ڕۆڵی لایەنە شیعەکان لە سیستمی دوای ٢٠٠٣وە

‌عوسمان حاجی مارف

ئەو سیستەمەی لە دوای ٢٠٠٣ وە لە عێراقدا دامەزرا، بەناوی بنەمای مۆدێلی دیموکراسی، هێزی میلیشیایی نەتەوەیی و تائیفی و ئیسلامی، دەسەڵاتی بڕیاردانیان هاوبەش بوو. ئەم ڕەوتە دەستی بە جۆرێک لە هەڵکشان کرد، لەکاتێکدا هێزو لایەن و فراکسیۆنە شیعەکان، وردە وردە دەسەڵاتی دەوڵەتیان لە سەر حسابی گروپە نەتەوەیی و تایەفەگەریەکانی تر چەسپاند و فراوانتر بون، بە بیانوی بەهێزکردنی سەروەری عێراق و ڕێکخستنی کاروباری دەوڵەت. هاوکات ڕۆڵی ئێران لە داڕشتنی کایە سیاسی و ئەمنیەکانی عێراق، بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کرد.

پرۆسەیەک دەگوزەرا کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، لەهەمانکاتدا هاوکات بوو لەگەڵ دابەزینی نفوزی ئەمریکا و کردنەوەی دەرگا بۆ نفوزی ئێران، دواتر هاوکاتی ئەو ئاڵۆگۆڕانەی لە ناوچەکەدا پێشهات، ئاکامی توندبونەوەی ململانێی نێوان ئەمریکاو ئێران بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی کۆدەنگی هێزو لایەنی"عەرەب و کورد، شیعە و سونە" وە، ململانێی بەردەوام و ناجێگیری لە چۆنیەتی ئیدارەکردنی دەوڵەتدا.

لە ساڵی ٢٠٠٣ وە عێراق نەیتوانیوە دامەزراوەی بەهێز بنیات بنێت، کە توانای داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی هەبێت بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی. دەوڵەت تائێستا دیدێکی هەمەلایەنە و پلانێکی درێژخایەن و یەکگرتوو و ستراتیژی نییە، بۆ ڕێنمایکردنی کردار و سیاسەت و شێوەی گەشەپێدان، لەم چوارچێوەیەدا، کابینەی لایەنەکانی شیعە بەپێی دەستوور بەهێزترین دامەزراوەی جێبەجێکاریە لە عێراقدا، بە ئاشکرا ئاراستەی سیاسی دەوڵەتیان لە قاڵبداوە و سیاسەتێکی یەکگرتوی لەسەر بنەمای دید و ئایدۆلۆژیای کەسایەتیە باڵادەستەکان یان هێزە باڵادەستەکانی شیعە جێبەجێکردووە، بۆ نموونە ئیبراهیم جەعفەری یەکەم سەرۆک وەزیران، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، دیدگایەکی ئیسلامی گرتەبەر و مەیلی بەدواداچوونی جۆرێک لە هاوسەنگی پراگماتیکی هەبوو، دواتر لە هەلومەرجی سەربازی و سیاسی ئەمەریکادا، مالیکی دووەم سەرۆک وەزیرانە، تا ئێستاش کەسایەتیەکی دیارە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، مەیلی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران و گرێدانی عێراقە، بە چارەنوسی کۆماری ئیسلامیەوە.

حەیدەر عەبادی جێنشینی مالیکی، لەبەرامبەر هەڕەشەی تیرۆر و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، هەوڵیدا هاوسەنگیەکی گونجاو لەنێوان دەستەبەرکردنی پشتیوانی ئەمریکا و هاوکاری لەگەڵ میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دروست بکات.

ئەم ڕێبازە له سەردەمی عادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی، هەڵوێستی زیاتری لایەنگری ئەمریکایان گرتەبەڕ و مامەڵەیان لەگەڵ ئێران و دەخالەتی له عێراقدا کرد. لە کۆتایدا محەمەد شیاع سودانی، بەدوای ناڕەزایەتی ڕاپەرینەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٣وە، کە سەرەتا کاندیدکرا و لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگیەوە پاڵپشتی کرا، بەڕوونی ڕایگەیاند کە سیاسەتی ئیدارەکەی لەسەر بنەمای بێلایەنی و پاراستنی هاوسەنگیەکی گونجاو لە نێوان بەرژەوەندیە ناوخۆییەکان و پاڵپشتی ئێران و فشارەکانی ئەمریکادایە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا شایانی باسە لەبەر ئەوەی باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقدا زیاتر سایەی کردوە، ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگیەی نێوان ئەمریکا و ئێراندایە بۆ هیچ لایەنێکیان ئاسان نەبوو.

ڕەوتی سەدریش بە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی دامەزراوەی سیاسی لایەنەکانی شیعەی عێراق هەژمار دەکرێت، موقتەدا سەدر خۆی وەک کەسایەتیەکی ئایینی و سیاسی دژە دامەزراوەکان نیشان دەدات، کە کێبڕکێ لەگەڵ کوتلە لایەنگرەکانی ئێران دەکات، بە بایکۆتکردن و ڕێکخستتنی خۆپیشاندانی جەماوەری و گردبونەوە لە شەقامەکاندا، ئەمەش چەندینجار ماڵی هێزو لایەنی شیعەکانی وەک یەک بەرە لاواز کردووە.

دەنگهێنانەوەی لیستی سودانیش ئەوە دەردەخات، بەشێک لە دەنگدەرانی شیعەی عێراق خوازیاری پاراستنی ئەو هێڵە سیاسیەی ئێستان کە سودانی نوێنەرایەتی دەکات، سودانی لەژێر دروشمی "عێراق یەکەم" خۆی بۆ هەڵبژاردن کاندید کردوە و تاڕادەیەک خۆی لە هەڵوێستە تائیفیە ئاشکراکان بەدوور گرتوە و پەیامێکی گەیاند کە دابەشبونە نەتەوەیی و تائیفیەکانی تێپەڕاندووە. بەمپێیە بەرنامەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی لەسەر گەیشتن بە ئاوەدانکردنەوەی بەردەوام و بەهێزکردنی ئابووری و بەڕەنگاربونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایش بوو. بۆ ئەم بەرنامانە بە پێویستی دەزانن کە ژینگەیەکی سەقامگیر و پارێزراو لە عێراقدا بپارێزن!.

لەو چوارچێوەیەشدا یەکێک لە دەستکەوتەکانی حکومەتی پێشووی سودانی توانای ئەوەی بوو کە عێراق نەکێشێتە ناو ڕوبەڕوبونەوەی سەربازی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەو پێیەی زۆرێک ترسیان لەوە هەبوو کە کردەوە و هەڵوێستی میلیشیاکانی لایەنگری ئێران، عێراق بکاتە ئامانجی داهاتوی ئیسرائیل. هەروەها ئەوە دەردەکەوێت بەشێک لە دەنگدەرانی شیعە کەسایەتی تەکنۆکراتیان پێ باشترە کە سەرنجی لەسەر خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاریە گشتیەکان بێت، وە توانای هەبێت بەرامبەر ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان داخوازی ناوخۆیی بۆ سەروەری و داخوازیە نێودەوڵەتیەکان بۆ خۆگرتن لە نفوزی ئێران، وە یەکلایکردنەوەی ستراتیجی بەدوادا بێت.

لەبەرامبەردا لایەنەکانی تری"چوارچێوەی هەماهەنگی" ئێران، وەک سپۆنسەری سەرەکی ڕەهەندی سیاسی، ئەمنی و سەربازی شیعەگەری، لە عێراقدا دەڕوانن. هەروەها عەلی خامنەیی بە ئاماژەیەکی سەرەکی، خۆیان بە نەریت و ڕێبەری ڕەهای ئیسلامی شیعەی جیهانی دەزانن.

ئەوەی شایانی باسە، هێز و لایەنە سیاسیە سوننەکان نەیانتوانیوە دیدێکی سیاسی ڕون و یەکگرتوو، بۆ پرۆسەی سیاسی فراوانتر لە عێراقدا بخەنەڕوو، پەیامی سیاسی سوننە، تیشکیان خستۆتە سەر گرژی نێوان خۆیان و لایەنە کوردیەکان، لایەنە کوردیەکانیش بەتایبەتی بارزانی لە هەمان سەرچاوەی پشتیوانی ناوچەی سونە سودمەندە کە تورکیا و دەوڵەتانی کەنداوی عەرەبیە.

زۆرێک لە هێزی سوننەکان پێیانوایە لە ئاکامدا زلهێزە ئیقلیمیەکان، هەوڵی لاوازکردنی لایەنە کوردیەکان دەدەن لە عێراقدا، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پرسی کورد و ناوچەکە و خواستی دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و تورکیا بۆ بەهێزکردنی سوننەکان لە عێراقدا لەسەر حیسابی کورد.

بارزانی و تاڵەبانی تاڕادەیەک گرژیەکانی قۆناغی دوای ڕیفراندۆمیان تێپەڕاندووە و بە تەواوی، تێکەڵ بە پڕۆسەی سیاسی عێراق بون وچارەنوسی خۆیان گرێداوە بە بەغداوە، لایەنە کوردیەکان و شیعەکان، وەک دوو لایەنی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی سەدام، دوای داگیرکاری ئەمریکا و وێرانکردنی عێراق، ڕۆڵی سەرەکیان بوو لە بنیاتنانی حکومەت عێراقدا، لە دوای ٢٠٠٣وە بەشداریان کردوە لە پێکهێنانی ناوەندی سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی لە ڕێگەی ڕێکخستنی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە، لەسەر بنەمای مەزهەبی و تائیفی و قەومی، بەڵام ئەم پەیوندیه ورده ورده دەستی به تێکچوون کرد، ئەم تێکچونە لەژێر کاریگەری نالەباری و ئاڵوگۆڕ لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و گۆڕینی ئاستی هاوسەنگی لایەنەکان و شەڕو ناکۆکی لەسەر بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکان و فراوانکردنی نفوزیان، عێراق و کوردستانیان لە گێژاو و نائارامی سیاسی و نەبونی ئاسایشدا ڕاگرت.

سەرهەڵدانی ڕژێمێکی سوننە لە سوریا بە پشتیوانی تورکیا و دەوڵەتانی عەرەبی کەنداو و سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، دواتر لاوازی جیۆستراتیژی تاران، لەدوای لە شەڕی دوانزە ڕۆژەدا، کەشێکی ناجێگیری بۆ زۆرێک لە لایەنە شیعەکانی عێراق دروستکردوە و لەلایەکی ترەوە فشاری هەڵوەشانەوەی هێزە میلیشیاکانیان لەسەرە، لایەنە شیعەکانیش دۆخێکی ئاڵۆز و نائارام بەسەر دەبەن، وەک دەبینین قەیرانێک بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی ئێستای بەغداوە دیارە، لەهەمانکاتدا دەتوانین بڵێین بەهەر هەوڵێک بگەنە پێکهێنانی حکومەت، نالەبارترین و نەگونجاوترین حکومەت دەبێت لە تەواوی دەورانی دەسەڵاتی ئەو حکومەتانەی لە ٢٠٠٣وە تا ئەمڕۆ پێکهێنراون.

گومانی تیانیە کە حکومەتی داھاتوی دوای ئەم هەڵبژاردنەی ١١سێپتەمبەری ٢٠٢٥، ڕوبەڕوی دۆخێکی یەکجار سەخت دەبێتەوە بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگیەک لە نێوان ڕازیکردنی ئەو گروپە شیعانە و ڕازیکردنی جەماوەری ناڕازی کە بە گشتی ڕەتیان دەکەنەوە. لەهەمانکاتدا، بەجیا لە کێشەکانی نێوان خۆیان واتە چوارچێوەی هەماهەنگی، ناچار دەبن لەگەڵ فشاری ئەمریکیەکان و نێودەوڵەتیەکان، تەنانەت ناوچەییەکانیش، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارانەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا ململانێ دەکەن. هەر لەم پەێوەندیەدا، ڕۆژانی داهاتوو ڕادەی کاریگەری سیاسی ئەم گروپانە لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و کاریگەریەکانیان لەسەر هەڵبژاردنی پۆستە سەرەکیەکانی سەرکردایەتی کە ئێستا لەژێر گفتوگۆدان ئاشکرا دەبن.

لەلایەکی تریشەوە بارگرژی دۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران، کاریگەری زیاتر لەسەر ئایندەی دەسەڵاتی تەواوی لایەنەکانی شیعە و دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی بەو ئاراستەیە دادەنێت، کە عێراق دەخاتە سەر لێواری دەورانێکی تازە لە گێژاوی سیاسی و فەراهەمهێنانی ململانێیەک کە هاوسەنگی لایەن و هێزە سیاسیەکان لە ئیدارەی حکومەتدا دەگۆڕێت.

بەهاتنەناوەوەی کۆمپانیا نەوتیە ئەمریکیەکان پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەتەواوی گۆڕا، دیارترینیان کۆمپانیای( شیڤرۆن)، بۆ ناو دڵی کێڵگە نەوتیەکانی عێراق لەڕێگەی گرێبەستی بەرفراوانەوە. ڕەنگە ئەم وەبەرهێنانانە وەک دەرفەتێک دەرکەون بۆ بوژاندنەوەی ئابووری، بەڵام ڕێڕەوێکە ناچاری وابەستەیی بە ئەمریکاوە بەرجەستە دەکات.

واشنتۆن بەردەوامە لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی سوپای عێراقیەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی لۆجستیکی، بەڵام لێرەدا ئەو پرسیارە دەکرێت، ئایا ئەم هاوکاریە تواناکانی دەوڵەت بەهێز دەکات؟، یان وابەستەیی بە زلهێزە دەرەکییەکان بەردەوام دەکات؟ عێراق هێشتا لە مەترسی ئەوەدایە ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ و یەکلایکردنەوەی پرسەکان، نەک دامەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری.


AM:11:50:18/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 68 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی