پۆست یانە بەرنامە
سلێمان مستەفا حەسەن
دەستووری کۆماری عێراق ساڵی ٢٠٠٥، چوارچێوە و خشتەی زەمەنی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی داناوە، دوای پەسەند کردنی ئەنجامەکان لە لایەن دادگای فیدراڵی، پێویستە لە ماوەی (١٥) ڕۆژ لە ڕۆژی پەسەند کردنی ئەنجامەکان ئەنجوومەنی نوێنەران کۆ بوونەوەی خۆی بکات کە دەکاتە (٢٩ /١٢ /٢٠٢٥) لەدوای ئەو کۆ بوونەوەیە و سوێند خواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرانی بەڕێوە دەچێت، دەبێت لە ماوەی (٣٠) ڕۆژ لە دوای ئەو مەراسیمە سەرۆکی کۆمار هەڵببژێرێت، سەرۆک کۆماریش لە ماوەی ١٥ ڕۆژ گەورەترین کوتلە و لە ماوەی ٣٠ ڕۆژ ڕاسپێرداروی سەرۆک وەزیران ڕابسپێرێت بۆ پێشکەش کردنی کابینەکەی. کەواتە ئەوەی ڕوونە ئاشکرایە سێ پێکهاتە سەرەکییەکە (عەرەبی شیعە و سوننە لەگەڵ کورد) پۆستەکان لەنێوان خۆیان دابەش دەکەن، بەڵام کەس باسی بەرنامەی بەڕیوەبردنی دەوڵەت و ئەنجوومەنی وەزیرارن ناکات.
پرسیارە جددییەکە ئەوەیە دوای شەش خولی هەڵبژاردن و ٢٠ساڵ لە پەسەند کردنی دەستوور ڕوئیای یەکێتیی و پارتی چییە؟ ئایا لەگەڵ تەواوی کوتلە کوردستانییەکان بەیەکەوە دەڕۆنە بەغدا و لیستی هاوپەیمانی کوردستانی پێک دەهێنن، ئایا لە ناوخۆی خۆیان لەسەر پۆستەکان ڕێکەوتوون، ئایا بەرنامەیەکی ڕوون و ڕاشکاویان هەیە دوای ٢٠لە پەسەند کردنی دەستوور؟ ئایا مەرجی بەشداری کردنیان لە حکومەت چییە؟ ئایا بەرنامە و ڕێکەوتنیان لا گرنگە یان پۆست و پایە؟ ئایا ئەزموونی ئەو ٢٠ ساڵە هیچ دەرس و پەندی فێر نەکردن.
ئایا بە پۆست و پایە مافە دەستوورییەکان جێ بەجێ دەکرێن، یان بە یەکگرتوویی و بەرنامەیەکی ورد و کۆک لەگەڵ بنەما دەستوورییەکان کە دۆستانی کورد پشتگیری بکەن، ئایا چاوێکیان بە بەڵێنەکانی پێنج کابینەی پێشوودا خشاندووەتەوە؟
لەدوای ٢٠ ساڵ لە پەسەند کردنی دەستوور گرنگترین مافە دەستوورییەکان لە ژێر پرسیار و نەبووندان مەرەکەبی ناو ماددە دەستوورییەکانن تەنانەت ئێستا گۆمان پرسیار لەسەر ماددەی ١٤٠ دروست بووە، ماوەی ٨ ساڵە فەرمانبەران بێ بەش دەکرێن لە مافی مووچە و ژیان، ئەوە باسی پرسە گرنگەکانی تر نا کەین لە یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی و یاسای نەوت و گاز و یاسای مافی هەرێمەکان و ئاسای کردنەوەی بارودۆخی ناوچە دابڕێنراوەکان، ئەوە یاسای بودجەش سەربار و بن بار. بۆیە مافی هەموو کوردێکە پرسیار بکات و چاوەڕێی مانفێستۆی لیستە کوردستانییەکان بێت بۆ بەشداری لە حکومەت و پرۆسەی سیاسی لە حکومەتی فیدراڵی، هەمووان چا وەڕین بزانین بەرنامەی لیستە کوردستانییەکان چییە، بۆیە بە دڵنیایەوە پۆست و پلە بەبێ بەرنامەیەکی ڕوون و ڕاشکاو لەگەڵ زەمانەتی یاسایی دەستووری و کات بەندی، هیچ لە بارودۆخی ئێمە ناگۆڕێت.
بۆیە ئەگەر باس لە هۆکارەکانی ئەو دەردە سەری و بێ دەوڵەتی یە بکەین، ئەگەر باسی ئەو دەرەنجامە نە خوازراوە نە بکەین، ئەوا سەدان و هەزاران بەڵگە و پاساو ڕای جۆراوجۆر دەهێنینەوە بۆ دڵدانەوەی خۆمان کەم جاریش وایە پەنجەی تۆمەت بۆ خۆمان درێژ بکەین، بۆ ئەمەش من هەمیشە پەنا دەبەمە بەر شیعرە بەناوبانگە کەی ڕەوان شاد ئەحمەدی خانی نزیکەی ٢٥٠ ساڵ لەمەو بەر فەرموویەتی (گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک، ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک، هەمیا ژ مەرا دکر غوڵامی، ڕۆم وعەرەب و عەجەم تەمامی، تەحسیل دکر مە عیلم وحیکمەت، تەکمیل دکر مە دین و دەوڵەت) بۆیە بە دڵنیایەوە مەرجی سەرکەوتنی لیستە کوردستانییەکانیش بەدەست هێنانی متمانە گەلە، یەکگرتوویی تەواوی فراکسیۆنە کوردستانییەکانە، بەرنامەیە پرۆژە یاسایە، ئامادەکارییە بۆ پەسەند کردنی دەستووری هەرێمی کوردستانە، کاتی جیاوازییەکان تەواو بوو کاتی ئامانج، ئەرک، ستراتیژە، کاتی زامن کردنی یەکێتیی ناوماڵی کوردە، کاتی ئەوەیە هاوبەشبین لە بەڕیوەبردنی دەوڵەت و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی،ئەگەر نا پۆست و پلە لە وەزیفەی فەرمانبەرێکی حکومی زیاتر هیچ نییە.
PM:04:34:21/12/2025
ئهم بابهته 216
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی