بۆ تڕەمپ بەردەوامە لەهەڕەشە لەئێران بێ ئەوەی جێبەجێی بکات؟

‌توانا عوسمان

خەریکە ئێران و ناوچەکە چیتر لەهەڕەشەکانی ترەمپ ناترسن، چونکە زیاتر لەفشار دەچێت.

ڕونبۆتەوە کەترەمپ نایەوێت جەنگ بکات، نایەوێت ئەمەریکا لەجەنگێکی فراوان و تەماوییەوە بگلێنێت.

ترەمپ پیاوی گرێبەستەکانە، فشار و دەستێوەردانی دیاریکراو دەکات تا گرێبەستێک بەدەستدەهێنێت، وەک ئەوەی لەفەنزویلا کردی و وەک ئەوەشی ئەیەوێت لەگەڵ کوبا و ئۆکرانیادا بیکات.

تیمەکەی ترەمپ ئەزانن مەسرەفی جەنگی ئێران قورسە، ڕەنگە بەئاسانی ئاگری شەڕەکە دانەمرکێتەوە و تێچوو زیاتربێت لەدەستکەوت.

ئێران وڵاتێکی گەورەیە وا ئەبێت بە 94 ملیون کەس، ئەوروپیەکان و تورکیا ئەترسن لەحاڵەتی شەڕدا 5 بۆ 10 ملیۆن ئێرانی ئاوارەی خاکەکەیان ببێت.

ئێران 7 وڵات دراوسێیەتی سیانیان "تورکیا و ئازەرباینجان و ئەرمینیا" سنوریان بە ئەوروپاو و ناوچەی هەستیاری قەزوینەوەیە، هەروەها ئێران ڕێگرە لەهاتنە دەرەوەی توندڕەوی لەسنورەکانی ئەفغانستانەوە، ئەمە جگە لەوەی لەدورگەی عەرەبیدا سنوری ئاویی لەگەڵ ئیمارات و قەتەر و عەممانیش هەیە.

ئەمەریکا ئەگەر بیویستایە ئێران بڕوخێت، ساڵی پار هێرشەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕانەئەگرت و تا وێرانبونی لەگەڵی ئەڕۆیشت، بەڵام وادیارە ئەمەریکا حەز ئەکات شێری ئێران لەبێشەڵانەکەیدا بمێنێت بەڵام بێ دان و بێ نینۆک تاوەکو نیشانی سعودیەو ئیمارات و کوەیتی بدات و ئەوانیش وەک مانگای شیردەر "بەچەک کڕین" دادۆشێت.

ئەمە مانای ئەوە نیە ئێران خەمی نیەو ناچارنیە گرێبەست بکات، چونکە فشار و تەوقەکە بەجورێکە کەبۆ دانەڕوخانی ناوخۆیی، ئێران ناچارە گرێبەستێک بکات و ترەمپیش بڵێی شایەنی نوبڵی ئاشتیم.


PM:10:11:15/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی