بۆ چیمەن ئیسماعیل

‌ره‌حمان غه‌ریب

هاورێم، ئەو هیچ بژاردەیەكی نەبوو. بە جل و بەرگێكی سادە و دڵێكی پڕ ئومێدەوە، بە باڵێكەوە لەو بەرزایی ئاسمانەوە، بە قورسایی ئەستێرەیەك كەوتە سەر زەوی، سەر دارووپەردووی پاش جەنگ. چی دەكەیت؟ بوەستە، ئەو زەویە لەوە دڵڕەقترە كە رەنگەكانت پەی پێ ببەن. فڵچەكەت ناتوانێت ئەم خوێن بەربوونەی بوەستێنێت، دەزانم تاساویت، رەنگ دێنیت و دەیبەیت، رەنگ فریات ناكەوێت.

دەچیتە دەرەوە، جگەرەیەك دەكێشیت، دێیتەوە بەردەم تابلۆكە، رەنگ تێكەڵ دەكەیت، رەنگێك بۆ قژی ئاڵۆسكاوی، وەك رەنگی خۆرنشین، وەك رەنگی گەڵایەكی ووشكبوو بە ئاسمانەوە سەما بكات. نازانم رەنگی كام بەرد دەكێشیت كە سنگی تێكشكاند، رەنگی كام خەون، كام حەسرەت، كام یادگاری؟ رەنگ چۆن فریای ترپەی دڵی، رەنگی چاوی، دەكەوێت؟

فریای چی دەكەویت هاورێم؟ كام كراسی خوێناوی، كام ملوانكەی رەنگین؟ كام دڵی بریندار؟ نە رەنگ فریات دەكەوێت نە خەیاڵ، ئێستا ئەمە گرنگترین شتە بیزانیت، ئەو دڕندەییەی چیرۆكی كۆتایی هەناسەی نووسی، پالێت لەخۆی ناگرێ و لە فەرهەنگی رەنگدا، دەركراوە.

خەم داگیری كردوویت، وەك دایكێك رەنگ خیانەتت لێ دەكات، ناتوانیت رەنگی بۆ تێكەڵ بكەیت، فلچەكەت دابنێ، هەناسەیەك بدە، بیر لەو كارەساتە بكەرەوە كە نە وشە نە رەنگ، هەموو كەرەستەی وێنەكێشانی جیاواز و تەكنیكەكانی وێنەكێشانی مۆدێرنی زەیتی و ئاوی، لە بەردەمیدا هەژار و بێ توانان و ناتوانن رەنگی دەفتەری بچوكی یاداشتنامەكەی و جانتای برینپێچەكەی بخەنە سەر كانڤاس.

دەتبینم وەك ئەوەی دەنیز كەوتبێت بەسەر تابلۆكانتدا، تاساویت و نازانیت چی بكەیت. سێبەرێكە رەنگ ناكرێت، تیشكێكە، زەردەخەنە و گۆرانیەكە، لە پەنجەرەوە بەیانی باشت لێ دەكات، ناتوانیت بیكەیتە سەر قوماشی وێنەكێشان.

چیمەن ئیسماعیل، شێوەكاری بە ئەزموون و هاورێی تەمەنم، ئەمشەو پەیوەندی پێوە كردم، ووتی ئەو گوڵەیشمان ناوی دەنیزە. ئەو شەڕڤانەی توند باوەشی بە تفەنگەكەیدا كردبوو، سەنگەرەكەشی باوەشی بە هەردووكیاندا كردبوو، لە بینایەكی بەرزەوە فڕێدرایە خوارەوە، چیمەن دڵی نەهات بڵێت كوشتیان. وای خوایە لەو وەحشیگەرییە!

لە 12ی ئابی 2014، لە باخچەی نالیی شاری سلێمانی، مەراسیمێكمان بۆ شەهیدی رۆژنامەگەری (دەنیز فورات) رێكدەخست، چیمەن بە هێمنی چاوی بڕیبوویە وێنەكەی دەنیز كە باوەشی بە كامێراكەیدا كردووە و لە كاتی تۆماركردنی تاوانەكانی داعشدا گیانی سپاردووە، بە لای ئەوەوە دیمەنەكە تەنها دڵتەنگی و فرمێسك نەبوو، ئەو ساتە، بۆ ئەو پرۆژەیەكی جوانی هونەری بوو.

چیمەن بۆ رەنگی دەنیزەكەی ترمان دەگەڕێت، بە راستی ئەركەكەی قورسە، بكوژێكی خوێنڕێژ، لە دیمەنێكی ترسناكدا، قێزەونترین غەریزەی دڕندەیی خۆی ئاشكرا كرد. پێی وایە نرخی دەستدرێژیی مرۆڤ ئەوەندە هەرزان بووە كە لە پەخشی راستەوخۆدا شانازی پێوە بكات.ئەمە چۆن دەكرێتە سەر قوماشی سپی، نازانم؟


PM:10:05:14/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 768 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی