ئێوە کەزیمان ئەبڕن، ئێمەش سنوورە دەستکردەکان
پەری تاهیر
ئەوەتەیی ئەم شەڕە نەگریسە بەردەرگایی گرتووین هیچ شتێک هێندەیی بڕینی کەزی ژنە شەرڤانێک دڵی نەڕەنجاندم، بەڵام لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مێژوویی و بەناوی ئەو پرەنسیپانەی لە یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا چەسپێنراون، هەڵوێستێکی ڕوون و دووفاقی دووپات دەکەمەوە , کە ئەویش ئەو سنوورە دەستکردانەیە کە بەسەر کوردستاندا سەپێنراون، چونکە بە ئیرادەی گەلەکەمان نەکێشراون، بەڵکو بە هێزی بەرژەوەندی و سیاسی بەسەرماندا سەپێندراون.
ئەم سنوورانە تەنیا هێڵ نین لەسەر نەخشەیەک، بەڵکو برینی کراوەن لە جەستەی یەک نەتەوەدا.
دابەشکردنی خەڵک و جیاکردنەوەیان لەیەکدی دابەشکردنی خاک،و دانانی سنور لەهەر پارچەیەکی کوردستان، جیاکردنەوەی خێزانەکان و گۆڕینی دیموگرافیای ، برینێکە لە دڵی هەمووماندا کە لە هەر پارچەیەکەی کوردستاندا بەداخەوە بەدی دەکرێت.
کوردستان بیرۆکەیەکی تێپەڕ و خەونێکی ڕۆمانسی نییە بەڵکو مێژوو زمان و کلتورێکی هاوبەشە.
ئێمە داوای ناداد پەروەری و لەناوبردی هیچ گەلێک ناکەین وەک ئەوەیی لەئێمە دەکرێت، بەڵکو داوایی مافێکی سروشتی دەکەین: بۆ ئەوەیی دەنگمان ببیسترێت، بۆ ئەوەی ڕێز لە بوونمان بگیرێت و وەک خاوەن ماف لەخاکی خۆمان مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت نەک وەک میوانی کاتی.
ڕاستە سنوریان بۆ کێشاین و بە زۆر دابەشیان کردین, بەڵام کەس نەیتوانی ئیرادەمان دابەش بکات ،ببینن لە رۆژئاڤا هاواری یەکدەنگی کرا لە هەموو پارچە دابەشکراوەکان تاوەکو کوردستانیانی ئەوروپاش سنورە دەسکردەکانیان شکاند و هاواریان کرد باکوور ,باشوور, رۆژهەڵات و رۆژئاڤا یەکە، کوردستان یەکە.
گەلێک کە بزانێت کێە، ناتوانرێت ئیرادە و هێزی بشکێنرێت ، سنوورە دەستکردەکانی قبوڵ نییە و بەیەک دەنگی دەیشکێنێت.
PM:12:13:22/01/2026
ئهم بابهته 640
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی