ڕەهەندە ستراتیژیەکانی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن

‌کارۆخ خۆشناو

کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن پلاتفۆڕمێکی جیهانی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ تاوتوێکردنی چەمکی (ئاسایش) لە هەموو ڕووەکانیەوە، وەک (ئاسایشی مرۆیی و ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی وزە و ئاسایشی ئەلکتڕۆنی و ئاسایشی سنوری وڵاتان و ئاسایشی تەکنەلۆژی.....هتد)

کۆنفرانسی ئەمساڵی ئاسایشی میونشن (MSC) لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، کە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قەیرانێکی قوڵی ئاسایشدا تێدەپەڕێت، هەروەها لە ئێستادا سیستەمی ئاسایشی جیهانی ڕوبەڕووی ئاڵانگاری زۆر بووەتەوە، بەهۆی شەڕی ئۆکڕانیا و ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەکانی تڕەمپ لە ئێران و هەنگاو نانی جیهان بەرەو فرەجەمسەری و پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و ئیدارەی نوێی ئەمریکا، بەتایبەت لەسەر پرسەکانی ئاسایش لە ئەوروپا و
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و قەیرانە جیهانییەکان.

بەشداریکردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە 62 خولی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) بۆ جاری حەوتەم، سەلمێنەری ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە وەک ئەکتەرێکی گرنگ لە بەدیهێنانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها دەرخەری گرنگیپێدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی سەقامگیر و ئەکتەرێکی چالاک لە ڕووبوڕووبونەوەی تیرۆر و ژمارەیەکی خوێندراوە لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەشداریکردنی بەڕێز سەرۆکی هەرێم دەرفەتێکی زێڕینە بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی ئاسایش و دیبلۆماسی، لەم چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک دیدار ئەنجام دەدات لەگەڵ داڕێژەرانی بڕیار لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان، ئەم دیدارانەش دەرخەری پێگەی ستراتیژی و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پێگەیەش فاکتەرێکی سەرەکی گرنگی پێدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بە هەرێمی کوردستان.

فاکتەرێکی تری گرنگی پێدانی (ناوەندە نێودەوڵەتیەکان) بە کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵەی پێشمەرگە گێڕای لە شەڕکردن و تێکشاندنی داعش (لە جیاتی جیهانی ئازاد) کە لەم پێناوەدا هەزاران شەهید و برینداری بەخشی، خوێنی ئەم هەزارەها شەهیدەش ئەستێرەی کوردستانی بە شێوەیەک درەوشاندۆتەوە کە هەرکاتێک باس لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت، ئەوا وێنەی پێشمەرگە وەک (جەنگاوەری ئازا) لە کۆنفرانسەکاندا دەدرەوشێتەوە.

لەم دەرفەتە زێڕینەدا سەرۆکی هەرێم ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەروک و کەسایەتی و کارەکتەرە بەژداربووەکانی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، لە ماوەی دوو ڕۆژەی مانەوەی سەرۆکی هەرێمدا چەندین دیداری گرنگ ئەنجام دەدات، ئەم دیدارانەش کاریگەری و ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

دیدارەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان، لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕ دەبن، بۆیە لێرەدا هەڵوەستە لەسەر ئەم دیدارانە دەکەین، چونکە کۆمەڵێک رەهەندی ستراتیژی جیاواز لەخۆدەگرێت لە بوارەکانی (سیاسی، دیپلۆماسی، ئاسایش، ئابووری و کولتووری) کە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین.

یەکەم: رەهەندی سیاسی و دیپلۆماسی

دیداری سەرۆک و سەرکردەکانی ئەوروپی و جیهانی رۆڵێکی کاریگەری هەیە بۆ برەودان بە پەیوەندیی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، ئەمەش گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە ئێستا رووی لە ناوچەکە کردووە. بە واتایەکی دیکە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا پارێزراو بێت و بتوانێت پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، گرنگە برەو بە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسیەکانی بدات لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی.

دووەم: رەهەندی سەربازی و ئاسایش

هاوکارییەکانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ڕووبەڕووبونەوەی داعش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر، رۆڵی بەرچاویان گێڕا لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە داهاتووشدا رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت، چونکە داعش کۆتایی نەهاتووە، لەم چوارچێوەیەشدایە ئەرکی هێزەکانی ناتۆدا بەردەوام دەبێت لە مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەڵبەتە ئەمە جگە لەو دۆخەی ئێستا کە ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت.

سێیەم: رەهەندی مێژوویی

قووڵایی مێژوویی هەروەک قووڵایی ستراتیژیی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەکتەرەکان کاردەکات، بەم واتایە کە ئەو کاتەی لەنێوان دوو ئەکتەر و لایەن سنووری جوگرافیایی بوونی نییە، ئەوە ئەزموونی رابردوو و مێژووی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش هەمان کاری قووڵایی ستراتیژیی دەکات. لەم چوارچێوەیەشدا، لە نێوان ئەوروپا و هەرێمی کوردستاندا مێژوویەکی تایبەت هەیە، کە بنەمای پەیوەندییەکی تایبەت و درێژخایەن دادەڕێژێت.

لە هەناوی ئەم پەیوەندییە مێژووییەدا چەندین سیاسی و کەسایەتی تایبەت هەیە، وەک دانیال میتران و ئەوانی دیکە.

چوارەم: رەهەندی ئابووری و وزە

راستییەکەی ئەوەیە کە ئەوروپا لەرێی دەریای سپی نێوەڕاست و پاشان لوبنان و سووریا و عێراق دەگاتە کەنداو و بەپێچەوانەکەشی هەر راستە، بۆیە بۆ ئەوروپیەکان لوبنان و سووریا و عێراق پێگەی ستراتیژییان هەیە و لەم نێوەندەشدا رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان و سەقامگیرییەکەی بەرجەستە دەبێت. هەر بۆیە ئەوروپا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی سێکتەری ئابووری و وزە، بۆ نمونە دوو لە کۆمپانیا گەورەکانی بەڕیتانیا و فەرەنسا (BP و تۆتاڵ)ن کە وەبەرهێنان لە سێکتەری وزەی عێراقدا دەکات بە بڕی ملیاران دۆلار، ئەمەش بەڵگەی گرنگی پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەسەر نەخشەی وزەی ناوچەکە و جیهان.


AM:11:52:15/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی