Epstein - کۆتایی مێژوو یان سکانداڵی ماسۆنیەت

‌د. ئەمیر حسێن

   دوای بڵاوبەنەوەی دۆکۆمێنتە ئابڕو بەرەکانی دورگەی شەیتان ، ئێپستین ( Epstein ) تەنها وەک سێبەرێکی ڕەزا گران شوێن هاوبەشەکانی ناکەوێت ، بەڵکو بە هەمو هێزیەوە ، مۆرێکی تۆخی شەرمەزاری ، لە ناوچەوانی ما سۆنیەت و کۆی گشتی سیستەمی جیهانی قایم دەکات ، سیستەمێک فۆکۆ بە کۆتایی مێژو ناونیشانی بەبەرداکرد ، بەڵام پێدەچێ کۆتایەکی زۆر تراژیدی و ئابڕو بەرانە بێت ، ئەوەتا هەموو جڕو جانەوەرەکان بێرەدا تێپەڕین ، شازادەکان، پاشاکان، سەرۆکەکان، ملیاردێرەکان، سیاسی و بازرگان و زاناو داناکان ، تەنانەت زۆربەی ئایکۆنەکانی ئەم سەردەمە . لەژێر خۆری ئەم دورگەیە ماسکەکانیان فڕێداو ، لەگەڵ مانگی شەوە تاریکە ئەنگوستە چاوەکانی دڕندەیدا ، چونەوە قۆزاخەی دۆخە شەیتانیەکەی هۆبز ، لغاویان لە سەر هەڵگیراو ، بونەوە گورگە برسیەکەی پارەو دەسەڵات و شەهوەت ، جارێکی تر ، بەڵام لە فۆڕمێکی نا ئەخلاقی باڵادا ، هاوپەیمانی نێوان پارەو کورسی و جەستەی چەند کیژۆڵەیەکیان ، وەک تایتڵی ئەم سەدەیە ڕاگەیاند . 

   پێم وانیە هیچ سکانداڵێکی ئابڕوبەرانە لەم سەدەیەدا ، ئەوەندەی دورگەی شەیتانەکانی ئێپستین ، ئابڕوبەرانە بێت ، چونکە ئەمە حیکایەتی سەرمایەدارێکی نەخۆش ، یان لادەرو بێ ئەخلاقێک نیە ، بەڵکو ئەمە دیوە سروشتیە دزێو ناشیرنەکەی دەستەبژیرێکە ، دەستیان بەسەر جیهاندا گرتوە ، بەناوی حکومەتی جیهانی ، دەستەبژێرێک هیشتا بانگەشە دەکات ،  گوایە وانەی ئەخلاق و دادپەروەری و مافی مرۆڤ ، بە دونیادا بڵاو دەکاتەوە ، سێ ملیۆن لاپەڕە !! بەڕاست ئەوە تۆمار و بەڵگەنامەی تاوانێک نیە بە تەنیا ، بەڵکو ئەرشیفی بەڵگەی تاوانی سەدەیەکە ، یان خەجاڵەتی کۆی گەردونە ، بە سەرجەم مانگ و ئەستێرەکانیەوە ، لێرەوە کاتێک ئەم دەستەبژێرە ، وەک دەوڵەتی قوڵی گەردونی ، دەچنە نێو سەوداو مامەڵەی کڕینی جەستەی گیژۆڵەیەکی هەرزەکاری کەم ئەندام ، لە تاریکیداو سەرجەم دامو دەزگاکانی هەواڵگیری و یاسایی ، لە پێناو شاردنەوەی تاوانەکەیان لەکاردەخەن ، ئیتر ماناکانی مرۆڤ بون ، دەکەوێتە ژێر پرسیارێکی وجودی و ئەخلاقیەوە ، تێدەگەی ئەو دورگە شەیتانیەی دەستەبژێری جڕو جانەوەرەکانی جیهان ، شەوانیان تێدا بەسەردەبرد ، لە پێناو هێڵکاری بۆ ئایندە ، یان دیاریکردنی قەدەرێکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی نەبوە ، بەڵکو تەنها واڵاکردنی ڕوە ڕاستەقینەکەی ئەو دەعبایانە بوە ، لە بەردەم چەند هەرزەکارێکی کەم ئەندام و کۆمەڵێک لەشفرۆشی بەد ڕەوشتدا ، بۆیە کاتێک سەری مەنهۆڵی زێرابەکەی ئیپستین هەڵدرایەوە ، تێگەیشتین بەدبەختی تەنیا ئەوەنیە فەرامۆشکراوێکی هەژارو بێ نوای تۆمار نەکراوبی ، لە سەر کۆتایی شەقامێکی مێژوی نیو لیبڕالیزمدا ، بەڵکو بەدبەختی و ڕەزیلەت لەوە زیاتر ئەوەیە ، لەدڵی سیستەمێکدا شوێن پیت هەبێت ئەم دەستەبژێرە سەرسەریە بەڕێوەی بەرن .

   لە کاتێکدا بەتەنها ، لە وڵاتێکی وەکو سوید ، نزیکەی 250 هەزار دورگە هەیە ، بیهێنە بەر چاوی خۆت ، دەبێ چەند دورگەو پەناو پەسیوی  تری، هاوشێوەی دورگەکەی ئێپستین ، بوبێتە بازاڕی کڕین و فرۆشتن و خوێن مژینی هەرزەو کەم ئەندامان ، یان دیاردەی نامۆی نا ئەخلاقی و نامرۆیی ، لەسەر ئەم هەسارەی ئێمە ، لەکاتێکدا خواستی ئەم دەستەبژێرە ماسۆنیە ، بۆ پارەو خوێن و سێکس و دەسەڵات بێدوایەکی و نەبڕاوەیە ، بەڕاست ئەمە ژانی کۆتایی مێژوە یان سەرەتایی کۆتایی ماسۆنیەت و سەرلەنوێ لە دایک بونەوەیەکی نوێیە ؟  




AM:10:29:04/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی