بۆ کەجەکە: داگرتنی ئاڵای تورکیا لە نسێبین بە ئاژاوەگێڕیی و بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی دادەنێت

‌سۆران ئازاد

(جیل دۆلۆز) و (فلێکس گۆتاری) دەڵێن، ''بۆ ئارەزوو ئارەزووی سەرکوتکردنی خۆی دەکات، چۆن دەتوانێت ئارەزووی سەرکوتکردنی خۆی بکات؟'' منیش دەپرسم بۆ (کەجەکە) ئارەزووی سەرکوتکردنی خۆی، واتە کورد دەکات؟ بۆ دەتەوێت ئەوانەی ئاڵای تورکیایان داگرتووە، سەرکوتیان بکەیت؟ دەتەوێت سەرکوتیان بکەیت، چونکە خۆتان سەرکوت کراون. ئایدۆلۆجیای و بیری کۆمەڵگەی دیموکرات و برایەتی گەلان سەرکوتی کردوون و دەتەوێت تەواوی کوردیش بەو ئایدۆلۆجیا و بیرە خۆی سەرکوت بکات. 

یەکەم: پرۆسەکە ناوی ئاشتی نییە و ناوی تورکیای بێ تیرۆرە. دەوڵەتی تورکیا ئەو پڕۆسەیەی دیزاین کردووە، دەست پێ کردووە و دواتر بەسەریدا سەپاندوویت. هەر بۆیە، ناوە ڕاستینەکە لای ئەوانە نەک لای تۆ. 

دووەم: ئەوانەی ئاڵای تورکیایان داگرتووە، ئەو کوردانەن، کە دژ بە داگیرکار، دژ بە کۆمەڵکوژیی کورد وەستاونەتەوە. واتە تۆ لەوە دەترسیت هەستی تورکەکان بەو ئاڵاداگرتنە تێک بچێت؟ هەستی ئەوان دەمێکە بە هەبوونی تۆ وەک کورد تێک چووە. (کانت) گۆتەنی، 'ئەگەر ڕاستی دەیانکوژێت، ڕێگە بدە بمرن.' ئەوان بە ڕاستیی کوردێتیی تۆ دەمرن. تۆ بۆ ڕێگەی ئەو مردنە دەگریت و لێی دەترسیت؟ ئەگەر لە ناخەوە داگیر نەکرابیت، هەرگیز هێندە هاوسۆزیت بۆ داگیرکار و ئاڵاکەی نابێت. 

سێیەم: ئەو پڕۆسەیە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە بوو بە پاساوی هاتنەبەری مافەکانی کورد لە تورکیا، ڕێگە لە ڕاپەڕینی کوردانی باکوور بۆ پاڵپشتیی خۆرئاوا بگیرێت. ئەگەر تورکیا هەر بەڕاستی باوەڕی بە مافی کورد هەبێت، کە سەربەخۆیییە، هێندە هەوڵی بۆ لەناوبردنی خۆرئاوای کوردستانی نەدەدا. 

چوارەم: دەڵێن 'لێدوانی بەرپرسانی حکومەت و شێوەی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕوداوە لە میدیاکانەوە، پەرەی بە شۆڤێنیزمی دوژمنایەتکردنی کورداندا.' واتە مەبەستتانە بڵێن شۆڤێنیزمی دوژمانەیەتیی کورد وا لەناو دەچوو و بەو ئاڵاداگرتنە سەری هەڵدایەوە؟ دەزانیت وەکوو چی وایە؟ وەکوو ئەوە وایە داعشێک بیەوێت سەرت ببڕێت و تۆش بەرگری لە خۆت بکەیت. خەڵک هێرشت بکەنە سەر و پێت بڵێن خۆ ئەو داعشە خەریک بوو پەشیمان ببێتەوە، تۆ بۆ بەرگری دەکەیت؟ ئەو باوەڕە ئایدۆلۆجی و وەهمییانەی ئێوە هەستی ئێوەی بۆ ڕاستی لەناو بردووە. ئێوە هێندە بۆچوونە بێبنەماکانی (ئاپۆ)تان بۆ گرنگە، هێندە باسی ژیان و مردنی کوردتان بۆ گرنگ نییە. بۆ پاراستنی ئەو ئاڵایەی ئێوە بەرگری لێ دەکەن، واتە ئاڵای تورکیا، ئێستا ژیانی ملیۆنان کوردی خۆرئاوا لە مەترسیدایە.

پێنجەم: نووسیوانە "ڕێبەر ئاپۆیش هەمیشە جەختی کردوەتەوە، لە دژی هەمو جۆرە هێرشێکە دژ بە ئاڵای کۆماری تورکیا، هەمیشە ڕێزی لە بەهاکانی گەلی تورکیا گرتوە، دەوڵەتی تورک و لایەنە سیاسییەکانی تورکیاش ئەو هەڵوێستەی ئێمە دەزانن، بۆیە دوای ئەم ئیستفزازی ئاڵایە بە ئامانج نیشاندانی تەڤگەرمان، دەم پارتی و گەلی کورد نیشاندەری ئەوەیە ئەمە بە مەبەست ئەنجام دراوە". 

ئێستا لە جیاتی ناوی (ڕێبەر ئاپۆ)، ناوی من داندرابا، یان لەوە خراپتر ناوی (بارزانی) یان (تاڵەبانی) داندرابا، ئەوا بێگومان بە خیانەتکار و جاشی تورک دادەندراین، بەڵام چونکە بۆچوونەکە هیی ئێوە و (ئاپۆ)یە، ئەوا ئامانجەکە کۆمەڵگەی دیموکرات و برایەتی گەلانە. (کەجەکە) ئێوە بەو سەرکوتکردنەی کورد، بەو شەرمەزاریکردنەی هەڵوێستی کوردانی یاخی و ڕاپەڕیوو، هەستی دوژمنەکەتان بەرانبەر بە خۆتان ناگۆڕن، چونکە لە دیدی ئەو ئێوە هەر تیرۆریستن و هەر تیرۆریستیش دەبن. هەستی دوژمن بەرانبەر بە تۆ، بەرانبەر بە کورد، کاتێک دەگۆڕێت، کە ویستی ئازاد و هێزدارانەی کورد سەر هەڵبدات. ئێوە ویستیان داگیر کراوە. 

شەشەم: ئێستا کاتی بەئاگاهاتنەوەیە. چەندین ساڵ بەر لە ئێستا خۆرئاوای کوردستان بە ئایدۆلۆجیای برایەتی گەلان و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئاڵای کوردستانیان لە خۆرئاوای کوردستان قەدەغە کرد بۆ ئەوەی دڵی عەرەبە سوورییەکان نەڕەنجێت و لێیان هەڵنەگەڕێنەوە. بەڵام ئەوەتا هەڵگەڕانەوە و کوشندەترین زیانیان بە هێزەکانیان گەیاندن. ئایدۆلۆجیای کۆمەڵگەی سوریای دیموکراتیک مرد و لە شوێنیدا گۆتاری خۆرئاوای کوردستان زیندوو بوویەوە، چونکە پشتکردنە ئەو گۆتارە وەکوو ئەوە وایە گوللە لە قاچ و لە سەری خۆت بدەیت.


PM:12:35:23/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی