کەناڵی ئەلجەزیرە، نیمچە دورگەیەک لە رقوکینەی مەزهەبی و نەتەوەیی
سەلام عومەر
دواجار تەواوی "هەڵمەتەکانی پاکردنەوەی" هەردوو گەڕەکەکەی حەلەب لە سوریا، ئەشرەفیە و شێخ مەقسود، "بە سەرکەوتویی" لەلایەن کەناڵی ئەلجەزیرە و ئەوانەی هەمان گووتاری میدیایی پەسەنددەکەن کۆتایی پێهات. دە رۆژی رابردوو، نیشانەی بەربونەوەی زۆرینەی میدیای سەردەستی ناوچەکەیە بۆ قوڵایی کەندەڵانەکانی پێشێلکردنی میدیایی و کارکردن وەک زوڕنایەکی زەلیلی دەسەڵاتی راگوزەری سوریا، کە هەم هێرشبەرەکان و هەم ئەوانەی بەرگری لەخۆیان دەکەن سووریین.
دە رۆژی بێوێنە لە لایەنگیریی، ناپیشەییبوون، هاندانی رقوکینە و حەڵاڵکردنی خوێنی ئەوانەی تێڕوانینیان لەگەڵ گێڕانەوەی رەسمی سوپای عەرەبیی سوریادا ناگونجێت. رووماڵی نا هاوسەنگ، پڕوپاگەندە و بوون بە بەشێک لە ململانێکە سیمای دیاری پەخشی ئەو گووتارەیە.
بۆ تێگەیشتن لە ئەلجەزیرە با کەمێک بگەڕێینە دواوە:
کاتێک سەرەتای ساڵی ٢٠٠٣ بتەکەی عێراق دەکەوێت
ئەلجەزیرە پێچەوانەی لانیکەمی بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی و لەبەرچاوگرتنی نەهامەتییەکانی شیعە و کوردی عێراق، دەکەوێتە دژایەتیی زۆرینەی گەلانی عێراق و لاقرتێکردن بە ئازارەکانیان و بووە مینبەرێک بۆ کۆنە بەعسییەکان و نەوەکانی پێشتری داعش و دەستەی تەحریری شام. لە کاتێکدا، کەسوکاری قوربانییەکان بە دوای گۆڕی ئازیزانیاندا دەگەڕان، ئەلجەزیرە، خوێی دەکرد بە زامی برینی قووڵی زۆرینەی عێراقییەکاندا. تا بارودۆخ گەیشتە ئەو ئاستەی کە لە ساڵی ٢٠٠٤دا، ئەیاد عەلاوی، سەرۆک وەزیرانی ئەوسا فەرمانی داخستنی نوسینگەی کەناڵەکە بدات بە تۆمەتی خراپ نیشاندانی وێنەی عێراق، ئەلجەزیرە بەردەوام دەبێت لە سەر هەمان شێوازی روماڵکردن و ئەم بگرە و بەردەیەی کەناڵەکە لەگەڵ گەلانی عێراق بە ئێستاشەوە.
هاوکێشەکە روونە؛ بتە شکاوەکە لەسەر مەزهەبێکی دیاریکراو بوو و زۆرینەی دەسەڵاتدارانی نوێش لەسەر مەزهەبێکی نوێ و ئەلجەزیرە وا وێنای دەکردن لەوان نین و لەو دیو سنورەوە هاتوون، ئەوەش ناچێت بە مێشکی بەرێوەبەرانی کەناڵەکەدا. بۆیە ئەلجەزیرە دەکەوێتە عەشقی بتەکەوە و پشت دەکاتە قوربانیانی پێکهاتەکانی تری عێراق.
کاتێک کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ بتەکەی سوریا دەکەوێت
ئەلجەزیرە پێچەوانەی لانیکەمی بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی و لەبەرچاوگرتنی نەهامەتییەکانی قوربانیانی دەستی جەلادەکان و چەکدارانی دەستەی تەحریری شام و گروپە چەکدارەکانی تر، ئەمجارەیان لەباتی بتە کۆنەکە، دەکەوێتە پشتی بتە نوێکەوە. ئەم جارەیان یارییەکە ئاسانترە، بتی کۆن لە مەزهەبێکی ترە و بتی نوێ لە مەزهەبەکەی ئەلجەزیرەیە و ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵی بەکرێگیراوی ئەو دیوو سنورن. لەو ساتەوە، بێ وەستان، کەناڵەکە کەوتۆتە ژیان و گیانی هەر گروپێکی تری کۆمەڵگەی سوری کە وەک بتە نوێکە بیرنەکاتەوە. ئەلجەزیرە و کارمەندە دیارەکانی لە چەند رۆژی رابردوودا، دەگەنە ترۆپکی روماڵی ناپیشەیی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوەی لە هەردوو گەڕەکەکەی حەلەب لە سوریا روودەدەن. دابەشکردنی ململانێکە بەسەر بەرەی خێر و شەڕدا، بەرەی سوری و غەیرە سوری، بەرەی ئێمە و ئەواندا.
"را و رای ئەوی تر" وەک بەشێک لە رابردوو
کاتێک ئەلجەزیرە هات، دروشمی "را و رای ئەوی تر" سەرنجڕاکێش بوو. هێشتا سۆشیاڵ میدیا گەشەی نەسەندبوو، ئەو جیهانەی کەناڵەکە رووماڵی دەکرد و ئێستاش دەیکات، لە توندوتیژی و سەرکوتکردندا نغرۆ بوو.
لە رۆژنامەوانیی نوێدا، ئەو دروشمە کورتهێن و بەلاڕێدا بەرە، رای کێ و کێ پەخش دەکەیت، جۆن ئەو را و رای بەرامبەرە دەبنە پێوەر بۆ دۆخەکە، راستیی ئەو دوو بۆچوونە چۆن دەسەلمێنیت، ئەمە هەموو ئەو پرسیارانەن کە رۆژنامەوانی نوێ دەیکات. لە دۆخی وادا، ئەلجەزیرە، (٩٩٪) کاتەکە دەدات بە رایەک کە خۆی پەسەندی دەکات و (١٪) بۆ رای ئەوی تر. ئەمە ئەو بوارە رۆژنامەوانییەیە کە کەناڵەکە فەراهەمی کردووە. بۆیە رۆژنامەوانی گرنگییەکی ئەو تۆ بۆ را و رای بەرامبەر دانانێت، ئەوەندەی گرنگی بە سەلماندنی ئەو رایە دەدات کە دەخرێتە روو.
بۆ رۆژنامەنوسان لە دۆخی ئاوهادا، پەنا دەبەنە بەر گرتنەبەری فۆرمێکی رۆژنامەوانی کە پێیدەوترێت؛ رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ. رۆژنامەوانیی هەستیار بۆ ململانێ روماڵکردنی گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە هەر ململانێیەک لەخۆدەگرێت لەڕێی تێڕوانینێکی بابەتییانە، دادپەروەرانە، ووردبینانە، مرۆڤانە و لێپرسراوانەوەوە، بێ بەشداریکردن لە قوڵکردنەوەی دڕدۆنگییەکان لەڕێی بوون بە بەشێک لە ململانێکە، بەڵکو پێدانی بوار بۆ بیستنی دەنگی ئەوانەی لە ململانێکەدا دەنگییان نابیسترێت (سەرچاوە: تاقیگەی رۆژنامەوانیی بونیادنەر.(DW)
لە دۆخی وادا، رۆژنامەنوسان هەوڵی سڕینەوەی فرەیی نادەن و هەوڵنادەن یەک گوتاری سەردەست بسەپێنن، جا ئەوە لە ژێر هەر ناویکدا بێت، نەتەوە، نیشتیمان یان پێوەرەکانی نیشتیمانپەروەری، چونکە هەموو لایەنەکانی ململانێکە لە ئاستێکی بێمتمانەیی قوڵدان و ئەستەمە بزانرێت کام گوتار گوتاری هاوتەریبە بە بەرژەوەندیی گشتی.
رۆژنامەنوسان لە هەموو بوارێکدا، (ئەوی تر) ناکەنە دێو و درنج، بەڵکو وەک مرۆڤ بایەخیان پێدەدەن، بەڵام ئەلجەزیرە وەک دەیبین پێچەوانەی ئەوە دەکات، هانی رقوکینە و ناشرینکردنی ئەوانە دەدات لە ململانێکەدا کە لەگەڵ هێڵی عەقیدەی بەخشەرانی کەناڵەدا ناگونجێن.
ئەلجەزیرە، لە دوو فاقییەکی بێوێنەدا دەژی؛ نمونەیەکی بێ هاوتای هەڵاوێردنە لە میدیادا. ئەوەشی بۆ چۆتە سەر چونکە ئاستی هۆشیاریی میدیایی لە ناوچەکەدا زۆر نزمە. ئەلجەزیرە بە چەندین زمانی تر پەخش دەکات، جورئەتی ئەوە ناکات، بەو هەرزەییە کاری رۆژنامەوایی بکات، ئەگەر بڕوانیتە ئاستی ناوەرۆکی ئینگلیزی یان ئیسپانی کەناڵەکە زۆر جیاوازتر کاری میدیایی دەکات.
راستە، کاریگەریی میدیایی ئەلجەزیرە نادیدە ناگیرێت، سەرەتا وەک هیوایەک لە قوڵاییە تاریکەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە هات، تا گەیشتە چەندین ناوچە جیهان. چیرۆکەکە بەو شێوەیە بەردەوام بوو، تا ئەجێندای مەزهەبی و بەرتەسکی دامەزراوەکە دەرکەوت. کەناڵەکە هاوپێ لەگەڵ جەکدارانی تاڵیبان دەگاتە کۆشکی کۆماری لە ئەفغانستان، بەر لە هەموان کاسێتی گوتارەکانی بن لادن و ئەل زەواهری پێدەگەیشت، بەڵام نەیدەزانی و ناشزانێت چی لە ناوخۆی قەتەر روودەدات.
جارێکیان، وەزاح خەنفەر، میدیاکاری دیاری ئەلجەزیرە وتبوی؛" ئەلجەزیرە لە جیهانی عەرەبیدا بە دەنگی ئازادی ڕادەربڕین ناسراوە." ئەگەر هەر کەسێک رووماڵی چەند رۆژی رابردووی کەناڵەکەی بینیبێت، بە دڵنیاییەوە دەڵێت، مام وەزاح زۆرە!
پیاوە خراپەکان میدیای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەبەن، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخەدا، بۆ ئەوانەی کە میدیای سەردەست وەک ناحەز و زەندیق تەماشایان دەکات، ژیان سەختە.
لەسەر ئاستی تاک، پەرەپێدانی هۆشیاریی میدیایی و هاندانی گەنجان بۆ فێربونی زمانی عەرەبی تا بتوانن لە جیهانی گریمانەیی و لەسەر سۆشیاڵ میدیادا ئامادەییان هەبێت، هەنگاوێکی ژیارییە. ئامادەیی کوردی لەسەر پلاتفۆرمەکانی ئەلجەزیرە و ئەلعەرەبییە و ئەوانی ناخۆی سوریا کەم نەبوون، بەڵام ناهاوسەنگییەکی لە رادەبەدەر هەیە بۆ راستکردنەوەی هاوکێشەکە. بایکۆتکردنی فێربونی زمانی عەرەبی، کردەیەکی شۆڕشگێڕانە نییە، بەڵکو هەوڵێکی ملهوڕانەیە بۆ دوورکەوتنەوەی لە جیهانی عەرەبی. ئەم بیرکردنەوەیە تەواو جیاوازە لەو کوردەی گاڵتە بە زمانی کوردی دەکات و دەڵێت " مەگەر گۆرانی پێبڵێن." وەی کە شانازییە رۆڵەی زمانێک بیت، بەوە بناسرێتەوە کە زمانی گۆرانی و کەیف و سرورە.
لە سەر ئاستی دامەزراوەیی، هەمیشە میدیای کوردی لەسەر کاردانەوە کاردەکات، هەمیشە دەبێت بە پاشکۆی رووداوەکان و دەکەوێتە دوای گووتاری میدیای سەردەستی ناوچەکە. خواستی ئەو دەزگایانەی کە راستەوخۆ پەخشی کەناڵەکانیان کرد بە عەرەبی، مایەی پێزانینە، بەڵام ئەوە بۆ خۆی لەکردەیەکی سڤیل و پیشاندانی هەڵوێستێک زیاتر ناگاتەجێ. دوور نییە، رووداوەکانی ئێران بە ئاڕاستەیەک بڕۆن، سیناریۆکە دووبارە ببێتەوە، کە پێویستە میدیای کوردی ئامادەبێت، بەڵام چۆن ئامادە دەبێت، ئەو پرسیارەکەیە.
دواجار، لە سەر ئاستی کۆمەڵگەیی، گرنگە کە ئەو پێکهاتانەی کە گوتاری سەردەستی وەک ئەلجەزیرە ناشرینیان دەکات، هەنگاوی دەستجەمعی وەک دامەزراندنی دامەزراوەیی میدیایی کە بەزمانی عەرەبی رووماڵدەکات، دابمەزرێنن، تاوەکو ئەو پێکهاتانە راستەوخۆ لەگەڵ وەرگری عەرەبییدا مامەڵەبکەن، نەک دەستی دوو و سێ، کە دەستی نا ئەمینن، لەنێویاندا ئەلجەزیرە.
PM:06:50:13/01/2026
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی