چەند تێبینییەک لەسەر مەنهەجی نوێی (ئابووری) بۆ قۆناغی دوازدەیەم
نیاز نەجمەدین
ئەمساڵ ڤێرژنێکی نوێی مەنهەجی ئابووری بۆ قۆناغی دوازدەیەم کەوتە بەردەستی قوتابیان (من وشەی قوتابیی تا قۆناغی دوازدە و دواتر وشەی خوێندکار بە گونجاو دەزانم و بەکاردەهێنم). مەنهەجەکە بەراورد بە ڤێرژنەکانی پێشووتر گۆڕانکاریی زۆر باشی تیادایە. زەوقی هونەری جوانی تیادا بەکارهاتووە. زمانە کوردییەکەی باشترە و گەشەی بەرچاوی کردووە. هەندێک خشتە و زانیاریی بەسودی تیادا بەکارهاتووە. هێشتاش هیچ کارێک بێ کەموکورتیی نابێت. من مشتێک لەو کەموکورتییانە ئەخەمەڕوو تەنها بە مەبەستی سود لێ وەرگرتن ئەگەر لە داهاتوودا پیایدا چوونەوە، یان ئەگەر مامۆستایەک ویستی لە کاتی وانەکانیدا هەڵەیەک بۆ قوتابییەکانی راست بکاتەوە. راستکردنەوەی هەڵە رێگریشە لەوەی پرسیاری هەڵە لە تاقیکردنەوەکاندا بهێنرێتەوە. تێبینییەکان دابەشی سەر چەند لایەنێک دەکەم:
1- زمانەکاىی مەنهەجی ئابووریی: مەنهەجی ئابووریی سێ زمانی سەرەکیی هەیە: ماتماتیک، ئامار (داتا) و شیکاریی. مەنهەج دەبێت خوێندکار فێربکات مامەڵە لەگەڵ داتا بکات و شیکاریان بکات. داتا هەندێکی بە خشتە و هەندێکی بە شێوە (فیگەر، چارت) دەخرێنەڕوو. واتە چەماوە بەکاردەهێنرێت. بەداخەوە، تەنها یەک چەماوەم لەم مەنهەجەدا بەرچاو کەوت (بەڵگەی زیاتر لە خاڵی دوو و پێنج دەخەمەڕوو).
2- فراوانکردنی دونیابینیی قوتابیان: مەنهەج دەبێت دونیابینیی قوتابیی/خوێندکار فراوان بکات، ئەمەش رێگەی جیاوازی دەوێت. بەڵام ئەگەر ئەم ئیشەمان کرد، ئیدی مەنهەج لەوە دەردەچێت کە شتێک بێت تەنها قوتابیی/ خوێندکاری تیادا تاقیی بکەینەوە و نمرەیان پێ ببدەین. مەنهەجەکە کەموکورتیی هەیە لەوەی بە تەکنیک و شێوازی جیاواز دونیابینیی قوتابیی فراوان بکات. بۆ نمونە، بەکارهێنانی هاوکێشەی ماتماتیکیی و ئاماری سادە (بۆ نمونە رێژەی گەشەی ئابووریی، رێژەی هەڵئاوسان، هتد) لەگەڵ چەماوە و خشتە و داتادا یارمەتیی فێربوونی زانستەکە دەدەن، پرسیارەکانی تاقیکردنەوەش هەمەڕەنگ دەکەن. قوتابیی هەیە لە بەشی ماتماتیک باشە و قوتابیی هەیە لە بەشی ئامار و هێڵکاریی و چەماوە و هەیە لە نوسیندا. مەنهەجی باش پرسیاری گشتگیر دەدات بە دەستەوە، کێشەی جیاواز دەخاتە بەردەم قوتابیان تا بیری لێ بکەنەوە و وەڵامی بدەنەوە. بەکورتیی، مەنهەجی خوێندن نابێت یەک ستایل لە شیکردنەوە وپرسیارداناندا بەسەر قوتابییدا بسەپێنێت.
مەنهەجی خوێندن دەبێت لایەنی تیۆریی بەهێز بێت تا دونیابینیی وەرگر فراوان بکات. مەنهەجەکە باسی هەندێک هۆکاری گەشەی ئابووریی کردووە بەناوی (هۆکارەکانی دیاریکردنی ئاستی بەرهەمی نەتەوە، ل ٢٩-٣٢)، بەڵام کەموکورتیی هەیە. چەندین هۆکار هەن بۆ ئەوەی بەرهەمی (یان داهاتی) وڵاتێک کەم یان زیاد بکات. کتێبەکە هەندێکی باس کردووە. بەڵام من بە باشی دەزانم روون و رەوان ئاماژەیان پێ بکات (لەوانە، سەرمایەی ماددیی، سەرمایەی مرۆیی، سامانی سروشتیی، تەکنۆلۆجیا، توێژینەوە و پەرەپێدان، دامەزراوە). (تێبینییەکە لەسەر لاپەڕە ٢٩ تا ٣١، هۆکارەکانی دیاریکردنی ئاستی بەرهەمی نەتەوە) . مامۆستای باش و مەنهەجی باش گریمانەی ئەوە ناکات کە قوتابیی قۆناغی ١٢ و خوێندکاری زانکۆ توانایان کەمە و عەقڵیان تەحەمولی شتی قووڵ ناکات. ئەمە بە کەمزانینی توانای گەنجانە. دەبێت وا سەیری قوتابیی/خوێندکار بکات کە توانای هەیە بە خێرایی گەشە بکات و لە زانست وزانیندا باڵا بکات، خۆی فێر دەبێت و بەشداریش دەبێت لە پرۆسەی فێرکردندا. مامۆستای باش رەنگە گوێ بە نمرە زۆر نەدات و ئاسانکاریی بکات، بەڵام لەسەر پرسی فێرکردن و فێربوون مساوەمە ناکات و دانابەزێت، بەڵکو قوتابییەکانی ناچار دەکات لە روی زانینەوە تەنانەت لە ئاستی خۆی بەرزتر ببنەوە.
3- خۆپاراستن لە دوبارەبوونەوە: نوسینی باش بەر لە بڵاوکردنەوە، خۆی لە دووبارەبوونەوە پاک دەکاتەوە. نوسینی باش بەر لە بڵاوکردنەوە دەبێت بژار بکرێت و لەم پرۆسەیەشدا زمانەکەی لە دووبارەکردنەوەی وشە و راستە و شیکار بپارێزیت. لەم مەنهەجەدا، لاپەڕە ١٢ (کە ناونراوە گرنگی خوێندنی داهاتی نەتەوە) لەگەڵ لاپەڕە ٢٠ (کە ناونراوە گرنگی حسابکردنی داهاتی نەتەوە) هەر یەک شتن و جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە. یان لە هەمان پاراگرافدا دووجار دەوترێت: داهاتی عێراق ٤٢٤ ملیار دۆلار بووە (ل٢٠).
4- دەقیقبوون لە زانیارییدا:
- هەر لە لاپەرە ٢٠ (بابەتی: گرنگی حسابکردنی داهاتی نەتەوە)، نوسراوە: داهاتی نەتەوە لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا (٤٢٤.٤ ملیار دۆلار) بووە. ئەم ژمارەیە زۆر گەورەیە، داهاتی عێراق ناگاتە ٤٢٤ ملیارد دۆلار لەو ساڵەدا. بەپێی زۆربەی سەرچاوەکان لە ٢٠٠ ملیارەکاندایە.
- سەرچاوەدانان: لەم مەنهەجدا، باشتر بوو سەرچاوەی داتا و زانیارییەکان (وەک ئەو نمونەیەی لەسەر داهاتی عێراقە) دابنرێ.
- پێناسەی پێوەرەکان: پێناسەی پێوەرە ئابوورییەکان وردەکاریی دەوێت، چونکە بە بچوکترین شت واتاکەی دەگۆڕێت. هەر پێوەرێک وەزیفەی خۆی هەیە و کەموکورتیی خۆیشی هەیە. دواتر ئەم پێوەرانە بەکاردەهێنرێن بۆ تێگەیشتن لەوەی وڵاتان بۆ توشی قەیران دەبن؟ چۆن توش دەبن؟ چۆن دەکرێت رێژەی گەشەیان بەرز بکەنەوە؟ ئایا دەتوانین بۆ چەندین ساڵ لەسەر یەک ئابوورییەکەیان گەشە بکات؟
- زۆر گرنگە بە باشیی پێوەرە ئابوورییەکان فێری قوتابیان بکرێن، لە حسابکردنیانەوە تا شیکارکردنیان. سبەی رۆژ رەنگە لە دانانی بزنزیشدا سەیری ئەو پێوەرانە بکەن تا بزانن دۆخی ئابووریی وڵاتەکە چۆنە. هەندێکیان باس دەکەم:
+ ئەگەر بڵێیت: داهاتی نەختینەیی نەتەوە (٤٢٤) ملیارد دۆلار بووە شتێکە، و بڵێیت داهاتی راستەقینەی نەتەوە (٤٢٤) ملیارد دۆلار بووە شتێکی تر. ئەگەر ئەوەی یەکەم بێت، رەنگە پارەیەکی زۆر نەبێت، چونکە بەرزبونەوەی نرخی تیادا حساب نەکراوە، رەنگە هۆکارەکە ئەوە بووبێت نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەرزبوبێتنەوە، بۆیە ئەو پێوەرە وای پیشان دەدات کە دۆخەکە باشە، کەچی لە راستییدا باش نیە. ئێمە دەبێت بزانین داهاتی راستەقینە (واتە دوای دەرکردنی نرخەکان) چەند بووە، ئینجا دەتوانین بڕیار بدەین داهات زیادی کردوو یان نا.
+ لە کۆتایی خاڵی دووەمدا، نوسراوە: (بۆ نمونە عێراق بە رێژەی ٩٥٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت). ئەم قسەیە هەڵەیە. دیسانەوە نەیانزانیەوە مامەڵە لەگەڵ پێوەرە ئابوورییەکان بکەن کە رۆحی زانستی ئابورییە. لە راستییدا، سێ پێوەری سەرەکیی هەیە بۆ مەسەلەی پشتبەستن بە نەوت: یەکەم، چەند لە داهاتی حکومەت لە نەوتەوە دێت؟ لە عێراقدا نزیکەی ٩٠٪ و زیاتریشە. دووەم، چەند لە کۆی هەناردە لە نەوتەوە دێت؟ لە عێراقدا هەر دەوروبەری ٩٠٪ و شتێک زیاد یان کەمترە. بەڵام سێیەمیان بریتییە لەوەی نەوت چەندی لە کۆی داهاتی نەتەوە (GDP) پێکهێناوە؟ ئەمەیان نزیکەی ٥٠-٦٠٪ دەبێت. بۆچی؟ چونکە کۆی داهاتی نەتەوە ژمارەیەکی گەورەیە، لە چوار بەش پێکهاتووە: وەبەرهێنان (بزنس) و بەکاربردن (خەرجیی خێزانەکان)، هەناردە (واتە وڵاتان چەندمان لەسەر خەرج دەکەن) و خەرجییەکانی حکومەت. پوختەی هەناردە و حکومەت تەنها دوو بەشن لە کۆی داهاتی نەتەوە و بە تەنها ناتوانن بەرزی بکەنەوە بۆ ٩٠٪.
کەواتە راستییەکە چییە و دەبێ چی بکەن؟ دەبێت ئەوە دیاری بکەن کە بە کام پێوەر کردویەتییە ٩٠٪؟ بۆ نمونە بنوسن: لە کۆی داهاتی حکومەت، نەوت ٩٠٪ پێکدەهێنێت. ئەمەیان راستە. یان بنوسن لە کۆی داهاتی نەتەوە، نەوت نزیکەی لە ٥٠٪ پێکدەهێنێت.
+ دانەرانی ئەم کتێبە جیاکارییان نەکردووە لە نێوان (کۆی بەرهەمی ناوخۆیی) لەگەڵ کۆی بەرهەمی نەتەوەیی. ئەوەی یەکەم بریتییە لە کۆی ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆی وڵاتێکدا دروست دەکرێن، ئیدی گرنگ نییە کارمەند و وەبەرهێنی بیانیی دروستیان کردووە یان هی ناوخۆ. بەڵام کۆی بەرهەمی نەتەوەیی بریتییە لە بەرهەمی هەر کەسێک کە رەگەزنامەی عێراقیی هەبێت، ئیدی گرنگ نیە لە کوێ دەژی (لە ناوخۆی وڵات یان دەرەوە دەژی). هەر پێوەرێکیش وەزیفەی خۆی هەیە، بەڵام گرنگترینیان بۆ تێگەیشتن لە ئەدای ئابووریی وڵاتێک کۆی بەرهەمی ناوخۆیە لەبەر هەندێک هۆکار کە شوێن و کاتی نییە باسی بکەم. (بڕوانە بەشی یەکەم، لە لاپەڕە ١٠ەوە کە باسی کۆی داهاتی نەتەوە دەکات). ئەم جیاکارییە لەلایەک وادەکات سەر لە قوتبایی/خوێندکار تێک نەچێت، لە لایەکەی ترەوە رێگە زانستییە راستەکەیە. چارەسەرەکەش ئەوەیە کە ناونیشانی یەکەم لە لاپەڕە ١٠ بکەن بە (کۆی بەرهەمی ناوخۆ) و لە تەواوی تێکستەکەش لەم بەشەدا هەر بکرێت بە کۆی بەرهەمی ناوخۆ.
+ هەر لەسەر مەسەلەی پرسی (دەقیقبوون)، پێوێست بوو ئاماژە بەوە بدرێت کە هیچ پێوەرێکی ئابووریی نیە دەقیق بێت و هەر پێوەرێک کۆمەلێک کەموکورتیی هەیە. بۆ نمونە، کە ئەڵێین (هێڵی هەژاریی دوو دۆلارە لە رۆژێکدا)، ئەوا مانای ئەوە نییە ئیدی کەسی تر هەژار نییە ئەگەر داهاتی رۆژانەی لەو پارەیە زیاتر بێت، بەڵکو تەنها مەبەست ئەوەیە بزانین چەند کەس بە رەهایی هەژارن. هەژاریی رێژەییش هەیە، هەژاریی میانڕەویش هەیە، هتد. هەمان شت بۆ بێکاریی راستە. کە دەڵێین (رێژەی بێکاریی ١٤٪)، ئەوا تەنها رێژە گشتییەکەیە، دەنا لەناو ژندا جیاوازە لە پیاو، لەناو گەنجاندا جیاوازە لە بەتەمەن. یان هەندێک کەس هەن وازیان لە گەڕان بەدوای ئیشدا هێناوە و حساب نەکراون. پێوەری تر هەن و حسابیان دەکات و ئەو کەموکورتییانە پڕ دەکاتەوە. یان کە دەڵێین داهاتی عێراق ٣٠٠ ملیاردە لە ساڵی ٢٠٢٤ (بۆ نمونە وا دەڵێم)، کەموکورتیی هەیە و واقع پیشان نادات، چونکە زۆر بەرهەمی تر هەن نەخراونەتە ناو ئەو حسابەوە، لەوانە بەرهەمی ژنی ماڵ و قاچاخ. (تێبینییەکە لەسەر یەکەی دووەمە، ل ٢٢).
+ وێنەی بارگۆڕانی ئابووری هەڵەیە. بارگۆڕان هەڵکشان و داکشانە، وێنەکە تەنها داکشان پیشان دەدات. (تێبینییەکە لەسەر یەکەی سێیەمە، ل٣٧).
+ شتی زۆر ناڕۆشن و رەنگە زۆر هەڵە ئەمەیان بێت: لە لاپەڕە ل٤٣دا، ژمارە (٢١٦) بریتیی نیە لە ژمارەی پێوانەیی نرخەکان (ئەگەر مەبەست لە پێوانەی نرخەکانی بەکاربەر-CPI- بێت). ئەوەی لەم نمونەیەدا دۆزراوەتەوە بریتیی نیە لە هەڵئاوسان کە گوایە (١١٦٪) بووە، بەڵکو ئەوەی دۆزراوەتەوە بریتییە لە پیشاندانی نرخی ئەو کاڵایانەی بەرزبونەتەوە. نابێت چۆنێتی حسابکردنی پێوەری ئابووریی بە هەڵە بە قوتابیان بوترێت*(بڕوانە پەراوێز).
5- مردووی لە نوسیندا: چێژی مەنهەجی زانستی ئابووریی لەوەدایە کە بە داتا و پێوەر گفتوگۆی ژیانی کۆمەڵایەتیی دەکات. داتا و پێوەر بەرچاومان سەبارەت بەو جیهانەی تیایدا دەژین، روون دەکاتەوە. تۆ بێیت بە دوو دێڕی مردوو باسی کۆی داهاتی نەتەوە (یان کۆی بەرهەمی ناوخۆ-الناتج المحلي الاجمالي-Gross Domestic Product) بکەیت، لە بایەخی مەنهەجەکە کەم دەکەیتەوە. بۆ نمونە، ئایا وڵاتی چین لە ساڵی ٢٠٢٤ چەندی بەرهەمهێناوە؟ بەمە دەوترێت کۆی بەرهەمی ناوخۆی چین. ئەی لە ٢٠٠٠ چەند؟ ئەی ئەمریکا چەند؟ ئەی عێراق چەند؟ کە خشتەیەکت هەیە و داتاکانت تیادا رێکخستووە و خستووەتەڕوو، پێگەی وڵاتان دەردەکەوێت. تەنانەت دەتوانیت ئەوە دیاری بکەیت کە وڵاتی چین چەند لە کۆی بەرهەمی جیهان دروست دەکات؟ ئەی پێشتر چەند؟ ئەمریکاش بە هەمان شێوە. ئەو کاتە زۆر بە روونی دەبینیت واسواسیی و دڵەڕاوکێی ئەمریکا بەرامبەر چین چییە، زۆر بە روونیی تێدەگەیت پێگەی وڵاتەکەی تۆش لە کوێدایە؟ جا پێویست بوو خشتەیەک هەبێت و بەراوردی داهاتی نەتەوەیی وڵاتانی تیادا بوایە تا خوێندکار باشتر تێبگەشتایە، فێری مامەڵەکردن لەگەڵ داتاش ببوایە. ئەم شتەش زۆر ئاسانە، ناکرێ بڵێین: ئاخر بۆ قوتابی قۆناغی ١٢ قورسە!
+ هێشتاش کۆی داهاتی ناوخۆ بەشی شیکاریی ناکات و پێوەری ترمان دەوێت. پێویستە بزانین هەر تاکێک لە داهاتی وڵاتەکە بە تێکڕا چەندی بەردەکەوێت. دێین کۆی داهاتی ناوخۆ دابەشی سەر ژمارەی دانیشتوان دەکەین، ئەوە دەدۆزینەوە کە هەر تاکێک چەندی بەردەکەوێت. مەسەلەن عێراقییەک نزیکەی شەش هەزار دۆلار و ئەمریکییەک نزیکەی ٨٠ هەزار دۆلار. ئەو کاتە دێین لە رێی تیۆری (گەشەی ئابوورییەوە) هەوڵ دەدەین لەم نایەکسانییە گەورەیە تێبگەین (ئەگەرچی بە هەندێک پێوەری تر، لەوانە هاوتاکردنی توانای کڕین نایەکسانییەکە بچوکترە!). لەم مەنهەجەدا، من ئەم پێوەرە گرنگەم، واتە تێکڕای داهاتی تاکەکەسم بەرچاو نەکەوت. جا تۆ بڵێیت داهاتی عێراق ٢٥٠ ملیارە، هیچ کەسێک تێناگات ئایا ئەمە زۆرە یان نا، بەڵام کە دابەشی سەر دانیشتوانی دەکەیت و دەبینیت لە ساڵێکدا بۆ نمونە ناکاتە ٧ هەزار دۆلار، ئینجا تێدەگەیت کە ئەمە کەمە. یان بەراوردی کۆی داهاتی ناوخۆی چەند وڵاتێک بە یەکتر بکەیت، باشتر تێدەگەیت کە زۆرە یان کەم. تەنانەت مامۆستاکانیش باشتر تێدەگەن کە چی دەگوزەرێ و چی بە قوتابیان بڵێن.
6- زمانی نوسین: رێزمان و گوزارشت لە نوسیندا دەبێت لە ئاستێکی باشدا بن، دەنا بیرۆکەکان وەک خۆیان ناگەن. بەتایبەت لە پرسیاردا، روونی لە زماندا هێجگار گرنگە. بۆ نمونە، لە ل٢١دا نوسراوە: (ئەم رستەیە لێکبدەرەوە: بڵاوبونەوەی حسابکردنی داهاتی نەتەوە لە سییەکانی سەدەی رابردودا لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا). رستەکە لە رووی رێزمانەوە هەڵەیە و مانا نادات. ئەبێ بکرێت بە: (حسابکردنی داهاتی نەتەوە لە سییەکانی سەدەی رابردودا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان، بڵاوبووەوە). (ئەم رستەیە روون بکەرەوە).
یان نمونەیەکی تر: ل٤١: هەڵئاوسان: پاراگرافی دووەم:
(لەبەر گرنگی ئەم بابەتە، بۆیە گرفتی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکان بە وردەکارییەوە باسدەکەین، چونکە گرفتی هەڵئاوسان.....).
1- کە وتتت (لەبەر گرنگی ئەم بابەتە) ئیدی پێویست ناکات بڵێیت (بۆیە).
2- کە وتوت (بۆیە)، کەواتە تۆ پێشتر هۆکارەکەت روون کردۆتەوە، ئیتر نابێت بڵێیت (چونکە...).
3- چارەسەری رستەکەش ئاسانە: (بۆیە) لادەبەیت و رستەکە دەگوازیتەوە بۆ کۆتایی پاراگرافەکە و (چونکە) دەسڕیتەوە.
جگە لەمانەش، لە ل٣٨دا، دەستەواژەی (قۆناغی وەستاو) گونجاو نییە. وێنەکەی ل٣٩ش دەریدەخات کە ئابووری نەوەستاوە، بەڵکو لە قۆناغی (داکشان)دایە، یان (بازاڕکزیی)دایە، بەرەو قۆناغی (بێبازاڕیی) هەنگاو دەنێت. لە عەرەبیدا وشەی (رکود) هەیە، دوای ئەم قۆناغە بە قۆناغی (کساد) ئەگەین. ئەکرێ زمانناسان یارمەتیمان بدەن لە یەکلاکردنەوەی ئەم دوو دەستەواژەیە: ئایا داکشان یان بازاڕکزیی لە بەرامبەر (الرکود)؟ ئایا بۆ قۆناغی دواتر بێبازاڕیی یان هەرەسهێنان بەکاربهێنین؟
یان لە ل٤٢/ کە نوسراوە (بیربکەرەوە). لەم بۆکسەدا لە دوای ساڵی ٢٠٢١، (نرخی هەمان شمەک.......). پێویستە بنوسرێت (بە)، واتە (بە نرخی هەمان شمەک....).
بە کورتیی، زمانی نوسین یەکەم هەنگاوی دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ خوێنەر و دەبێت بایەخی تایبەتی پێ بدرێت.
دوا قسەم:
مەنهەجێک کە دادەنرێت، نابێت بڕیار بدرێت بۆ نمونە بۆ ١٠ ساڵ بێت، بەڵکو دەبێت بوار هەبێت پیاداچونەوەی پێدابکرێت. هەموو ئیشێک کەموکورتیی خۆی هەیە و هەنگاو بە هەنگاو گەشە دەکات. ئەم تێبینییانەی منیش بۆ حەیابردن نین، بەڵکو خەمێکە تەنها بە مەبەستی ئەوەی زانستیی ئابووریی باشتر بگات، نوسراوە. دەستێکی هاوکارییە بەو دانەرە بەڕێزانەی کە خۆبەخشانە و ماندوونەناسانە مەنهەجەکەیان ئامادە کردووە. ئێمە لەسەرمانە سوپاسیان بکەین.
................................................
تێبینیی: تێبینییەکان تا لاپەڕە ٤٣ن. لە داهاتوودا رەنگە کاری زیاتر لەسەر هەر سێ مەنهەجەکە بکەم.
..........
پەراوێز:
بۆ ئەوەی سی پی ئای (CPI) بدۆزینەوە، دەبێت بەهای زەمیلەی کاڵاکان بدۆزینەوە. لە نمونەی کتێبەکەدا، بەهای هەر زەمیلەیەک لە ٢٠٢٠دا دەکاتە (٤٠٠٠) و لە ٢٠٢١دا دەکاتە (٨٠٠٠) بەو هۆیەوە کە ئێمە لە هەر سێ کاڵاکە (قوماش، ئارد، پێنوس) تەنها یەک مەتر، یەک کیلۆ، یەک دەستەمان هەیە. ئەگەر ببوایە بە دوو کیلۆ ئارد، بەهای زەمیلەکە دەگۆڕا، پاشان سی پی ئای دەگۆڕا، پاشان هەڵئاوسان دەگۆڕا. لێرەدا شوێنی ئەوە نییە رونی بکەمەوە کە چۆن هەڵئاوسان دەدۆزرێتەوە. بۆیە زیاتر لەسەری ناڕۆم.
PM:03:51:28/12/2025
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی