پڕۆژەی ڕووناکی، بنەوانی کێشەکە، کارمەندەکەی ڕاپەین

‌د. شێرکۆ حەمەئەمین

سەرەتا و پێش هەر شت ئەرکمانە خاوەنداری لە (بکرقادر) کارمەندی فەرمانگەی کارەبای ڕاپەڕین بکەین و لە هەموو ڕوویەکەوە پارێزراوبێت و لە کارەکەی بەردەوامبێت.

بەڵام نابێت سەرچاوەی کێشەکە و خودی گرانی نرخی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی لەبیربکرێت. لە ڕابردوشدا ئەم بابەتانە زۆر ڕویداوە، بۆ نمونە خۆپیشاندان کراوە، چەند کەسێک گیراون، دواتر ئەسڵی داواکارییەکان لەبیرکراون و داواکاری سەرەکی بووە بەوەی دەستگیرکراوەکان بەربدرێن، هەر ئێستا لە کەیسی لالەزاردا دووبارەبوەتەوە. ئەم سەرنج لادان لە کرۆکی کێشەکە تا ئێستا بە ڕێژەیەکی بەرز دەسەڵات تێیدا سەرکەوتوبووە.
کرۆک و بنەوانی کێشەی هەرێم لە سایەی ئەم سیستمە بنەماڵەییە چەتەییەدایە، کە ئەگەر گونجاوبێت ناوی نیولیبراڵیزمی لێبنرێت، ئەگەر واشبێت لە دیوە هەرەچەتەیەکەیدا پەیڕەودەکرێت.

کابینەکانی حکومەتی هەرێم گرێدراو تەواوکەری یەکترین، لانی کەم لە کابینەی شەشەمەوە، ئەو کات و دوای ٢٠١٥ کابینەی هەشتەم و سەروبەندی یاسای ڕاکێشانی مایە (قەرز) نازانم قەرز بۆچی؟ کە ئێمە دژی بووین، ئەنجومەنی هەرێمی‌ نەوت و گاز (نێچیرڤان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، ئاشتی هەورامی، ڕێباز حەملان، علی سندی) هاتنە پەرلەمان و باسی ئامۆژگاری و سەرنجەکانی سندوقی نەقدی نێودەوڵەتیان کرد، کە:

١- دەبێت حکومەت بچوکبکەنەوە.

٢- زۆربەی کەرتەکان بەتایبەتبکرێن، تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزاری...، وتیان حکومەتێکی بچوک لە تەنیشتی کەرتێکی تایبەتی قەبە، من دەڵێم کەرتی حیزبی.

٣- لابردنی پاڵپشتی سەر سوتەمەنی و خۆراک، هەر ئەو کات پاڵپشتی سوتەمەنی نەماو بەنزین لە ٤٥٠ دینارەوە بۆ ١٠٠٠ بەرزکرایەوە.
بەو بەهانەیەی ئەمانە مەرجەکانی قەرزدانن. نازانرێت چەند قەرزیان وەرگرت؟ لە کوێ و کێیان وەرگرت؟ بۆچی وەریانگرت؟ ئێستا هەر دەنگیشی نەماوە.

لەو کاتەوە دەستیانپێکرد و ئێستا لە کابینەی سێ قۆڵی (مەسروربارزانی، قوبادتاڵەبانی، ئاوات جەناب) گەیاندیانە لوتکە و یەک ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانیش نقەی لێوەنایەت.

ئەرکی حکومەتە خزمەتگوزاری و ئاسایش و ژیان بۆ خەڵک دابینبکات، ئەمە نەکات حەسحەسی شەوە. کارەبای بەردەوام زۆر باشە و سوودی زۆرە، و داواکاری زیاتر بەڵام لەسەر حسابی خەڵک نا؟ پێوستە و دەبێت:
١- ڕەچاوی داهاتی تاک بکرێت و تێکڕایەک وەربگیرێت.

٢- چەند کۆمپانیایەک هەبێت و مونافەسە (شانک)ی کەمترین نرخ و جۆر هەبێت، نەک برادەران خۆیان بۆ هەر بوارێک کۆمپانیایەک دروستبکەن و قۆرخیبکەن، وەک ئێستای هەرێم کە بازاڕێکی قۆرخکراوی هەیە.

ئەم دوو مەرجە لە هەرێمدا نییە، تەنیا بەرژەوەندی کۆمپانیاکە سەنگی پێوەرە، ئاشکرایە موچە و داهات چۆنە و چۆن دەدرێت.

بۆیە گرنگە خەبات و هەڵمەتی ڕێکخراو دژی گۆڕینی سیستم و دابەزاندنی نرخ و دورخستنەوەی کەرتی خزمەتگوزاری لە بەتایبەتکردن بەردەوامبێت، یان چەند کۆمپانیایەک هەبێت و کەمترین نرخ و جۆر بۆ هاوڵاتیان دابینبکرێت، واتە لەگەڵ بەرگریمان لەو کارمەندە بوێرەی ڕاپەڕین، نابێت بنەوان و کرۆکی کێشەکەمان لەبیربچێت.


AM:09:20:14/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی