عەمبارکردنی ڕادیکاڵەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان

‌سان ساراڤان

بە درێژایی سەردانەکانم بۆ رۆژئاوای کوردستان و بۆ ماوەی زیاتر لە چەند جارێک، کە ھەمیشە سەردانی سەرجەم کەمپ و زیندانە تایبەتەکان و زیندانیانی داعشم کردبێت، لە زۆربەی جارەکاندا چاوم بە مەترسیدارترین ئەندامانی داعش کەوتووە، لە سەرکردەوە تەنانەت تا منداڵە جەنگاوەرەکان، خەلکی زیاتر لە ٥٠ ولات و نەتەوە و ھەڵگری رەگەزنانەی جیاواز، ھەر لە دەولەتانی پێشکەوتووی ئەوروپی و بەریتانی و کەنەدی وئەفریقی و ئاسیایی و روسی تەنانەت دورگە سیحراویەکەی ترینیداد نزیک لە ئەمەریکای باشووریشم بینیوەوە و ئاخاوتنم کردووە.

بۆ زیاتر لە پێنج جار چوونم هەمیشە ئەو پرسیارەم لا دروست دەبوو، ئایا مانەوەی ئەم ژمارە گەورەیەی ئەندامانی داعش بۆ لە رۆژئاوای کوردستان، بەدرێژایی ساڵان هۆکاری چییە؟ چارەنووسیان چی دەبێت؟ بەرەو کوێ دەیانبەن؟ بۆچی نایانگەڕێننەوە بۆ وڵاتی دایکی خۆیان؟

دوو سەردانم بۆ لێکۆڵینەوە بوو لەسەر ئەوەی ئایا وڵاتەکانی خۆیان بۆ ئەندامانی داعش وەرناگرنەوە؟ وڵاتانی فەرەنسی و هۆڵەندی و بەریتانیا کە هەمیشە بانگەشەی دیمکراسی و بەرنامەی تێکهەڵچوونەوەی کۆمەڵایەتی و یەکانگیری و کارکردنە لەسەر (چەمکی دیڕادیکاڵەیزەشن) بەواتا کاردکردن بۆ لابردنی بیری توندرەوی لەناوخۆی ولاتدا دەکەن، بەڵام بۆ ئەم بەرنامە و سیاسەتانەیان بۆ هەزارەها هاوڵاتیانی داعشی خۆیان فەراهەم نەکردووە لەو کەمپانەدا لەو کەمپانەدا؟

لەکەمپاکانیشدا جگە لە دابینکردنی خۆراک و پێداویستی تەندروستی و سەرەتایترین خۆێندن هیچ شتێکی تر بوونی نەبوو، ژمارەی رێکخراوە مرۆییەکان بە پەنجەی دەست دەژمێران،کە زۆربەیان بەنایاسایی لە سنووری پیشخابوورەوە چووبونە رۆژئاوا. ئەوانیش بووجەیەکی سنوورداریان هەبوو.
جگە لە خوێندنی ناو کەمپەکان، خێزانی داعشەکان بەبەرچاوی هێزە نێو دەولەتییەکان پەرەوەردە و فەلسەفەی دەوڵەتی خەلافەیان بە دزییەوە دەگوتەوە، راهێنانی جەستەی تایبەتیان هەبوو بۆ هەلکەندنی خەندەق و قۆرت لە ناو خێمە چۆڵەکاندا بۆ منداڵان و هەرزەکاران. کەمپی وا هەبوو هەزارەها خێمەی بەتاڵی تێدابوو، بەتایبەت لەو کەمپە پڕمەترسدارانەی کە زۆرترین توندرەو و جەنگاوەری داعشی تێدابوو.

ژنانی داعش وانەیان بە گەنج و لاوان دەوتەوە لەسەر ڕێچکەو فەلسەفەی خەلافەتەکەیان، لەناو خۆیاندا، چەندەها کەس گەواهی ئەوەیان دەدا کە ئەمان فێری ئەوە دەکرێن کە چۆن منداڵ بخەنەوە زیاتر، گرنگ نییە لە چەند پیاو بێت و کوڕە هەرزەکارەکان لەگەڵ چەند نێوجەوانی کچی مناڵدا بخەون ، هەر کە تەمەنیان گەشتە نێوجەوانی ئەبێت دەست بکەن بە منداڵ خستنەوە بۆ دەولەتی خەلافەت. ئەم بزوتنەوەیە بەتایبەتی لەناو کەمپی توندرەوەکان زۆر بەدی دەکرا، ئەگەر چی لە چەند سێکەتەرێکی کەمپی هۆڵدا توندرەوی کەمتر بوو و ئەم جۆرە لە پەروەردەیە کەمتر بوو بەڵام هەر بوونیان هەبوو.

کوڕان و کچانی رۆژئاوای کوردستان بە خۆبەخشی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەلایەتی و کاری پیشەییان بۆ گەنجانی ناو کەمپەکان فەراهەمکردبوو، دەیانویست کاری توندرەوی و بیری تووندرەوی کەمبکەنەوە لەو کەمپەدا، بەلام زۆر سەخت و دژوار بوو، چونکە راگیراوان بیری داعشی و توندڕەوی و رادیکاڵیەتی بیری داعشی و خەلافەتیان ھەمیشە بەنھێنی پەیڕەو دەکرد.
رێکخراەوکانیش نەیان ئەتوانی کاری پێویست لەسەر خاوکردنەوەی بیری توندرەوی بکەن، خۆشیان زۆرجار لە چوونە ناوەوەی کەمپەکان دەترسان لەو توندڕەوانە. وڵاتە زلھێزەکان خۆیان بەخاوەنی ئەو هاوڵاتیە داعشانە نەدەزانی، ئنجا وەی بەحاڵی ولاتە لاواز و عەرەبیەکان، لەوان خراپتر بوون، خۆیان نەدەکردە خاوەنی ئەم خەڵکە داعش و داعشیانە.

سەرەرای ئەم رەوشە خراپانە، وڵاتە نەیارەکانی رۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆسەری زوو زوو لە رێگەی کەسی دەولەمەندی شاراوە و مەجھولەوە پارەیان بە چاودێرانی رەوشی مافی مرۆڤ دەدا بۆئەوەی رەوشی مافی مرۆڤ لەو کەمپانەی ئەو دەڤەرە ھەلسەنگێنن، تا ببێت بە پەڵەیەکی رەش بەسەر ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان.

پرسیارە سەرەکییەکەی من ھەر ئەوە بوو، ئەم ڕاگیراوە داعشیانە تاکەی لێرە لە ڕۆژئاوای کورستان دمێننەوە؟

ئەم ئەزمونانەی ئەم چەند رۆژەی ڕابردوو دەریخست کە ولاتانی زلھێز و تەنانەت ھەندێک لە وڵاتانی عەرەبی سەرمایەگوزار بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان ھەمیشە ھێزێکی لادەری توند رەو ڕادیکاڵی وەک داعش پێویستە عەمباری بکات و بیخاتە کۆکاگایەکەوە تا بەپێی بەرژەوەندییەکان و کات و شوێنی خۆی بەکارییان بھێنێت، لە کاتی خۆیدا لەو عەمبارانە بهێنێتە دەرەوە و بازرگانیان پێوە بکات.

بۆیە بەداخەوە رۆژئاوای کوردستان ببوە عەمبار و کۆگایەکی پارێزراو بۆ ھەڵگرتن و زیادبوون و گەشەکردنی بیری ڕادیکاڵی ئەو ھێزەی داعش کە رەنگە وەک کەرەسەیەک بگوازرێنەوە بۆ ژینگەیەکی تر.


PM:01:00:22/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی