ئایا ئێمە چاوەڕێی جووەکان بکەین یان وەکو ئەوان بکەین؟
سامانی وەستا بەکر
ئاشکرایە
پێش بڕیارە مێژوویەکەی جووەکان لە ساڵی ١٩٤٦ جووەکان سوک و چرووک و ڕسوا
ئەکران و ئەچوسێنرانەوە، تا کار گەشتە هۆڵوکۆست و بەدڕندانەترین شێوە
جینۆسایت کران.
خۆ ئەگەر خودی جووەکان جوڵەیان نەکردایە و شێوازی
مامەڵەی خۆیان لە بەرگریکارەوە بۆ هێرشبەر نەگۆڕیایە دوورنییە ئێستا تاک و
تەرا، لێرەو لەوێ جولەکەیەک بدۆزرایەتەوە.
لەدوای جینۆسایتی
هۆڵۆکۆست لەنێوان ساڵانی ١٩٤١-١٩٤٥ جووەکان بەهۆشخۆیانا هاتنەوە و لە ١٤ی
ئایاری ١٩٤٨ ئەنجومەنی جولەکەی زایۆنی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی
ڕاگەیاند و لەوکاتە بەدواوە چیتر جووەکان چاوەڕێی هێرشی دوژمن و جینۆسایت و
قەتل وعام نەبوون، لەبری ئەوە بۆ پاراستنی خۆیان هەمیشە هێرشەکەنە سەر کەس
و گروپ و وڵاتێک کە کەمترین هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەیان ولەسەر بوونیان
دروستکا، تا کار گەشتۆتە ئەوەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل بەیەکێک لە زلهێزترین
وڵاتانی جیهان ئەژمارکرێ و لە ئێستاشا وەک گەورەترین وباڵادەستترین هێز خۆی
لە ڕۆژهەڵاتی ناوینا نمایشئەکات و بۆشی چۆتەسەر.
هەڵبەتە ئەمە نەک
لەبەر ئەوەی ئەوەی ئەمریکای لەپشتە، بەڵکو لەبەرئەوەی بۆ ئەمریکا و جیهانی
سەلمانووە کە ئەتوانێ بەرگری لەخۆی و هاوپەیمانەکانیشی بکات و
بەرژەوەندییەکانیشیان بپارێزێ، کە ئەم خاڵە خاڵێکی جەوهەری و
یەکلایکەرەوەیە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانێتی درێژخایەن.
لەڕاستیا هیچ
هێزێک بەتایبەتی زلهێزەکانی جیهان، ئامادەی هاوپەیمانی نین لەگەڵ گرووپ و
هەرێم و وڵاتانی لاوازا، بەپێچەوانەوە ئەوان هەمیشە ئەبنە دۆست و
هاوپەیمانی ئەوانەی کە بەهێزن و بەهێزیش پارێزگاری لە بەرژەوەندییە
هاوبەشەکانیان ئەکەن.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا باشتر وایە کورد
چاوەڕێی ئیسرائیل و ئەمریکابێت یان چاوو لە ئیسرائیل بکا بۆ خۆپارێزی و
هەنگاونان بۆدروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ لەسەر خاکی خۆی؟
هیچ گومانی
تیانییە کە ئەبێ کورد چاوو لە ئیسرائیل بکا، چونکوم لە مێژووی دێرین
هەزاران ساڵەی کوردو تا ئەگاتە ئەم ساتەش کورد هەمیشە لە حاڵەتی
بەرگریکردنا بووەو بۆ تەنها جارێکیش هێرشی نەبردۆتە سەرخاکی هیچ یەکێ لە
دروسێکانی بەهۆکاری دۆستایەتی ومیهرەبانی کە ئەمەش ئەو خاڵە لاوازەیە کە
بۆتە هۆکاری لەدەستدانی بەشی هەرە زۆری خاکەکەی، بەجۆرێک لەمێژووا هەندێ
ناوچە بەجۆرێک لە کوردستان دابڕێنراوە و دیمۆگرافیایی ئەو ناوچانە بەجۆرێک
گۆڕاون نەک بێگانە، بەڵکو خودی کورد و تەنانەت بەشێک لە ڕۆشنبیر و
مێژوونوسە کوردەکانیش باوەڕ بەوە ناکەن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو ناوچانە
بەشێک بوون لە کوردستانی گەورە، نمونەی ئەو ناوچانە شاری بەغداد "باغی داد"
و زۆر ناوچە و خاکی وڵاتانیش کە ئێستا نەک بە بەشێکی دابڕاو و داگیرکراو
لە کوردستان ئەژمارناکرێ بگرە دانیشتوانە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچانە خۆیان بە
کورد نازانن و ناسنامەی نەتەوەی تریان هەڵگرتووە.
هەموو جیهان گۆڕا
کورد هەر نەگۆڕا، دەوڵەت-نەتەوە بەڕوونی لە ڕۆژئاواو دیموکراسیترین وڵاتانی
سەدەکانی پێشوو تۆخ بۆتەوە، ڕەگەز"دۆست"یان ڕەگەزپەرستی چیتر نەنگی و
ئابروبەرنییە، بەپێجەوانەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ سنورەکانی دەوڵەت-نەتەوە
توندوتۆڵتر و هێڵەکانی ڕەگەزپەرستی ڕوونتر دەرەکەون، پارتە نەتەوەپەرستەکان
تابێت بەهیزترەبن.
کات و سترایژییەتی سیاسەتکردن لە جیهانا چیتر
لیبراڵ و مرۆڤ دۆست نییە، ئێستا سیستەمی نێودەوڵەتی لە هەڵوەشانەوەیایە و
چیتر کار بە ڕێکەوتنە جیهانییەکان ناکرێ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناو
گۆرانکارییەکی بنچینەیی و مێژوویدایە، ئەمریکای دۆناڵد ترەمپ وەک گەورەترین
ئابوری و هێزی سەربازی جیهان پابەندی هیچ پرەنسیپ و ڕێکەوتنێک نین و
بەرژوەندی ئابوری لەهەر کوێ بێت ئەبن بە دۆست و هاوڕێی ئەو وڵاتانە، وە
چیتر پاسەوانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی نابن، بەکورتی و بە کوردی مانەوە بۆ
بەهێزەکانە، جا هێزی سەربازیبێت یان ئابوریەکی تۆکمە.
کورد لە
کوردستان سەرکەوتوونەبووە لە دروسترکردنی هێژێکی سەربازی تۆکمە و پڕچەک و
یەکگرتو، بەڵام سەرچاوەی سروشتی زۆرو سەرنج ڕاکێش هەیە کە ئەتوانێ کوردستان
بکاتە پاوەری ئابورییەکی بەهێز و لەسەر نەخشەی ئابوری جیهان جێگیربێ و لەو
ڕییەوە هاوڕێ و هاوپەیمانی ستراتیژی دروستبێ.
عەرەب و تورک و فارس،
هەمیشە لەهەموو کات و زەمەنێکدا نەیارێکی سەرسەختی میللەتی کورد بوون،
هەموو کات دەستی داگیرکاریی و قۆرخکارییان درێژکردۆتە سەر موڵک و ماڵ و
مێژوویی کورد. زۆر لە مێژەوە کەرەستە بەنرخ و گرنگ و بەبەهاکانی کوردییان
بردووە و بە ناوی خۆیانەوە لە مێژوودا یادداشتیان کردوون. هەمووکاتێکیش
ویستووسیانە، ناوی کورد و کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان بەتەواوەتی بسڕنەوە،
هەوڵیشیاناوە مێژوو، کلتور، فەرهەنگ و زمانی کورد لەناو بەرن و
بەتەواوەتیی ناوی کورد نەمێنێ و تەفرو تونا بکرێن.
ئەوەی ئاشکرایە
کورد وەک نەتەوە هەروەکچۆن خاکەکەی بەش بەش کراوە هەرواش زمان و کلتوری بەش
بەش و لێکدابڕینراوە هەروەکچۆن هیچ بەروبوومێکیشی نەماوە کە یەکێک لە
وڵاتانی داگیرکەری کوردستان سودیان لێوەرنەگرتبێ بە سودی نەتەوەکانی خۆیان
لە ژێر ناوی تورکی و عەرەبی و فارسیا نەیخەنە ناو بازاڕەکانیانەوە وە هەندێ
جاریش بازاڕی جیهانەوە لەژێر ناوی ولاتانی داگیرکاری کوردستانا نمونەی
قاوەی قەزوانی کوردی کە تورکەکان لەکۆی جیهانا بەقاوەی تورکی ناسانویانەوە و
بباشترین بازاڕیشی هەیە.
لەوانەیە ئەم کارە بۆ هەندێ کەس سانا و ئاسان
لێی بروانرێ بەڵام لە ڕاستای یەکێکە لە کۆڵەکە بنچینەیەکانی هێشتنەوەی هەر
نەتەوەیەک و هەر ئەوەش وای کردووە ئێمە هەمیشە وەک بەرخۆرێک تەماشا کرێین و
هیچ کاڵایەکی وامانەبێ کە لە ژێر ناوی کورد یان کوردستانا تەنانەت لەناو
بازاڕە ناوخۆییەکانیشا بفرۆشرێ هەڵبەتە مەبەستم میوەو سەوزە نیە کە ئەمانیش
گرنگی خۆیان هەیە.
جا کاتێ نەک فەرهەنگ و کلتور و زمان بسڕێتەوە،
کاڵا و سەرخان و ژێرخان دژی خۆت بەکارهێنرێتەوە و بوون لەژێر هەڕەشەیابێ
ئەوا باشترین بەرگری هێرشکردنە، هێرشکردن بۆ مانەوە و خۆپارێزی هەمان
هێرشکردنی زلهێز و وڵاتانی داگیکەری کوردستان نییە بە مەبەستی فراوانکردنی
جوگرافیای ولات و سڕینەوەی نەتەوەکانیتر بەڵکو هێرشکردنێکە بۆ ڕاوەستان و
بیری فراوانخوازی دوژمنان لەسەر خاکی کوردستان.
هیچ ولاتێک بەئاشتی
لەدایک نەبووە، هیچ داگیرکارێکیش ئارەزوومەندانە نەکشاوەتەوە، نمونەکانی
جیهان زۆرن، ئەبوو ئەو نمونانە ببوونایە بە هەوێنی ستراتیژییەتی ڕێگای
ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان.
ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوا ئەگوزەرێ
سەرەتایەکی نوێیە بۆ لەباربردنی ئەو نیمچە سەربەخۆییەی لەو بەشەی وڵات هەیە
و بەدوایشا باشوری کوردستان، مێژوو پێمانەڵێ هەمیشە کورد لەبەرگرییا
بەشێکی خاکەکەی لێ زەوتکراوە، نزیکترین نمونە ١٧ی ئۆکتۆبەر ٢٠١٧ کە ٪٥١ی
جوگرافیای هەرێمی کوردستان داگیرکرایەوە و دەستبەسەراگرتن و ئاوارەکردنی
کوردانی هەردوو گەڕەکی مێژووی و دێرینی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی کوردان لە
حەلەب.
لەدیدی داگیرکارانی کوردستانا کورد زەندیقە، جنۆکەیە،
مولحیدە، کافرە، قەرەجە، کۆچەرییە و قەندیلییە، برایەتی تەنها لەخەیاڵی
نەزۆکی کوردی ساویلکەیا بوونی هەیە، ئاخر من چۆن برایەتی نەتەوەیەکم
پێئەکرێ کە خاک و ئاو هەوام بە هی خۆی ئەزانێ، ئەو هاتووە یان قڕکا یان
کۆیلەتکا، بۆیە باشترین بەرگری هێرشکردن و گۆڕینی دەستەواژەی برایەتییە بە
دژایەتی داگیرکارانی کوردستان.
PM:06:29:16/01/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی