ئەوەی لە لەزەتخانەکەی جێفری ئیپستین دا ئەنجامدراوە، رووداوێکی تەواو حەیابەر و شەرمهێن و نائینسانی ترسناکە، کە بکەرە سەرەکییەکەی تەنها جێفری ئیپستین نییە،بەڵکو شێوازێکی تەواو ترسناکی تێکەڵبوونی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزمێکی پاسۆلۆژییە بەیەکتری. ئەم رووداوە پەردە لەسەر جهانێکی تەواو نەخۆش هەڵئەداتەوە کە تیایدا دەسەڵات و سەرمایەی گەورە و چاودێرینەکراو، لە کوێدا بۆیان گونجابێت، حەزی ئینسانیی سادەیان گۆڕیوە، بۆ ئارەزوویەکی کێویی کۆنترۆڵنەکراو، پڕ لە ئیهانە بە مرۆڤ و بە یاسا و بە سەرجەمی بەها مرۆییە سەرەتاییەکان.
جێفری ئێپیستین ئاژەڵ یان خراپەکارێکی دەگمەن و کەموێنە نییە، دیاردەیەکی ناشاز و بیمار نییە پەیوەندیی بە کاراکتەری وەحشییانەی ئەوەوە هەبێت وەک تاکەکەسێک. جێفری ئێپیستین، دەرەنجامی تێکەڵبوونێکی بیمار و ترسناکی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزمێکی پاسۆلۆژییە. بازرگانیکردن بە لەشی مندالان و دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆسەر ئەو لەشانە، تەنها لە ژینگەیەکدا مەیسەر دەبێت هەموو ئەو رەگەزانەی لە بیمارترین شێوەدا تێدابێت. ئەم ژینگە بیمارە سەرمایەداری وەک سیستم، گەڕاندۆتەوە بۆ قۆناغی سڵنەکردنەوە لە کڕین و فرۆشتن و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. واتە گەراندویەتییەوە بۆ سەرمایەدارییەکی رووتی کەڵبەدار بە توانای دروستکردنی فۆرمی نوێ لە «کۆیلایەتی تازە» و «مۆدێرن»ەوە. ئەمەش پرۆژەی شێواندنێکی ریشەیی حەزەکانی مرۆڤی هەڵگرتوە، لە رێگای دابڕینی ئەم حەزانە لە هەرسانسۆر و سنوور و رێگر و مانایەکی ئەخلاقیی و ئینسانیی.
وەکچۆن ئەدۆلف ئایخمان، ئەو پیاوەی کە بەرپرسبوو لە کوشتنی ملیۆنان جولەکە لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیزمدا، تاکەکەسێکی تەنها نەبوو بە ئاکارێکی وەحشییانە و شەیتانانەوە. بەڵکو وەک هانا ئارێنت دەڵێت، خراپەکارێکی رۆژانە و ئاسایی بوو کە نوێنەرایەتی سیستمێکی بیرۆکراسیی تۆتالیتاری دەکرد، ئەم نوێنەرایەتیکردنەشی گۆڕیبنووی بۆ کەسێک تواناکانی بیرکردنەوە و داوەریکردن لەدەستبدات. بەهەمان شێوە جێفری ئێپیستین یش، وەک ئایخمان، تاکەکەسێکی خراپەکاری تەنها نییە، بەڵکو کەسێکە نوێنەرایەتی ئەو تێکەڵبوونە بیمار و ترسناکەی دەسەڵات و سەرمایە و سێکس و نارسیزمێکی پاسۆلۆژیی دەکات. ئەمەش لە جیهانێکدا یەکێک لە دەرکەوتە ترسناکەکانی بریتییە لە دروستبوونی چەندان تۆڕی جیهانی بۆ ئەنجامدانی تاوانی هەمەجۆرلە بازرگانیکردن بە لەشی منداڵانەوە بۆ پلانی لەناوبردنی میلەتان، بە تێوەگلانی چەندان دەزگا هەواڵگریی لەم تاوانانەوە.
وەک وتم ئەم دۆخە هێما بۆ دروستبوونی تۆرێکی جیهانی لە مرۆڤ دەکات کە توانای ئەنجامدانی هەموو تاوانێکیان هەیە. ئەم تۆرە تەها لە ئەمریکا و ئەوروپادا ئامادەنییە، بەڵکو لە بەشەکانی تری جیهاندا ئامادەن، بە جیهانی عەرەبی و تورکیا و روسیا و چەندان شوێنی تریشەوە. خاڵی هەرە ترسناک لێردا ئەوەیە ئەندامانی ئەم تۆڕە دەتوانن خۆیان ببن بە یاسادانەری تاواناکان و ئەو حەز و ئارەزووە تایبەتانەیش، لەپشتی تاوانەکانەوە دەجوڵێن. ئەم تۆڕە دەتوانن بچنە دەرەوەی سەرجەمی ئەو یاسا و رێسایانەی لە هەر کۆمەڵگایەکەدا بۆ رێگرتن لە بەربەریەت دانراون. هەرخۆیشیان مرۆڤایەتی دابەشدەکەن بۆ دووبەش. یکەمیان خۆیانن، وەک هەڵگری هەموو دەسەڵاتەکان تا ئەو شوێنەی توانای ئەنجامدانی هەمووشتێکیان هەبێت. بەرامبەر بە سەرجەمی ئەو قوربانیانەی دەکەونە ناو تۆڕە جیهانییەکەیان و دەکرێن بە کۆیلەی سێکسی. ئەندامانی تۆڕە جیهانیەکە بکەرێکی هەمەتوانان و ئەوانیتریش کەسانی بێدەرەتان و لاواز و مەجبور و بێئیرادەکراون. کەسانێک، وەک جودت بوتلەر دەڵێت، «زیادن» و مردنیشیان پێوستی بە تازیە بۆدانان، نییە.
ئەوەی جێفری ئەپیستین لە ئاستێکی دیکەدا نیشانمانئەدات، بەخشینی رەهەندێکی سێکسیی ناشاز و تاوانکارە بە دەسەڵات، بە تایبەتی لە فۆرمی پێدۆفیلی، مناڵبازیدا. ئەمەش یەکێک لە رووە هەرە دیار و هەرە ناشیرینەکانی ئەم فۆرمەیە لە دەسەڵات کە لەزیاد لە بەشێکی جیهاندا هەیە و کاردەکات. لە کوێدا نارسیزم و سەرمایە و دەسەڵات و ناوبانگ و حەز و ئارەزووی پاسۆلۆژیانە بەیەکتری تێکەڵبوون، لەوێدا مرۆڤەکان لەوەدەکەون مرۆڤ بن. ماشێنێک دروستدەبێت مرۆڤەکان دەگۆڕێت بۆ ئامراز و بابەتی چێژێکی نارسیستیانەی بیمار.
ئەمانە دەتوانن تاوانەکانیان وەک گەمە و تەعەداکانیان وەک خەڵاتکردن و هەڵسوکەتەکانیان وەک سروتیی دینیی یان نادینیی، وێنابکەن.
خاڵێک کە پێویستە لێرەدا هێمایەکی خێرای بۆ بکەم ئەوەیە کە دروستبوونی پەیوەندیی لە نێوان دەسەڵات و سێک و نارسیزم و پێدۆفیلی داهێنراوێکی سەرمایادارییانە نییە. ئەم جۆرە پەیوەندییە لە سەردەمە مێژووییەکانی بەر لە سەرمایەداریشدا بوونی هەبووە. ئەوەی لەم رووەوە سەرمایەداریی لە سیستمەکانی بەر لەخۆی جیادەکاتەوە، دروستکردنی ژینگەیەکی تەواو لەبار و رێکخراو و بە ئایدیالکراوە، ئەم تێکەڵبوونە ترسناک و وێرانکەرەی دەسەڵات و سێکس و چێژ، دەگۆرێت بۆ دیاردەیەکی رۆژانە. لەم ژینگەیەدا لە کوێدا سەرمایە کەڵەکەبکرێت، لەوێشدا دەسەڵات کەڵەکەدەکرێت، بە دەسەڵاتی تەعەداکردنی سێکسیانەوە بۆسەر جەستەی منداڵان و سەر مرۆڤە پەراوێزیی و کەنارگیرکراوەکانی ناو سیستمەکە. لەم ژینگەیەدا ئەوانەی لاواز و پەراوێزین دەتواندرێت بکڕدرێن، داببەزێندرێن بۆ پێگەی کۆیلە. سنوورێکی ئەخلاقیش نامێنێتەوە نەکرێت بسڕدرێتەوە و تبپەرێندرێت. لەکاتێکدا سەرمایە و دەسەڵات، تا ڕادەیەکی زۆر، تاوانبارەکان لە لێپرسینەوە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی تاوانەکانیان، دەپارێزێت.
هەرکەسێک تۆزقاڵێک هەستی ئینسانیی و مرۆیی تێدابێت، ناتوانێت ئیدانەیەکی بەرفراوانی ئەم ئابڕوچوونە و تاوانە گەورەکانی ناو لەزەتخانەکەی جێفری ئیپستین، نەکات. ئەوەی لەم لەزەتخانەیەدا روویداوە، تەعەداکردن و ژێرپێنانی سەرجەمی ئەو دەسکەوتە ئینسانییە گەوارانەیە کە مرۆڤایەتی بەدرێژایی زیاد لە دوو سەدەیە بەدەستیهێناوە، لە ناویاندا، وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن رێز و خاوەن کەرامەت، لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتداران، حوکمى یاسا، پاراستنی ژیان لە فۆرمە جیاوازەکانیدا، بەرگریکردن لە ئازادیی و خۆشگوزەرانیی، هتد... ئەوەی لە لەزەتخانەکەی جێفری ئیپستین دا روویدا فرێدانی سەرجەمی ئەم بەها و دەستکەوتە ئینسانیانەیە بۆناو تەنەکەی خۆڵی دەسەڵات و سەرمایە. لەزەتخانەکەش، وەک ووتم، دەرەنجامی بوونی چەند کەسێکی خراپ و بێهۆش و تاوانبار نییە، بەڵکو پەیوەستە بە شێوازی کارکردنی بەشە تاریک و ترسناکەکانی سیستمە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەلایەتییەکانی جیهانی ئەمرۆوە. لەزەتخانەکەش تەنها ماشێنی لێخوڕینی ئەم یان ئەو سەرۆکی ئەمریکا نییە، بەڵکو شوێنی چێژکڕینی نوخبەیەکی بەجیهانیبووە، لە ئەمریکاوە بۆ ئەوروپا و لەوانیشەوە بۆ ژمارەیەک لە شازادەکانی وڵاتانی خەلیج، بە تێپەرین بەناو ژمارەیەک لە ئەستێرەکانی بواری مۆسیقا و وەورزش و سینەمادا.
خاڵێکی پۆزەتیڤ لەم ساتەدا مابێتەوە توانای کۆمەڵگا خۆرئاواییەکانە لە ئاشکراکردن و باسکردن و لێپرسینەوە لەم تاوانانە. ئەم کۆمەڵگایانە توانا و یاسا و دەزگا و ئیرادەی رێگرتن و سزادانی ئەم جۆرە تاوانانەیان تێدایە و ئەوەی ئێستا دەیبینین کەوتنەکاری ئەم توانا دیاریکراوەیە. هاوکات ئەوەی لەم ساتەدا سەرجەمی مرۆڤایەتی وەک ئەرکێک لەسەریبێت، گاڵتەکردن نییە بەو بەها و یاسا و دەزگا و دەسکەوتانەی مرۆڤایەتی لە دوو سەدەی رابردوودا بەدەستی هێناوە، وەک هەندێک لە ئیایدۆلۆژیستە بەدحالییەکانی لای خۆمان ئەنجامیئەدەن، بەڵکو پێداگرتنە لەسەر ئەوەی هەندێک شت ناتوانرێت کڕین و فرۆشتنیان پێوەبکرێت و وەک کاڵا مامەڵەبکرێن، بەر لە هەموویان ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان. ئەوەی دەبێت ڕووبدات قسەووتن و هێڕشکردنە سەر بەها و دەسکەوتە ئینسانییەکانیان نییە بەناو ساختەبوونیانەوە، بەڵکو بەرگریلەکردنیانەن وەک ئامرازی سەرکەوتن بەسەر ئەو بەشە ناشیرینانەی جیهاندا.