سڵاوێک لە جەنەڕاڵەکەی ڤێتنامەوە بۆ جەنەڕاڵ عەبدی
دلێر محەمەد نوری
گەلی ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٥ و دوای بیست ساڵ لە جەنگی گەرێڵا، توانی گەورەترین هێزی ، سەربازی سەرزەمین ناچاری پاشەکشێ وملدان بکات. ئەوەی لە پشت سەرکەوتنی ئەم گەلەوە بوو، چەندین هۆکار بوون. هۆکاری سەرکەوتنی ڤێتنامییەکان بە هۆی هێزی سەربازی بەهێز و کەرەستەی جەنگی بە هێزەوە نەبوو. بەڵکو بە هۆکاری دیکەی ستراتیژی جەنگ و پشتیوانی گەل و ڕەوایەتی بەرگریی و ئارەزووی بەرگری درێژخایەن بوو. شەڕی گەرێلایی و خۆحەشاردان لە چیا و گوند و تونێلەکان، پەلاماری کت و پڕ و جەرگبری لە ناکاو و پشتگیری گەل و جەماوەر لە هۆکارەکانی پشتی ئەم سەرکەوتنەوەبوون. هەروەها بەردەوامی هاوکارییەکانی ڕێبەری گەلی ڤێتنام لە چەک و زەخیرە بۆ جەنگاوەران لە ڕێگەیەکی نهێنییەوە کە بە «ڕێگەی هۆشی منە» ناسرابوو. ئەم ڕێگەیە بە لاوس و کەمبۆدیادا تێدەپەڕی. هەموو ئەمانە لەو هۆکارانە بوون کە بوونە هەوێنی ئەم سەرکەوتنەی گەلی ڤێتنام. بەڵام لە هەر هەموو ئەمانەش گرنگتر گیان فیدایی گەرێلاکانی ڤێتناو کارامەیی و سەلیقەی جەنەڕاڵەکەیان بوو کە بە جەنەڕاڵ «ڤۆ نگوێن گیاپ» ناسرابوو. ئەم جەنەڕاڵە خاوەن مێشکی سەربازی و جەنگ بوو وە تەواوی ستراتیژی جەنگی گەریلایی دادەڕشت. لە کاتێکدا هۆشی منە هەر وەکو ڕێبەری فیکری و هاوکارێکی پشتەوەی ڕووداوەکان مایەوە.
خۆ ئەگەر بەراوردێک بکەین لە نێوان کات و جوگرافیا و سیستمی سیاسی و کەرەستەی سەربازی ئەوسای ڤێتنام و ئێستای گەلی کورد لە ڕۆژئاوا، ئەوا لە بەراوردکردنی ئازایەتی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و گەلی ڤێتنامدا، ستەمێکی گەورە له گەلی کورد دەکەین. ئەمەش بەڕای من لە بەر چەند هۆکارێکە.
ڤیتنامییەکان لە وڵاتی خۆیاندا سەربەخۆ دەژیان و نەلکێندرابوون بە وڵات و نەتەوەی دیکەوە بەر لەو داگیرکارییە. جەنگی ئەوان بە تەنها جەنگی دژی داگیرکاری بوو. بەڵام خەباتی کورد لە هەر چوار پارچەکە کوردستان لە یەک کاتدا جەنگی دژی داگیرکاری و جەنگی دژی پاکتاوی ڕەگەزی و جەنگی مان و نەمانی تەواوی بەها و بنەمای نەتەوایەتیمانە. ڤێتنامییەکان تەنها ڤێتنامییەکان خۆیان بوون لە دژی یەک داگیرکەر، بەڵام کوردستان تووشی جۆرێک لە گۆڕانکاری دیموگرافی و ئیتنی بووە کە تەنانەت وای کردووە لە هەر بەرگرییەکدا هەزار لێکدانەوە بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی و بارودۆخی هەنووکەیی و توانای سەربازی و کەرەستەی مانەوە و هەستی ئەو ئیتن و ئایین و نەتەوە و مەزهەبانەی کە تازە بوون بە بەشێک لە خاک و جوگرافیای کوردستان بکەن.
هەموو ئەمانە جەنگی کورد و ستراتیژی کوردی بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا لە جەنگی پەلاماردان و ڕاماڵینی داگیرکەرەو گۆڕیوە بۆ جەنگی بەرگری و مانەوە و لە دەست نەدانی جوگرافیا و دەستکەوتی زیاتر.
نووسەر و ئەکادیمی کورد د.شێرکۆ کرمانج لە زۆر بۆنەدا، سەختی خەبات و تێکۆشانی کوردی لە جەنگی دژ بە داگیرکاری و کۆنەپەرستی و لە پێناو ئازادیدا بەستۆتەوە بەوەی کە هەمیشە ڕەنج بە خەسارە لە چوارچێوە و سێبەری نەتەوەی سەردەست و سەپێنراودا. ئەو ڕای وایە هەمیشە ئەرکە قورسەکە و قوربانیدەر کوردە و بەڵام نەتەوەی سەردەست بووە بە ڕووپۆشی ئەم سەرکەوتن و قوربانیدانانە. ئەوپێی وایە نزیکترین نموونەش عێراقی دوای سەددام و سوریای دوای ئەسەدە. بە دەردی کورد ئەڵێن کێ کردی و کێ خواردی. خەباتی دوور و درێژی کورد لە باشور، سەددان هەزار قوربانی جەنگ و زیندانی و ئەنفال و چەکی کیمایی شیعە و سوننەی عێراقی هێنایە سەر حازری. هەروەها خەباتی پڕ لە قوربانی دوانزە ساڵەی کوردانی ڕۆژئاوا، دژ بە ڕژێمی ئەسەد و داعش لە جێگەی جەنەڕاڵە مەزلومەکەی کورد، کۆنە داعشێکی کردووە بە ڕووپۆشی ئەم قوربانیدانە.
ئەکادیمی و نووسەری کورد د.ئارام ڕەفعەت لە پۆستێکدا لە پەیجی فەیس بووکدا نووسیوێتی: کە دەبێ گەلی ڤێتنام و ستالینگراد لە ئاست خەباتی دوێشەوی گەڕەکی مەقسوودا شەپقە دابگرن.
منیش ئەڵێم ئەگەر جەنەڕاڵ «ڤو نگوێن گیاپ»ی ڤێتنامی لە سالی ٢٠١٣ دا کۆچی دوایی نەکردبا و ئاگاداری خەباتی گەلی کوردی ڕۆژئاوا ببووایە لە جەنگی دژی کۆنەپەرستی و شۆڤێنیستی عەرەبی و تورکیدا. جەنگێک کە لە ساڵی ٢٠١٤ وە و لە داستانی مەزنی کۆبانێوە بۆ داستانی مەزنی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییەدا بەردەوامی هەیە، ئەبوو ئێستا چ سەرسامییەک و چۆن سەری ڕێز و نەوازشی بۆ جەنەڕاڵەکەی کورد مەزلوم عەبدی دابنەواندایە؟
ئاخر گەلی براینە نە ڤێتنام بە گەلە کورگە بۆری تورک و شۆڤێیستی عەرەب و کۆنەپەرستی داعشی وەکو کۆبانێ و گەڕەکی شێخ مەقسوود گەمارۆدرابوو، وە نە وەکو کورد بێ کەس و بێ خاوەن و تەنها و تەنها بە چەکی دەستی کچ و کوڕەکانیان وا خەریکن چۆک بە دوو دەوڵەتی زلهێز و دەیان گرووپ و گورگی برسی دادەدەن.
PM:03:32:10/01/2026
ئهم بابهته 420
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی