53 پزیشکی دانەمەزراو لە خوێندنی دەرەوە بۆ سکاڵا لە ناوخۆی وڵات

‌د. گۆران عه‌بدوڵا

وەک غەریبەیەک هەستمان پێئەکرد لەناو ئەو هەموو ناحەقیەیەوە کە بەرامبەرمان دەکرا. من، وەک کەسێک، پزیشکی گشتییم لە وڵات و شارێک تەواو کرد کە لە ڕەگەزپەرسترانی جیهانن. هێندە دژایەتی کوردیان دەکرد... بەڵام من لەو کاتەوەی ئەو بابەتە هەیە (ڕەگەزپەرستی)، هێندە هەستم بە غەریبایەتی و دابڕان کردووە کە ئەو شەش ساڵەی خوێندن هەستم پێ نەکرد کە لە وڵاتی خۆم نەبووم و لەناو کۆمەڵگەیەک بووم کە دژی کورد بوون."

ئەمە قسەی یەکێکە لەو ٥٣ پزیشکەی کە بڕوانامەی پزیشکییان لە دەرەوەی وڵات بەدەستهێناوە، بەڵام لە باتی بەخێرهاتن و دەستخۆشی و دامەزراندن، وەزیری تەندروستی دەستی بەرەویانەوە نا و نەک تەنها لە دامەزراندن بێبەشیانی کرد، بەڵکو هێرشی کردۆتە سەریان و خوێنی لە دەم و لووتیان هێناوە. دواجاریش سکاڵای یاساییشی لەسەریان تۆمارکردووە.

هەموو "تاوانی" ئەم پزیشکانە ئەوەیە کە بە پارەی خۆیان و بە ماندووبوون، بڕوانامەی پزیشکییان لە دەرەوەی وڵات بەدەستهێناوە. ئەمانە نە بە قاچاخ و فریودان و کڕینی بڕوانامە، بەڵکو بە ڕێگای فەرمی و بەگوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا چوونەتە دەرەوەی وڵات. لە کاتێکدا ئەو وڵاتانەی میوانداریان کردن، کورسی خوێندنی بۆ ڕەخساندن (هەرچەندە بە پارە)، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیاندا ڕووبەڕوویان دەبنەوە. نەک دانانەمەزرێنرێن، بەڵکو دەستدرێژییان لێدەکرێت و لەلایەن وەزیری تەندروستیەوە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆماردەکرێت.

تەنها "تاوانی" ئەم پزیشکانە ئەوەیە کە لە رۆژی ٢٠٢٤/٧/٢٠ بەشێوەیەکی یاسایی و مەدەنی چوونەتە بەردەمی وەزارەتی تەندروستی و داواکاری مافەکانیانیان کردووە. بەڵام بەڕێز وەزیر ئەمەیان بە قەبوڵ نەزانی و دوای هەفتەیەک بە بیانووی "ئاژاوەگێڕی" هەر ٥٣ پزیشکەکەی داوەتە دادگا.

سکاڵاکردنی یاسایی دژی ئەم پزیشکانە، بزرکردنی ئەسڵی مەسەلەکە و سه‌رقاڵکردنی خاوەن مافە بە شەڕی لابەلاوە. دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم لە مێژە ئەم سیاسەتەیان جێبەجێ کردووە: هەر ڕۆژنامەنووسێک ڕاستییەکان بخاتە ڕوو، بە دەستی بێگانە و "تابوری پێنجەم" دەناسرێت؛ هەر پەرلەمانتارێک گەندەڵییەکانیان ئاشکرا بکات، لای ئەوان خائین و خۆفرۆشە! ئێستاش، ئەگەر ئەم پزیشکانە داوای مافێکی سەرەتایی خۆیان بکەن، ئیتر ئاژاوەگێڕ و تێکدەرن! بەڵام ئەگەر خاوەن بڕوانامە دانەمەزرێنن، ئەوا "ڕەشیقکردنەوەی حکومەت"ە! ئەگەر خەستەخانەی منداڵان بدزن، "سەرمایەداری"ە! ئەگەر گرێبەستی ١٠ ساڵە بدەنە کۆمپانیایەکی برا گەورە، "دەستکەوت"ە! ئەگەر خەستەخانەکانیان بە خۆبەخش بەڕێوەببەن، "داهێنان"ە! ئەگەر دەرمان لە نەخۆشخانەکان نەهێڵن، "خەتای بەغدایە"!

هەرچەندە وەزیر و وەزارەتەکەی هیچ ڕاستییەک لەسەر هۆکارەکانی دانەمەزراندنی ئەو پزیشکانە ناڵێن، بەڵام ئەگەر بۆ ساتێک گریمانە ئەوە بکەین کە وەزارەتی تەندروستی گەندەڵ و بێکەڵک و ستەمکار نییە و هۆکارێکی لۆژیکی لە پشت ئەم سیاسەتەوە هەیە، دەتوانین چەند شیکردنەوەیەک بۆ ئەو هۆکارانە بکەین و هەوڵی هەڵسەنگاندنیان بدەین.
وەزارەتی تەندروستی ئەو پزیشکانە بە "پزیشکی دەرەوەی وڵات" دەناسێنێت. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، هەرچەندە بەداخەوە لەلایەن پزیشکەکان خۆیشیانەوە بەکاردێت، هەڵگری مەبەستێکی زۆر ڕەگەزپەرستانەیە و نیشانەی بەکەم سەیرکردنی "بیانی" و "دەرەوەیی"ە.

ئەوەی کە ئەو پزیشکانە بڕوانامەکەیان لە وڵاتانی وەک ئێران، ئەرمینیا، هیندستان... هتد بەدەستهێناوە، چی لەوە دەگۆڕێت کە ئەمانە ئیتر بوونەتە پزیشک و بە بڕوانامەیەکی بەرز هاتوونەتەوە و دەیانەوێت خزمەتی خەڵک وڵاتەکەی خۆیان بکەن؟ بۆچی بە تانەو تەشەرەوە ناوێکیان لێ دەنێیت و لە پزیشکە ناوخۆییەکان جیایان دەکەیتەوە و لە نێوانیان دووبەرەکی دروستدەکەیت و بە چاوێکی نزمەوە تەماشایان دەکەیت؟ ئاخر ئەگەر تۆ خۆت لە باخچەی منداڵانەوە تا دکتۆراکەت لە یەک شار تەواو کردبێت، ئەوا ئەودیوی حەوشەی وەزارەتت لێدەبێتە هەندەران! و ئەگەر و ناوی عەشیرەت و خێڵەکەت هەمیشە بە دواتەوە بێت نەکو بزربیت، ئاساییە کە بەم شێوە ناشارستانیە تەماشای دەوروبەری خۆت بکەیت!

یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە بۆ دانەمەزراندنی ئەو پزیشکانە دەوترێت، ئەوەیە گوایە لە کوردستان نمرەی پێویستیان بۆ وەرگیران لە کۆلێژە پزیشکییەکانی هەرێم بەدەستنەهێناوە. ئەم هۆکارەش، دیسان بەڵگەیەکی ترە لەسەر دواکەوتوویی بیرکردنەوەی بەرپرسانی بواری تەندروستی. ئاخر لە کوێی جیهاندا ماوە کە تەنها نمرەی تاقیکردنەوەیەکی ساڵانە هەموو داهاتووی مرۆڤێک دیاری بکات؟ ئایا حەز و ئارەزووی کەسەکان بە نمرەیەک ئەپێورێت؟ ئایا ئەم سیستەمە سواوە نەبووەتە هۆی لەناوبردنی چەندین بەهرەی نایاب؟ یان مەبەست تەنها ئەوەیە کە لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە ئەو کەسانە وەربگرن کە بە پارە، چاو سوورکردنەوە، یان بەرتیل نمرەی بەرز بەدەستبهێنن - وەکو زۆربەی منداڵەکانی بەرپرسەکان؟ (لەگەڵ ڕێزمان بۆ هەموو ئەوانەی بە توانای خۆیان ئەو نمرانە بەدەستدەهێنن).

لە هەموو ئەم هۆکارانەش ڕسواتر، ئەو قسانەیە کە دەڵێن: "پزیشکمان لێ زیادە و شوێن نەماوە بۆ دامەزراندنی پزیشکی نوێ." چەندین جار ئەم قسانە لە دەمی وەزیر و بریکارەکەیشی بیستراون. ئەم وتانە بۆ هەر کەسێک کە تۆزێک زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی لە کوردستان هەبێت، مایەی پێکەنین و گاڵتەیە. بەڵام بۆ دایکێکی دووگیانی سەنگاو، دایکی منداڵێکی نەخۆشی قوشتەپە، پیرمێردێکی تەقتەق، نەخۆشێکی شێرپەنجە لە ئاکرێ، یان کەسوکاری قوربانییەکی ڕووداوی هاتووچۆ لە کفری، یان نەخۆشێکی جەڵتە لە سەید سادق، ئەم قسانە مایەی گریانن و سوکایەتیکردنن بە ئێش و ئازارەکانی ئەو هاوڵاتیانانە. بەڕێز وەزیر و جێگرەکە وا دەزانن هەموو کوردستان "ئۆرزدی" و "شەقامی گۆران" و "شارع اطباء"ە! سیستمی تەندروستی لای ئەوان تەنها "نەخۆشخانەی ڕزگاری" و "نەخۆشخانەی شار" و "ئازادی"یە! کە پڕن لە پزیشک و جێگا نیە نوریگەیەکی تری تێدا بکرێتەوە!
بەڵام ئیتر نەچووە بچێ. ئەگەر وەزیر و وەزارەتەکەی لە ئەستەم و سەرکێشیی خۆیان تۆزێک کەمبکەنەوە، دەیان ڕێگەچارە هەیە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە:

ئەگەر وەزیر پێی باش نیە کورد لە دەرەوە بڕوانامە بەدەستبهێنێت (کە خۆی سیاسەتێکی هەڵەیه)، با بچێت لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێکبکەوێت و ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەگەر پێی وایە ئاستی بڕوانامەکانی دەرەوە بەرز نییە (کە وانییە)، با جارێکی تر تاقیکردنەوەیەکی زانستی ڕێکبخات بۆ هەڵسەنگاندنیان.

ئەگەر گەندەڵی و دزی بواری نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی پۆستی نوێ بکرێتەوە (کە ئەویش هەر لە خەتای خۆیانە)، ئەوا با لەگەڵ کەرتی تایبەت یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوایهاوکاری بکات بۆ دامەزراندنی ئەم پزیشکانە.

ئەمانە و دەیان ڕێگەچارەی تر هەن کە باشتر و گونجاوترن لە سەرکێشی و سکاڵاتۆمارکردن و هێرشکردنە سەر پزیشکانی بێتاوان.


PM:03:35:05/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 4240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی