ئیتر قسەی تاڵ ... پردی بەرمیلی بەتاڵ

‌عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف

لەکارەسات و مەرگەساتی بەکۆمەڵدا، گرنگترین پێداویستی بۆ قوربانی و قوربانیدەر، تێرکردن و رێزگرتنی رۆح و ویژدان و مۆڕاڵی مرۆڤەکان و مرۆڤایەتیە، خواردن و سکپڕی، دەرزی و دەرمان و تەنانەت پارە بەخشینەوەش لەناو پرۆسەی فەنابونی بەکۆمەڵدا، ئەرزشی نامێنێت.

  لەئەنفال و هەڵەبجەدا، لەکۆڕەودا، ئێمە لەچاوەڕوانی دنیادا بوین وەک مرۆڤ تەماشامان بکەن و رێز لەمرۆڤ بونی کورد بگرن، شەقمان لەسەروەت و سامان ئەدا و گۆرانی و شیعر و لاواندنەوەیەک بۆ بێکەسیمان، بارتەقای گشت پارە و پوڵی دنیا رۆحی شادمان ئەکردین. 

  گەر لەم روانگەیەوە لەهاوکاری و پشتیوانیەکان بۆ رۆژاوای کوردستان بنۆڕین، چەند و چۆنایەتی خەڵکی ئاوارە و کارەساتباری ئەوێ، ژمارەی بارهەڵگر و بارستایی برنج و رۆن، لێفە و بەتانی و تەنانەت چەردە پارەش نابێتە پێودانگی دڵسۆزی و پشتیوانی، ئەوەی بەراستی پێناسەی دڵسۆزی دەردەخات شێوازی پێشکەشکردنی ئەو هاوکاریانەیە، کەتیایدا، حورمەت و شکۆی خەڵکە قوربانیدەرەکە پارێزراو بێت، ئەو شکۆیەی کەبەگشت سامانی دنیا ناکڕدرێ و نافرۆشرێت. 

 هەرکات پێشکەشکردنی نان و ئاو، پارە و پوڵ، بەکەرەستەی نمایشکرن، وێنەگرتن و بانگەشەکردن کرا، ئیتر دەبێتە ئازارێکی هەمیشەیی و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ تائەگەر خێرخواز ئەو نێت و مەبەستەشی نەبوبێت، بۆیە ئەو نێتە جوانە پێویستی بەرەفتارێک و شێوازێکی جوانتر لەخۆی بۆ پێشکەشکردن هەیە.

 وێنەگرتن و نمایشکردنی برین و ئازاری خاوەن پێداویستی نان و ئاو، هاوشانی نمایشکردنی بازوی هێز و پێگە یان دەوڵەمەندی ... ئنجا بەربڵاو بڵاوکردنەوەی ئەو رەنگی برسێتی و پێداویستیە بەدەنگی زوڵاڵی پیاوەتی، جگە لەشکۆ شکاندنی قوربانیەکە هیچ مانایەکیتر نابەخشێت، چجای ئەو قوربانیانە هاوڵاتی و خەڵکی ناو مەرگەسات و کارەسەتباری دەستی دوژمنەکانی گەلەکەی خۆت بن.

 بەشبەحاڵی خۆم ئەوەندەی ئەو پردە شەقوشڕەی دەروازە سەرەکی و رەسمیەکەی هەرێم کەلەسەر تەختە و بەرمیلی بەتاڵ دروستکراوە (رۆژانە هەماهەنگی برایم خەلیل دەیان ملیۆن دۆلار داهاتێتی) توڕە و دڕدۆنگی کردم..! کاروانی بارهەڵگر و لۆگۆی رێکخراوەکان و دەزگاکانی هاوکاری لەپەڕینەوەی ئەو پردەیا، دڵخۆشیان نەکردم.  

  بەداخەوە ئەم نمایش و تەمسیلکردنە شەقام و شەقاوی خۆپیشاندەرانیشی گرتۆتەوە، بەناوی یەکدەستی و یەکماڵی کورد، بەهۆی بەکارهێنانی پێگەی دەزگا و کۆمپانیا و میدیای حیزب لەناو ئاپۆرەکاندا، دەنگ و رەنگی حوکمڕان و ستەمکارانی کوردستان لەهەموان دلێرتر و بەرچاوترە. بەئاشکرا سواری شەپۆلی بوژاندنەوەی گیانی نیشتیمانی ونەتەوەیی و هەست و سۆزی کوردایەتی بوون. ئەو رۆح و سۆز و جەستەیەی کەساڵانێکی زۆرە خێزان و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم کار بۆ فەوتی دەکەن، راچڵەکینی نەوەی نوێ لەکەناری مەرگ و لەگۆڕ دەریهێنایەوە.  ئێستاش کەرۆحێکی وەبەردا هاتۆتەوە، هاتون لەهەندێ شوێن بەوێنە و هەواڵی فەیک و بەکارهێنانی دەسەڵاتی حوکمدارێتیەکەیان، گەرەکیانە خاوەندارێتیشی بکەن. ماکینەیەکی گەورەی رێکخراو، راگەیاندن و پارەی دزراوی کوردستانیان بۆ بەپاڵەوانکردنی مناڵ و نەوەکانیان خستۆتە گەڕ، هەست و نەستی کۆمەڵی کوردەواری بەجۆرێک ئاراستە دەکەن فریادرەسی ئێستا و داهاتومان تەنیا خۆیان بن، لەهەموو ئەو ناهەقیانەی بەرامبەر خەڵک کردویانە، لەچاوەڕوانی پۆزش و داوای لێبوردنی گەلی کوردستاندا بن.

  هەندێک لەخوێندەوار و رۆشنفکرەکانیش ستایشی ئەو سوارناچاکانەی شەپۆلەکە دەکەن بەبێ ئەوەی پرسیار لەچەندایەتی و چۆنایەتی هاوکاری و پشتیوانی راستەقینەی مادی و سەربازی و دبلۆماسی ئەو حیزبانە و حکومەت و پەرلەمانەکەیان بۆ پرسی کۆمەڵکوژی رۆژاوای کوردستانەکەمان بکەن. تەنانەت پرسی مافی بژێوی، موچەی فەرمانبەران و ژیانی بەشکۆ و کەرامەتیشیان لەبیری خەڵک بردۆتەوە.


AM:09:41:31/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی