بۆچی کورد لە ڕۆژئاوا نابێت بەرەو ڕادیکالیزم بڕوات؟
ڕامیار مەحمود
نابێت مرۆڤ بژاردەکانی تەنها لەسەر هەموو شتێک و هیچ شتێک هەڵبچنێت، هەمیشە دەستکەوتنی شتێکی کەم باشترە لە هیچ. لە رۆژئاوا ماوەیەکی باش کورد خۆی خۆی بەڕیوەبردووە بە هەمووی هاوکێشەکانی جەنگی ناوخۆیی سوریا و هاوپەیمانی شەڕی دژی تیرۆر. بەڵام کاتێک بەشار ئەسەد ڕوخێنرا، چیتر خۆبەڕیوەبردن دەبێتە پرسی ڕابردوو، پرۆسەی لە چوارچێوەگرتن دەست پێ دەکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی مەرکەزی سوریا.
ئەمە چێرۆکێکە هاوشێوە و پێشینەی هەیە لە کوردستانی باشوور. لە کوردستانی باشور لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ کورد خۆی خۆی بەڕێوەدەبرد.لە گەڵ ڕوخانی(سەدام) دا، کورد لە چوارچێوە دەگیرێت. وەک بەشێک لە چوارچێوەی عێڕاقدا لە قاو دەدرێتەوە. ئێستا رۆژئاوا بە هەمان چیرۆکی ئێمەدا تێدەپەڕێت، دەبێت لەم قۆناغەدا شتێک بە دەست بهێنێت، نەک نیگەرانی پرسەکانی غەدرلێکردن و کاردانەوە دەرونییەکان بتسپێرن بە ڕوانگەیەکی نەتەوەیی فەندەمەنتاڵیست و پەڕگیر. رۆژئاوا دەبێت سەرنجی لە سەر دانوسان لانەبات، ئەگەر شتێکی کەمیش بێنێتەدی ئەو دانوسانە، چونکە واقعی پێشوو تێپەڕیوە، ئەوانەی رۆژئاوا شەڕی لە دژ کردوون ساڵێک زیاترە هاتونەتە سەر حوکم و دڵخوازی فەرەنساو ئەمەریکان و دڵخوازی تورکیاو سعودیەشن. داعش، چیتر داعش نییە، بۆتە هەڵگری شوناسێكیتر، کە ڕەهەندە نەتەوەییەکەی سونەی عەرەبییە، وەک ڕکابەرو دوژمنێکی ئەگەرکراوی دەوڵەتی شیعی عێراق.. ڕێک وەک ئەوە وایە لە کاتی سەدامدا ١٠ ساڵ حوکمدرابێت وەک موخەریب،بەلام کە سەدام دەڕوخێت و موخەربین دێنە سەر حوکم چیتر تۆ موخەریب نیت. درێژەپێدانی قەیرانی ڕووبەڕوو بونەوە لە گەڵ ڕژێمی ئەحمەد شەرع سەر لە هیچ کوێیەکەوە دەرناهێنیت، لە باشترین حاڵەتدا دەیکاتە گیرفانێک جگە لە خۆت، ئێڕان و ڕوسەکان دەستی لاوازی خۆیانی تێکەن. بۆیە لە ئێستادا رۆژئاوا هیچ کارتێکی نییە، جگە لە دانوسان و پاراستنی ناوچەکەی، ئەگەر هەر شتێکی کەم بە دەست بێت باشترە لەوەی هیچ شتێک بە دەست نەیەت.
ئەوەی جەنابی کاک مەسعود بارزانی دەیڵێت کە نابێت شەڕی کوردو عەرەب لە سوریا ڕوبدات دەبێت بکرێتە بەردی بناغەی هەنگاوی نوێ.
PM:06:27:21/01/2026
ئهم بابهته 144
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی