نهێنییەکانی پاڵپشتیکردنی سوریای شەرع..!
د.عەدالەت عەبدوڵڵا
نهێنیی پشتگیریی ئەمریکا، تورکیا، کەنداو و بێدەنگیی ئیسرائیل لە ئاست تاوانەکانی حکومەتی شەرع لە سوریادا دەرهەق بە پێکهاتەکان و لەباربردنی خەون و چاوەڕوانییە سیاسییەکانیان، ئەمانەن، بێگومان هەر ئەم خاڵانە کۆلکەی هاوبەش و کۆکەرەوەو هاوپەیمانێتیی نێوان ئەم وڵاتانەشن لە دۆسێی سوریادا:
1- شەرع بەڵێنی پشتیوانیکردن و سەرپەرشتیکردنی شەڕ و هەڵگەڕانەوەی داهاتووی سوننەکانی عێراقی بەڕووی دەسەڵاتدارانی شیعە بە ئەمریکا داوە تا ڕادەی ڕوخاندنی لە بەغدا، واتە ئەوەی داعش پێی نەکراو ئێران و سیستانی بە نەفیرعامێک (جهاد الکفائي) لە ئەبو غرێبدا ڕایانگرت، ئەمجارە سوپای جیهادیی شەرع جێبەجێی دەکات.. ئەمە جگە لە پێدانی پشکی شێر بەکۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بواری کەرتی وزەی سوریای شەرعدا.
2- ملکەچیی تەواو بۆ داخوازییەکانی تورکیا بە لەناوبردنی هەسەدەو نەهێشتنی هیچ قەوارەیەکی کوردی له شەرقی فورات و بەخشینی هەندێ مافی ڕواڵەتی بە کوردەکان، ئەوەش بە نوێنەرایەتیی سیاسیی ئەو کوردانەی کە لە فەلەکی تورکیادا ئەخولێنەوە.
3 - جێبەجێکردنی هەموو داواکارییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بە دژایەتیکردنی حزبوڵڵا و ڕیشەکێشکردنی نفوزی ئێران لە سوریا و دەستهەڵگرتن لە بەرزاییەکانی جۆلان و بەخشینی خاکی زیاتری باشوری سوریا بە تەلئەبیب بۆ فراوانکردنی پشتێنە ئەمنییەکەی.
4 - بەڵێندان بە سعودیە و قەتەر کە له هەموو بەرژەوەندییەکی ئێرانییەکان بدات لە ناوچەکەدا و کۆمپانیاکانیشیان پێگەی گەورەیان لە ئاوەدانکردنەوەی سوریادا پێبدرێت، هاوکات شەڕی حزبوڵڵا و شیعەی عێراقیشیان بۆ بکات. بێگومان لەناو ئەم هاوکێشەیەدا هەندێ گروپی سیاسیی ناو عێراقیش پاڵپشت و هاوبەشن و لە داهاتوودا زیاتر ڕوون دەبێتەوە..!
PM:08:53:21/01/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی