دەربارەی جێفری ئیپیستین

‌سه‌ردار عه‌زیز

جێفری ئیپستین سەر بە دەزگای سیخوڕی ئیسرائیلە. لە دونیای سیخوڕیدا سێ جۆر لە زانیاری هەیە دەربارەی هەر کەسێک. زانیاری گشتی کە گرنگ نیە. زانیاری تایبەت کە بە سودە. زانیاری نهێنی کە زۆر گرنگە و تایبەتە بە کەسەکان. ئەم زانیارییە نهێنییانە بەکاردێت بۆ فشارکردن لە سەر کەسەکان.

جێفری ئیپستین وەک گەوادێکی مناڵباز، توانای ئەوەی هەبوە کە زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی دونیا، لە بازنەکەیدا کۆبکاتەوە و بە سودی ئیسرائیل بەکاریان بهێنێت.

تەنانەت ڕاوێژ بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل دەکات کە چۆن و لەگەڵ کێدا پەیوەندی دروستبکەن، وەک لە ڤیدیۆی لەگەڵ ئیهود باراکدا، دەبارەی دروستکردنی پەیوەندی لە گەڵ پیتەر تەیل. تەیل کەسێکی هۆمۆسێکچواڵی فاشیستە کە لە پشت دروستبونی جەی دی ڤانسەوەیە، کە جێگری ترەمپە.

خوێندنەوەیەکی تری ئیپستین خوێندنەوەی سەرمایەداریانەیە. بەو مانایە خەڵکانێک کە زێدە دەوڵەمەندن، وەها دەبینن کە دەتوانن غەریزە ئاژەڵیەکانیان مومارەسە بکەن بەبێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەک هەبێت.

خوێندنەوەیەکی تر توێژی دەسەڵاتدرانن، کە بە هەمانشێوە لەسەروی زۆرینەوە خۆیان دەبینن و غەریزە ئاژەڵییەکانیان مومارەسە دەکەن بەبێ سڵکردنەوە لە لێپرسینەوە.

وەک دەبینین ئەمە تایبەت نییە بە کەلتورێک یان بەشێک لە دونیا. ئیماراتیەکان ئەوەندە ئیپستینیان خۆشویستوە کەسوەی کەعبەیان بە دیاریی بۆ ناردەوە.

لە ڕاستیدا ئەمە دەبێت ببێتە مایەی ناڕەزایی زۆر لای هەموو موسوڵمانان وەک سوکایەتیەک بە پیرۆزترین جێگای ئیسلام.

ئیپستین پێمان دەڵێت کە دەبێت هەموو مرۆڤێک لە ژێر چاودێریدا بێت. هیچ کەسێک ڕێگە نەدرێت کە لە سەروی یاسا و ڕێسا کۆمەڵایەتیەکانەوە بێت.

لە هەمانکاتدا پێمان دەڵێت کە دەبێت غەریزەی سێکسی بە ئارەزوی نەخۆشی پیاو نەبێت، وەک لە یاسای هاوسەرگیریی جەعفەری عێراقیدا دەیبینین کە ڕێگە بە هاوسەرگیریی لەگەڵ مناڵی نۆ ساڵان دەدات.

بۆ ئەوەی مرۆڤانە تێبگەین، دەبێت وەک تراژیدیایەکی مرۆڤایەتی سەیری بکەین. دۆسییەکەش بەتەنها ڕۆژئاوا نیە، بەڵکو وڵاتانی کەنداو و تورکیا و ڕوسیا بە چڕی بەشێکن لە فایلەکانی.

ئەوەی مایەی خەمبارییە، ئەوەیە کە ئەم نوخبە دڕندەیە ئەمڕۆ بڕیاردەرە لەسەر چارەنوسی کورد لە شوێنێکی وەک سوریا!


PM:01:24:03/02/2026

ئه‌م بابه‌ته 148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی