میوەی زستانیش هات
رهحمان غهریب
خەندە و پێكەنینی سەر رووخساری وەفدی دانوستكارانی پارتی و یەكێتی بەردەوام پێویستی بە چاودێری پزیشكی چڕە، بە تایبەتیش كاتێك شوێنی شەڕە سیاسییەكان دەگوازنەوە بۆ بەغداد و لە ناو ئەم هەموو رووداوە ترسناك و جەنجاڵ و مەترسیدار و هەڕەشە و ئاڵەنگارییانەدا، میزاجی قسەی خۆشییان هەیە.
كەسێك شارەزایشی نەبێت لە زمانی جەستەدا، كاتێك وێنەكانی ئەمڕۆی كۆبوونەوەی نێوان وەفدی یەكێتی و پارتی و گوزارشتەكانی روخساری هەردوو تیمەكە بەرانبەر بە یەكتر شیبكاتەوە، دەبینێت لە بەخێرهاتنەوە تا خواحافیزی رووخۆش و بە كەیفن، پێدەكەنن و خەندە رووخساری داگیركردوون، وێستگەنیوزیش دەڵێت: لە كۆبوونەوە "باش"ەكان بووە!
خۆی ئەگەر پێكەنین بۆ شاردنەوە شتێكی تر نەبێت، با هەبێت. بەڵام، بارودۆخەكە نە رووخساری مۆن و نە رووخۆشی گەرەكە، پێویستی بە عەقڵێكی سیاسی كراوە و واقیعیانەیە تا بە ووردی تەماشای ئایندەی هەرێمی كوردستان و ئەم هەموو مەترسییانە بكات كە رووی تێكردووە و كە ترسی لە دۆست ئینجا لە دوژمنەكەی هەس.
مەبەستم ئەوەیە ئەم وەزعە بۆ كوردستانیان شڕە، لە هەموو لایەكەوە ناهەقی و لە هەموو لایەكەوە گەمارۆدانە، جا ئەمە زەردەخەنەی سیاسی فریودەر چارەسەری ناكات، پێویستی بە پرۆسەیەكە بۆ رێكخستنەوەی ماڵی كوردستانییە، ئینجا هەنگاو بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوە شەرعییەكان. ئەمە هەنگاوە راستەكەیە، نەك دەست بادان و هەوڵی ملكەچ كردن.
ئەمە بەو مانایە نایەت، كە ماڵەكەت رێكخست، یان ئەوەی لە میدیاكانتانەوە باسی یەكڕیزی دەكەن، لەبەر ئەم رێكخستن و یەكڕیزییە، ئیتر هەڕەشەمان لەسەر نییە. نەخێر هەر ئەوەندەیە لانیكەم سەرقاڵ نابن لێكدانەوەی ماتماتیكی بۆ كورسییەكانتان و پێشبڕكێ بۆ سەرخستنی كاندیدەكانتان و شەڕی میدیا سێبەر و مێشی ئەلكترۆنی، بەڵكو دەرفەتێكتان دەبێت بۆ گوتارێكی سیاسی كۆكەرەوە بۆ ماڵە لێكترازاوەكەی كوردایەتی.
پێكەوە دەركەوتن، لە كامێرای رەسمی و شاراوەی ناو بینای (میم سین)ی یەكێتی، دەرتانخست كە بە قسەی خۆش و باوەشكردن بەیەكتری، دەستان پێكرد و كۆتایتان پێ هێنا، لە تشرینی یەكەم 2024 هەڵبژاردن كراوە، ئەوە میوەی زستانی 2026 دەخۆن و پێدەكەنن، ئێ دوای ئەوە؟
PM:09:46:08/01/2026
ئهم بابهته 728
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی