزان پشتی تێ کردین. بۆیە قسەکەی بەڕێز ئۆجەلان ڕاستە کۆماری تورکیا نەتەوەی کورد و تورک دروستیان کرد، بەڵام بەڵێنەکان بوون بە دژایەتی و نکۆڵیکردن. بۆیە دەبێت هەم قسەی شێخ عەبدول باریمان لە یاد بێت و هەم پەیامەکەی ئاپۆ.
دەبێت چەند بارە بپرسین هەر بەڕاست دەوڵەتی تورکیا وازی لە دژایەتی پرسی کورد نەهێناوە، ماوەی ١٤ ساڵە دژایەتی سەرسەختی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن، تا ئێستا ڕازینین نەتەوەی کورد وەک نەتەوەی تورک لەسەر مێزی خڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک گەلێکی خاون ماف و زمان و خاک لەگەڵ نەتەوەی تورک و عەرەب و فارس لەسەر یەک مێز دابنیشێت، ناکرێت گەلەکەمان پەیامی بۆ گەلی تورکیا و دەوڵەتی تورکیا نەبێت و خۆشباوەڕ بێت، گەلی کورد چاوەڕێی هەنگاویی کردەییە بۆ پرسی چارەسەری مافی ڕەوای کورد لە باکوور، لە ئازاد کردنی، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بەڕێز دەمیرتاش و تەواوی زیندانییە سیاسەکان دەست پێدەکات، شان بەشانی ئەوەش دەست کردن بە هەموارکردنەوەی دەستوور و داننان بە مافی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تر، بۆ ئەو ئامانجەش دەبێت کورد بەهێز بێت، یەکگرتوو بێت خاوەن پەیام بێت، کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان بە یەک دەنگ و یەک دەست لەگەڵ سەرکردایەتی گەلە کەیانبن لە باکوور، بۆ ئەوەی تورکیا ناچار بکرێت واز لە دوژمنایەتی کورد بهێنێت، لە بڕی دژایەتی و دوژمنایەتی، دۆستایەتی و هاوپەیمانیەتی هەڵببژێرێت. گەواهی و بەڵگە مێژووییەکان پێمان دەڵێن تا ئەم ساتە دەوڵەتی تورکیا فۆبیای کوردی هەیە و دوژمنی دوێنێمانە، چاوەڕوان دەکرێت بەیانی هەنگاوە کردەیەکان ئەوە ڕوون بکەنەوە کە بەڕاستی بەیانی جیاواز دەبێت.
لە ڕۆژانی داهاتوودا، کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان و ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە ئامادەبن بۆ پشتیوانی باکوور، بۆ پاڵپشتی لە ماف و دادوەری، مافی چارەی خۆنووسین. نەوەی ئێستا دەستەواژە ڕوخێنەرەکان، خۆ بەکەم زانین، کڕووزانەوە و زەلیلی، بەش خوراوی و داماوی پەسەند ناکات و وەلای ناون، قۆناغی ئێستا قۆناغی شەڕی ئاشتی و یاسا و ماف و هێزی نەرمە. سەرخستنی پرۆسەی دانوستاندن بۆ ڕێکەوتن و ئاشتی هەمیشەیی سەرکەوتن و برانەوە بۆ هەر دوو گەلی تورک و کورد مسۆگەر دەکات.
PM:01:56:21/02/2026
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی