تەنیا ئاڵای پیرۆزی کوردستان!

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

ئەرکە سەرەکیەکەی حیزبی کوردی بە پلەی یەک بریتیە لە تێگەیشتن لەو ڕاستیەی کە: حیزب کەرە ستەیەکە بۆ خزمەتی میللەت و پاراستنی سەروە ری خاکی پیرۆزی کوردستان و، هیچیتر.

ڕوداوەکانی خۆرئاوای کوردستان جارێکیتر و وەک هەزاران جاریتر لە مێژوی پڕ لە چەوسانەوە (مێژو) پەیامێکمان بۆ ئەنێرێت کە: کەس دۆستمان نیە و تەنیا پشت و پەنایەک کە هەمانبێت یەکڕیزی و یەکێتی نێوخۆمانە. ئەم پەیامە تاڵەی مێژو نابێت لە دۆستایەتی میللەتان و پێکەوە ژیان نائومێد و بێمنەتمان بکات. بەڵام نابێت ئەو ڕاستیەشمان بیر بچێتەوە کە ئاواتی دۆستایەتی و پێکەوە ژیانی نێوان میللەتان کاتێک مومکین ئەبێت کە بەرابەری و مافی چونیەکی میللەتان پارێزراوبێت. نابێت تۆ دەوڵەتت هەبێت، پاسەپۆرتی دەوڵەتی خۆتت لە گیرفانابێت، ئاڵاکەت لەسەربانی سەفارە تەکانت لە پایتەختەکانی جیهان بشەکێتەوە… نیشتیمانی منیش داگیرکراو بێت، پاسەپۆرتی دەوڵەتی ئەجنەبی داگیرکار لە گیرفانما بێت، ئاڵاکەم قەدەغەکراوبێت، زمانەکەم زمانی جنۆکە بێت، تۆ ئینسان بیت و منیش بەرازبم. هەتا میللەتێکی بندە ست و بێ بێ دەوڵەت لەسەر زەوی مابێت، هەرچی ئەوگوتار و قانون و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیانە هەیە کە باس مافی ئینسان ئەکەن هیچ بایەخێکی نیە.

لە ئێستادا ئەم تەنیاییەی ئێمە خێر و بەرەکەتی یەکدەنگی بەناوچەوانەوەیە و، وەکو بڵێی بەختێکی چاک لەوپەڕی بەدبەختیا ڕوی تێکردوین. بەرنامەی شەڕێکی نابەرابەر لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئارادایە، دیمەن و هەواڵەکان جەرگبڕن، بەڵام وێنە گەورەکەی یەکڕیزی و یەکدە نگیمان ورەمان بەرز ئەکاتەوە و وزە بەخشە. گەلی کوردستان بە ئینتیمای سیاسی جیاواز لەکوردستان ولە هەندە ران وەک لەشکرێکی چەند ملیۆنی پێشمەرگە، دە ست لەناو دەست لە سەنگەری ناڕەزایی و بەرەوڕوبونەوەی مەدەنیدان. جەماوەری کوردستان بەم هەڵوێستەیان سەلماندیان کە سەرچاوەی بون و دەسەڵاتن.

لەم ساتە وەختەی مێژودا، ئەرکی سەرەکی حیزبە سیاسیەکانی کوردستانە کە خزمەتکاری ئەم یەکڕیزیە بین و، ئەم فرسەتە ش لەدەست خۆمان نەدە ین. دەبێت هەمو لایەنەکان پێکەوە لە ئاست بەرپرسیاریتیدا بین، بۆیە پێویستە لە هەمو بارە گا حیزبیەکان (ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت هەتا ڕۆژاوای کوردستان ئەهوەن ئەبێتەوە و، مەترسی لەسەر قڕکردنی میللەتەکەمان نامێنێت) ئاڵای حیزب دابگیرێت و تەنیا ئاڵای نیشتیمانی پیرۆزی کوردستان بشە کێتەوە.

مردن لەڕێی کوردستان بۆ ئێمە وەک خەڵاتە
با دنیا باش بزانێت کوردستان یەک وڵاتە

تێبینی:
ئەم گوتارە تەعبیر لە بیرکردنەوەی خۆم بە تەنیا ئەکات و، بە پلەو پۆست و سیاسەتی حیزبیمەوە نەبەستراوە تەوە.


AM:10:56:26/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی