گۆڕانی بۆماوەیی نەتەوایەتیمان لە نێوان جاش نەتەوە و جاش عەقیدەدا!

‌دلێر محەمەد نوری

کەس ڕەخنەم نەکات چونکە ئەزانم شتێک لە زانستدا نیە بە ناوی بۆماوەی نەتەوایەتی. وە هەموو ئەو دەستەواژانەی وەکو نەتەوەی پاکژ ونەتەوەی ڕەچەڵەکی، لە ڕووی زانستییەوە ورد نەکراوەتەوە.  بەڵام ئەکرێ هەستی نەتەوایەتیمان پشت بە پشت بۆ بمێنێتەوە و هاوهەڵوێستیمان لە گەڵ هاوزمانەکانماندا بۆ دروست بکەن لە ئاستی ڕووداوە نەخوازراوەکاندا.

من کە کوردم، ئازاری هەر کوردێک لە هەر جێگەیەکی ئەم دونیایە، ئازار بە منیش دەگەیێنێت. جا ئەمە ڕێک لە پەیوەندی منی کورد بە کوردبوونەوە،  لە پەیوەندی مادە بۆماوەییەکانی هەر زیندەوەرێک ئەچێت کە لە کردار و شێوە و ئەرک و فەرمانەکاندا، ئەیبەستێت بەو گرووپەوە کە هەمان مادە بۆماوەییان هەیە! 

بەڵام ئەگەر هاتوو کوردێکت بینی، جا قەراخی بێ یان خوڕاسانی، ناوی هاکان بێ یان هەڵۆ، مەلا بێ یاخود سەلەفی، کوڕی پاک بێ یان ناپاک،...  ئازار و کارەسات و شکستەکانی کورد نەیجووڵاند، نەیوورژاند یان هەڵوێستەی پێ نەکرد. بزانە گۆڕانێکی گەورە لە هزریدا ڕووی داوە. بە جۆرێک کە ئەبێ بە دۆستی دوژمنی خۆی و دوژمنی خودی خۆی. 

زانست بە گشتی ئەڵێت گۆڕانی جێنەتیکی بوونەوەرەکان، بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کورتدا ڕوو نادەن. بەڵکو بۆ ئەوەی گۆڕانێک کە لە جێنەتیکی  بوونەوەرێک ڕووبدات، پێویستی بە ملیۆنان ساڵە. جا با مەبەستی ئەم وتارە و گۆڕانی جێنەتیکی، لێکچوونێکی لۆژیکیش نەبێت، بەڵام مەبەستەکە باشتر ڕوون ئەکاتەوە. 

 کوردبوون و بە کوردبوون مانەوەی زۆربەمان، لە ژێر ئەم هەموو هەڕەشە و داگیرکاری و دژایەتی و کوشت و بڕ و کار لە سەرکردنانەشدا، ئەگەر گۆڕانێکی درووست نەکردبێ و هەر بە کوردبوونی خۆمان مابینەوە، ئەمە ڕێک ئەستەمی گۆڕینی جێنەتیکییەمان بۆ دووپات ئەکاتەوە لە مەسەلەی کوردبوون و بە کوردی مانەوە.  کە ڕێک  بەم تێکەڵکردنە لە گەڵ زانستی گۆڕانی جێنەتیکی لای بوونەوەرەکان کە چەند ئەستەمە، ئاوهاش ڕەوابوو گەر هەمووان لە باوەشی کوردستاندا گیانی کوردبوونمان وەکو بوونەوەرێکی پەیوەست بەم زەمینە کە ناوی کوردستانە وەکو خۆی بمایەتەوە.

لێرەدا باس لە مرۆڤی کوردی ئاسایی ئەکەین. بەڵام لە ناو مرۆڤی کوردیشدا کوردی نائاسایی هەڵ دەکەون. 

چونکە دەرئەنجام لە پای ئەو هەموو دەردەسەری و ئازاردان و پەتپەتییەدا، وا لە مرۆڤی کورد چاوەڕوان دەکرا کە هەر بە کوردبوون بمێنێتەوە. چونکە ئازاردان دەبێت بە مایەی ڕق ئەستور بوون. خۆ ئەگەر پێچەوانەکەی ڕوو بدات و کوردێک ببینین دژ بە کورد یان دژ بە خودی خۆی بێ، ئەوا ئەوە دەگەیێنێ کە گۆڕانێکی سیستماتیک لە هزر و فیکر و هەڵسوکەوتیدا ڕوویان داوە. بۆ نموونە ئەو هەڵوێستەی  ئەمڕۆ لە کەسێکی وەکو عەلی قەرەداخی یان هەر مەلا و چالاکوانێکی ئیخوانی و ئیسلامیی کورد ئەیبینین، ڕێک هەقی خۆیەتی بە خۆداچوونەوەیەک بکەن، بە مێشک و هزر و هەڵسوکەوت و ئەو فیلتەرانەی پێدا تێپەڕیون. هەڵبەتە بە فیلتەرێکی ناڕەوادا تێپەڕیون. مێشک و هزری ئەم جۆرە کوردانەیان لە هەموو پەیوەست بوونێک بە کوردەوە لە بێژنگ داوە و داماڵیوە. چونکە ناکرێ سەری برات ببڕن، ناموسی خوشکت ئەتک بکەن، دار بەڕووت ببڕن و زەیتوونت تاڵان بکەن، هێشتا تۆ دەستیان توند بگووشی و سەریان ماچ بکەیت. ئەمە ئەگەر گۆڕانی جێنەتیکی لە هزر و بیرکردنەوەت ڕووی نەدابێت چیە؟

خۆ ئەگەر زۆر خاتری ئەم جۆرە لە ئیخوانی و ئیسلامی و مەلای کورد بگرم، زۆر بە ئاسانی ئەتوانم دەردەکەیان بە سیندرۆمی ستۆکهۆڵم دەستنیشان بکەم. ئەم دەردە  دەروونییەی کە بەوە پێناسەکراوە کە کاتێک قوربانی جۆرێک لە هاوسۆزی لە گەڵ جەلادەکەی خۆی بۆ پەیدا دەبێت و ئەم هاوسۆزییە گەشەدەکات بۆ پاڵپشتی کردنی. من تێناگەم مێژووی کورد لە گەڵ داگیرکاری ئیسلامی و عەرەبیدا پڕاوپڕە لە ئەنفال و سەربڕینخانە و سەبی کردن و تاڵانی کردنی سەروەت و سامان و...هتد. بەڵام ئەم گرووپە لە کورد هێشتا پاڵپشتی هەمان دوژمنن کە خۆیان و باب و باپیریان قوربانی ئەو دوژمنەن. ئەمە ئەگەر تووشبووی سیندرومی ستۆکهۆڵم نەبن چین؟

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم سەبارەت بە جیاوازی نێوان دوو جۆر لەو نەخۆشانەی ناو کۆمەڵگای کوردین کە دەبن بە دوژمنی گەلەکەی خۆیان و دۆزە ڕەواکەیان. کە من ناوم ناون جاش نەتەوە و جاش عەقیدە. 

جاش نەتەوە کەسێکە یان حزبێکە بە هۆی دەستکەوتی مادی یان دەسەڵات و خۆسەپاندن، دەبێت جاشی دوژمنەکەی خۆی. بەڵام هەمیشە ئەم جۆرە لە جاشێتی لە دۆخی سەرکردە و گرووپ و حزب، هەم کاتییە و هەمیش باشە بۆ خۆی و جاشە بۆ  بەشێک لە نەتەوەکەی خۆی. ئەمە زیاتر لە جاشێتی تاکتیکی ئەچێت و ئەگەر چی زیانی ستراتیژی بە مەسەلە نەتەوایەتییەکەش ئەگەیێنێت.  نموونەی زۆر لە جاشێتی حزب و سەرکردە لە مێژووی دوور و نزیک هەن، کە  پێویست بە ناوهێنانیان ناکات لێرەدا. دواجار ئەم جاش نەتەوانە خۆیان زۆر بە کوردپەروەرتر لە من و تۆش دەبینن و دەزانن. وە هەمیشە جاشێتییەکە بە هەڵبژاردەیەکی تاکتیکی یان ناچاری پێناسە دەکەن لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە گەورەکە.

بەڵام کێشەی گەورە و دەردی درێژخایەن لە جۆری جاشێتی عەقیدەییە. کە تۆ بە عەقیدە ئەبی بە جاشی دوژمن. ئەم جۆرە لە جاشبوون، خۆ داماڵینە لە هەموو بەهایەکی نەتەوایەتی، خۆبەتاڵکردنەوەیە لە هەموو پیرۆزییە نەتەواێەتییەکان، خۆدزینەوەیە لە هەموو ئەرکە نەتەوایەتییە هاوبەشییەکان. پیلانگێڕییەکی پلان بۆ داڕێژراوە بۆ لە ناوبردنی داهاتووی نەتەوە و توانەوەی لە نێوە نەتەوەی خاوەن عەقیدە ئایینییەکە. ناشرین کردن و بە نەفرەت کردنی هەموو ڕابردوو و کولتور و مێژووی خودی نەتەوەکەی خۆتە. دژایەتی کردنی هەموو سیمبولە سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکانی کۆن و نوێی خۆتە. هەر بۆیە ئەگەر جاش نەتەوە لە قۆناغێکدا پاشگەز ببێتەوە و بێتەوە ڕیزی نشتیمانی، ئەوا جاش عەقیدە ڕێگەیەکە کە گرتەبەر گەڕانەوە دواوەی تیا نیە. ڕێگەیەکە ئەو سەری دۆزەخە بۆ خودی جاش عەقیدە و بۆ نەتەوەکەشی.

 ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاڤا وانەیەکی فێرکردین کە هەمووان دەتووانین بە یەک ئەندازە کوردبین بەدەر لە هەموو جیاوازییەکانمان، هەڵبەتە هەموو ئەو ئیسلامی و مەلا و ئایینزا کوردپەروەرانەی کە سەلماندیان نەتەوەیین جێگەی شانازی و ستایشن بەڵام ناکرێت بۆ لەمەودوا بە شێوەیەکی زۆرسیستماتیک لێکۆڵینەوە لەو جاش عەقییدەییانە نەکرێت کە وا بەو جۆرە لە ڕیزی نشتیمانی لایان داوە و  شاگەشکەن بە شکست و لەناوچوونی کوردستان. 



PM:06:18:15/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی