هاوتەریبیی تیشکی سەوزی ئەمریکا و پاڵنەری توورکیا لە ئاراستەی شەڕ لە دژی کورد لە سووریا !

‌نیاز سەعید عەلی

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە دوای کارەساتی شەنگال و پەلامار و شاڵاوە دڕندانەکانی تری دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە سووریا و عێراق، ناچاربوو لە دژی ئەو دەوڵەتە؛ کە بە دەوڵەتی داعش ئەناسرا، چەند بڕیارێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی  دەربکات و داوای پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکی نێودەوڵەتی لە دژی بکات . 

ئەوە بوو ئەمریکا بووە سەرپەرشتیار و پێکهێنەری هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە دژی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی و کەوتنە شەڕ لە دژی .

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دەسپێکی شەڕەکەوە، توانی لە ئاسمانەوە باڵادەست بێت بەسەر مەیدانی شەڕەکەدا، بەڵام لەسەر زەوی؛ دەستەوسان بوون و چەندین گرفت و کۆسپیان هاتە بەردەم، بەتایبەتی لە سووریا .

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا، بۆ بەڕێوەبردنی شەڕی تیرۆر لەسەر زەوی، گرفت و کۆسپی گەورەیان بۆ دروست نەبوو، لەبەرئەوەی سوپا و هێزەکانی حەشدی شەعبی سەر بە حکومەتی عێراق و هێزی پیشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بوونە هێزی شەڕکەری سەر زەوی، لە دژی دەوڵەتی ئیسلامیی داعش لە ناوچەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لە ناو عێراق و لە نزیکی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام ڕەوشەکە لە سووریا جیاوازتر بوو؛ ئەویش بەهۆی گۆشەگیری و دابڕاویی حکومەتی بەشار ئەسەد لە جیهان و بوونی ئابڵۆقە لەسەری، بەتایبەتی پاش ئەوەی ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی بەشداری ناو هاوپەیمانێتیەکە؛ بەهۆی ڕەوشی ناوخۆی خوێناویی سووریاوە، پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەکانیان لەگەڵ بەشار پچڕاندبوو، هەر بۆیە ناچاربوون بۆ پشتبەستن بە هێزی شەڕکەری سەر زەوی، بیر لە ئەلتەرناتیڤ بکەنەوە؛ بۆ ئەمەش ڕوویان لە (پارتی یەکێتیی دیموکراتی) کرد لە کوردستانی ڕۆژئاوا، کە (٢٠٠٣)ەوە دامەزراوە و بە (پەیەدە) ناسراوە و لێی نزیکبوونەوە و کەوتنە کۆمەککردن و مەشقپێکردن و بەهێزکردنیان لەڕووی سەربازی .

(پەیەدە) ئەو کاتە خاوەنی دوو هێزی چەکدار و شەڕکەر بوو، بە ناوەکانی (یەکینەکانی پاراستنی گەل)، کە لە (٢٠١٢) دروستی کردبوو، ناسراو بوو بە (یەپەگە)، دووەمیشیان بریتیە لە (یەکینەکانی پاراستنی ژن)، کە لە (٢٠١٣) دروستی کرد و  ناسراوە بە (یەپەژە)، تا ئەو ساتە ئەو دوو هێزە؛ توانیبوویان چەندین شار و شارۆچکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی فورات بخەنە ژێر جڵەوی خۆیان و تیایدا چەند کانتۆنێک، بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی دروست بکەن، پاشان بەهۆی فراوانبوونی ناوچەی قەڵەمڕەوی و بەهۆی بەشداریی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی تر، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی فورات؛ لە (٢٠١٥) قەوارە چەکداریەکە ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (هێزەکانی سووریای دیموکراسی) و بە (هەسەدە) ناسرا، پاشان لە (٢٠١٨)دا؛ ناوی سیستەمە فەرمانڕەواییەکەشیان گۆڕی، بۆ (خۆبەڕێوەبەریی دیموکراسیی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا) .

توورکیا و فۆبیای هەسەدە !

توورکیا بەردەوام قەوارە و هێزی هەسەدەی بە هەڕەشە و مەترسیی گەورە زانیوە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و داهاتووی توورکیا، لەمڕووەوە لە دە ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هێزە کرێگرتە و بریکارەکانی خۆی؛ لە هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی سووریای بەکارهێناوە بۆ شەڕکردن لە دژی هەسەدە، چەندین جاریش لەشکرکێشیی کردۆتە سەر ناوچە کوردیەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە؛ لە ناویاندا، سێ لەشکرکێشیی گەورە بە ناوەکانی (قەڵغانی فورات لە ٢٠١٦ بۆ داگیرکردنی گوندەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی حەڵەب)، (چڵە زەیتون لە ٢٠١٨ بۆ داگیرکردنی عەفرین)، (کانی ئاشتی لە ٢٠١٩ بۆ داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی باکوری سووریا لەسەر سنووری توورکیا) .

دوای قۆناغی هەڵهاتنی بەشار ئەسەدیش لە (٨/١٢/٢٠٢٤)، دەوڵەتی توورکیا پشتبەستن بە هەژموون و زاڵی و باڵادەستیی؛ بەسەر ئەحمەد شەرعدا؛ حکومەتی سووریای پاڵپێوەناوە؛ بۆ هێرش و پەلاماردانی قەوارەی هەسەدە، ئەویش بە ئامانجی کۆتاییهێنان بەو قەوارەیە و ڕیشەکێشکردنی لە ناو سووریادا و ڕەواندنەوەی ترسەکەی .

هاوکات بەردەوام بووە لە دروستکردنی لوبی و گرتنەبەری ڕێگای جۆراوجۆر، بۆ دروستکردنی فشار و گوشار لەسەر خودی سەرۆکی ئەمریکا؛ بە تایبەتی دۆنالد ترامپ، چ لە خولی چوار ساڵی پێشووتری لە سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە (2017 – 2021)، چ لەم خولەی دووەمجاریشیدا کە لە سەرەتای (٢٠٢٦)ەوە دەستیپێکردوە، بۆ ئەوەی ئەمریکا دەست لە هەسەدە بەربدات و پشتی تێبکات، هاوکات تیشکی سەوزی لێوەربگرێت بۆ سوپاکەی ئەحمەد شەرع، بۆ هێڕش و شەڕکردن لە دژی هەسەدە و کۆتاییهێنان؛ بە قەوارە سیاسی و فەرمانڕەوایی و سەربازیەکەی، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی فورات .

ئەمریکا وەک ئەوەی لە غەززە ویستی؛ لە سووریا نەیکرد !

ئەپرسم توورکیایەکی زۆر بچووک لەچاو ئەمریکا، کە لە هیچ ڕوویەکەوە و لە هیچ بوارێکدا بەراوورد ناکرێت لەگەڵ ئەمریکا و زۆر نا هاوسەنگە لەگەڵیدا؛ بەتایبەتی لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی، هەروەها لە کایەی سەربازی و جیۆستراتیژی و بوونی هەژموون بەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تر، بۆچی بۆی بلوێت و بتوانێت؛ بە ئاسانی سەر بە ئەحمەد شەرع دانەوێنێت و پابەندی بکات، بە جێبەجێکردنی داواکاریە ناڕەوا و دوژمنکاری و شەڕانگێزییە داسەپاوەکانی؛ لە دژی کورد و هەسەدە لە سووریا، بەڵام ئەمریکا نەتوانێت ئاشتیەک و ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ بۆ هەردوولا دابڕێژێت و بیسەپێنێت بەسەر  هەسەدە و حکومەتی سووریا، وەک چۆن لە ئێستادا، لەبری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەب، سەرقاڵ و سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی چەسپاندنی ئاشتیەکی زۆرەملێ و دروستکردنی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی ئەکات؛ بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لە فەڵەستین ؟!

شایەنی باسە هەموو ئاماژەکان گەواهی ئەوە ئەدەن؛ باراک دوور لە هەوڵ و کۆششی تاکە کەسیی خۆی، لەلایەن ترامپی سەرۆکەوە، ڕاسپێردراوە بە کۆتاییهێنان بە پرۆژەی سیاسی و کارگێڕیی و ئەمنی و سەربازیی قەوارەی هەسەدە، قەوارەیەک کە لە شەڕی داعشدا، پانزە هەزار شەهیدی داوە و بە دانپیانانی ڕۆژئاواییەکان، هەسەدە توانیویەتی لەچوارچێوەی ئەو قەوارەیەدا؛ مۆدێلێکی کراوەی فرەیی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی پێکهاتە جیاوازەکان و مۆدرێن و پێشکەوتوو؛ لەڕووی کۆمەڵایەتی و مافی ژنان و سەقامگیر، لەڕووی ئاسایش و ئارامی و سیستەمێکی کارگێڕیی؛ دوور لە گەندەڵی و پاوانخوازیی ناوازەی زۆر جیاوازتر، لە حکومەتەکانی تری ناو سووریا و ناوچەکە پێشکەش بکات؛ کە ئەبوو ئەو خاڵە لەبەرچاوبگیرایە و ئەو ئەزموونە بکرایەتە نەخشە ڕێگایەک؛ بۆ سیستەمی فەرمانڕەوایی تازەی سووریا، نەک هەرەسی پێبهێنن و ئەزموونی حکومەتە سەلەفیستە جیهادیە دژە مرۆییەکەی ئەحمەد شەرع، لە ئیدلب بسەپێنن بەسەر سووریایەکی وێران و داماو و شەتەک و تینوو بۆ ئازادی و مافەکان ! 

تۆم باراک، یان کیسەنجەرێکی تر؟

هەنری کیسنجەر لە کاتی ڕێککەوتننامەی جەزائیری نێوان عێراق و ئێران لە (١٩٧٥)، لە یەک کاتدا دوو پۆستی گرنگ و کاریگەری هەبوو، یەکەمیان سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە (١٩٦٩ – ١٩٧٥)، ئەوی تریان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە (١٩٧٣ – ١٩٧٧)، ناوبراو ڕۆڵی گەورە و بەرچاوی گێڕا؛ لە زەمینەخۆشکردن و داڕشتن و سەرخستنی ئەو ڕیککەوتننامەیە، کە بە نێوەندگیریی سەرۆکی جەزائیر و بە هەوڵ و کۆشش و پشتگیریی ئەمریکا هاتە بەرهەم، بە پلەی یەکەم بۆ ئامانجی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە بەرژەوەندیی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەهۆی شەڕ و ناکۆکیەکانی لەگەڵ فەڵەستینیەکان و وڵاتانی تری عەرەب و ئیسلامی، هاوکات نواندنی خەمساردی و بێباکی، لە دەرەوەی پرانسیپی مرۆیی و ئەخلاقی سیاسی؛ بۆ شکستپێهێنان بە شۆرشێکی گەورەی نەتەوەیی کورد؛ بە ناوی شۆڕشی ئەیلول، بە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق! 

ئێستا مێژوو دووبارە ئەبێتەوە، بەڵام لە دیمەنێکی تردا و دیسان بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و دەوڵەتی سووریای تازەی چەماوە؛ لە بەردەم ئیسرائیل و ئەمریکا، بە ناوی وتووێژی پاریس، کە لە (٥-٦/١/٢٠٢٦)، لە شاری پاریس لە نێوان ئیسرائیل و سووریا، بە سەرپەرشتیی ئەمریکا سازدرا، کە یەکێک لە دەرەنجامەکانی بریتیە لە شکستپێهێنان و کۆتاییپیهێنان بە ئەزموونێکی تری کوردی، لە خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی؛ ئەویش ئەزموونی هەسەدە لە کوردستانی ڕۆژئاوا!

ئەوە بوو ڕاستەوخۆ دوای ئەو وتووێژەی پاریس، ڕۆژی (٧/١/٢٠٢٦)، حکومەتی سووریا گفتوگۆی لەگەڵ هەسەدە ڕاگرت و پەلاماری هەردوو گەڕەکی کوردنشینی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی دا، لە شاری حەلەب و کردیە دەسپێک بۆ فراوانکردنی شەڕەکە لە دژی هەسەدە؛ لە شار و شارۆچکەکانی تر.

سیناریۆی ئەمجارەی ئەمریکا، لە سەردەستی دۆنالد ترامپ ڕووئەدات و لەڕێگەی تۆم باراکی باڵیۆزی ئەمریکا لە توورکیا جێبەجێئەکرێت، کە هاوکات نێردەی ترامپیشە بۆ کاروباری سووریا و لوبنان.

ترامپ بە فەرمی دۆسیەی ناکۆکی و ململانێی، نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریای ڕووبەڕووی باراک کردۆتەوە؛ ئەویش بە ئامانجی یەکلاییکردنەوە، بە بەرژەوەندیی تاکلایەنەی حکومەتی سووریا، لە بەرامبەر ملکەچبوون و دەستهەڵگرتنی سووریا؛ لە ڕووبەرێکی فراوان، لە خاکی سووریای داگیرکراو بۆ ئیسرائیل، وەک چۆن عێراق لەو ڕێککەوتننامەیەدا هەمان بژاردەی ملکەچکردنی گرتۆتەبەر و دەستی لە خاوەنداریتیی شەتولعەرەب هەڵگرت بۆ ئێران؛ لە بەرامبەر ڕاگرتنی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتگیری و ئاسانکاریەک، کە لەلایەن ئێرانەوە پێشکەشی شۆرشی ئەیلول ئەکرا، ئەمە سەرەبەدەر لە ڕاگرتنی هەموو هاوکاریەکی ئێران و ئیسرائیلیش بۆ شۆرشی ئەیلول؛ لە دەرەوەی ڕێککەوتننامەکە. 

تۆم باراک بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا، لەوەتەی دەستبەکاربووە لە ناوەڕاستی (٢٠٢٥)ەوە؛ ڕاستەوخۆ بە چەندین لێدوانی ئازاربەخش و هەڵوێستی بێزارکەر و هەراسانکەر لە دژی هەسەدە؛ گوزارشتی لە سیاسەت و هەڵویستی نێگەتیڤی ئەمریکای لەسەر ئەو دۆسیەیە کردوە.
 
لەم سۆنگەیەوە؛ ناوبراو دوور لە خواست و هیوای کورد بەگشتی و هەسەدە بە تایبەتی؛ لەپشتی پەردە و بە ڕاوێژ و پیلان و تەگبیری دژە کوردانە؛ لەگەڵ ئەردۆگان، لەلایەکی تر بە وروژاندنی دروشمی تەکبیری ئەڵڵاهو ئەکبەری جیهادیانە، لەگەڵ ئەحمەد شەرعی کۆنە سەرکردەی موجاهیدی ئیسلامی؛ کەوتۆتە داڕشتنی نەخشە و پلان، بۆ کۆتاییهێنان بە هەسەدە و ئەزموونە سەرکەوتووەکەی لە فەرمانڕەواییدا؛ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا .

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵیەکانی میدیا، ناوبراو لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ مەزلوم عەبدی، بە پێداگریی توند داوای هەڵوەشانەوەی هەسەدە و سیستەمی فەرمانرەواییەکەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی فورات کردوە و سوورە لەسەر نەمانی هەسەدە.

جێی ئاماژەیە باراک لە لێدوانەکانیدا هەر بە هەسەدە و ڕۆژئاوەوە نەوەستاوە؛ بەڵکو بە ناڕاستەوخۆ لە دژی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی عێراقیش؛ دڵڕەشانە پەیامی ترسناکی دەربڕیوە؛ بەتایبەتی لەسەر سیستەمی فیدڕالیزمی هەرێمی کوردستان لە عێراق، لەمڕووەوە فیدڕالیزمی بە ئەزموونێکی شکستخواردوو و کۆسپ و لەمپەر، لەبەردەم سەقامگیریی عێراق لەقەڵەمداوە .


PM:05:40:22/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی