مام جەلال و کۆمەڵەی خانەوادەی شەهیدان و ونبوەکان لەبەغدا

‌ئارام سەعید

لە دوای روخانی سەدام و ئەو گۆڕانکاریە گەورانەی روویاندا بەغدا شێواویەکی زۆری پێوە دیاربوو، گەران بەدوای حەقیقەتی روداوەکان و چارەنوسی بی سەروشوێنەکان لای خەڵکێکی زۆر ئەولەویەت بوون، ئەوکات بەرێوەبەری نوسینگەی کوردسات بووم لەبەغدا، بەردەوام دەگەڕاین بۆ بابەتی رۆژنامەوانی و ئەو دۆکیومێنتانەی لەپاش بەعس بەجێمابوون، بۆ کوردسات، رۆژێک سەردانی بینایەکم کرد کە لەبەغدا کە دۆکیومێنتەکانی شوعبەی پێنج- ی تیا کۆکرابۆوە کە یەکێک بوو لەشوێنە مەترسیدارەکانی ئەشکەنجەو زیندانی بەعس لە بەغدا. پەرش و بڵاوی زۆر و بلاوبونەوەی وەرەقەو قەرەباڵغی خەڵکی تیابوو کە بۆ دۆکیومێنت و چارەنوسی کەسوکاری شوێن بزریان پرسیاریان دەکرد. 

لەقاتی خوارەوەی بیناکە کاک سیروانی شەهید بەکری دارتاشم بینی لە ژوورێکی بچوکدا کە سەرقاڵی گەڕان بوو بۆ ئەو دۆکیومێنتانەی ئەمن کە لەسەر کورد بوون، بەتایبەتی ئەوانەی لەسێدارە درابوون و گۆڕەکانیان نەزانرابوو کە شەهید بەکری دارتاشی باوکی یەکێک بوو لەوانەی شوێن بزربوون، هەروەها هونەرمەند قادر کابان و چەندین لەسێدارەدراوی تر کە کاک سیروان خۆی باسی کردون چۆن چارەنوسی هەموویانی دۆزییەوە، چونکە جگە لە ئارامگای شەهیدی باوکی، گۆڕی ونی چەندینی تر و چەند شەهیدێکی حزبی شیوعیشی دۆزیەوە. کە دواتر لە نوسینەکانیدا باسی کردون هەروەها کاک عەبدوڵا کەریم مەحمود لەنوسینێکدا وردەکاریەکەی نوسیوەتەوە.  

ئەوکات لەو بینایە رێکخراوێکیان هەبوو لە بەغدا بەناوی کۆمەڵەی خانەوادەی شەهیدان و ونبوەکان (جمعية عوائل الشهداء و المغيبين) کە سەرپەرشتی کارەکانی دۆکیومێنتەکانیان دەکرد و دەگەڕان،  پێویستی زۆریان بە هاوکاری و پشتگیری هەبوو لەو سەردەمە ئاڵۆزەی کەس نەدەپەرژایە سەر ئەوان.
 

پاش سەردانەکەی کۆمەڵەی ناوبراو چومە لای مام جەلال و بۆم باسکرد کە کۆمەڵەیەکی وا هەیە و ئیمکاناتیان نیە و کۆمپیوتەر و سکانەریان لەبەردەست نیە بۆ دۆکیومێنتکردن و بەڵگەنامەی باشیان لەبەردەستە لەسەر کورد و باسی کوڕەکەی شەهید بەکری دارتاشم کرد کە لەوێیە. مام جەلال ناردی بەدوای ژمێریارەکەیا و وتی پارەیان بۆ سەرف بکەن.

مام جەلال یەکێک بوو لەو سیاسیانەی چالاکی زۆر بوو، سەرکردەی ئاینی، رۆشنبیر، سەرۆک عەشیرەت، سیاسی، دیپلۆمات، سەرکردەی سەربازی، بزنزمان، هەمویان سەردانیان دەکرد و توانای ئەوەی هەبوو لەگەڵ هەمویان بەزمانی خۆیان قسەو گفتوگۆ بکات و لەگەڵیان تێکەڵ بێت و سەرنجیان رابکێشێت، چونکە ئەو پێی وابوو نابێت سیاسی داخراو و دابڕاو بێت لەخەڵک و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. 

کە چوومەوە رێکخراوەکە لیستی پێداویستیەکانیان بۆ ئامادەکردم و هەمویان بەو بڕە پارەیە کڕدران و سودێکی زۆری هەبوو بۆیان کە هێشتا لە سەرەتادا بوون و ئەو دۆکیومێنتەی لە وێنەکەدا دامناوە هاوکاریەکی تری مام جەلالە بۆ کۆمەڵەکە.

 لە کۆبونەوەی دەستەی ئیداری کۆمەلەی خانەوادەی شەهیدان و ونبوەکان  لە ٢٥-٢-٢٠٠٤ ئەنجامیان داوەو یەکێک لە بڕگەکانی وەبەرهێنانە لەو یارمەتیەی کە مام جەلال پێشکەشی کردون.  

مەبەستم لە گێرانەوەی ئەم یادەوەریە ئەوەیە مام جەلال سەرەرای ئەوەی لە دانانی نەخشەڕێگای حوکمڕانیی عیراقدا بەشدارییەکی سەرەکی بوو، هاوکارێکی باشی ریکخراوە مرۆییەکان و کەسایەتیە ناودار و رۆشنبیرەکان بوو، کە یەکێک لەوانە هاوکاری خانەوادەی جەواد سەلیمی هونەرمەندی گەورە بوو کە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی بوو، جەواد سەلیم هونەرمەندی ئەو دیواربەندە گەورەیەی ناوەڕاستی بەغدایە کە رەمزی بەغدادی پایتەختە. 

مام جەلال توانایەکی خۆرسکی هەبوو بۆ تێگەیشتن لەئاڵۆزیە سیاسیەکان. ئەو دەیزانی سیاسەتکردن بە دابڕان و داخراوی ناکرێت، بەڵکو کرانەوەی پێویستە، هەربۆیە ئەو گوتارە عەقڵانی و کراوەییەی توانی مەکانەتی کورد لەعیراقدا بەهێز بکات. بەردەوام باسی پێکەوەژیان و هاوکاری یەکتری دەکرد و بەمەش پشتگیری گەورەی بۆ پرسی کورد دروست کردبوو.


PM:08:11:15/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی