بەڕوونی دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان

‌کارۆخ سەید رزگار

بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەستیاردایە پەککەوتنی پەرلەمان و دواکەوتنی پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، تەنها کێشەیەکی تەکنیکی یان ململانێی دوو حیزب سیاسی نییە بەڵکو بۆشاییەکی کوشندەی دەسەڵات دروست دەکات کە دەرئەنجامەکانی دەکرێت سیستەمی سیاسی بەرەو هەڵدێر بەرێت.

لێرەدا سێ ڕەهەندی سەرەکی دەخەمە ڕوو کە بۆچی ئەم دۆخە بەرەو گۆڕانکاری نەخوازراو دەچێت

حکومەت و پەرلەمان بەگوێرەی تیۆرییە سیاسییەکان گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیین لەنێوان دەسەڵات و هاووڵاتی کاتێک ئەم دامەزراوانە ئیفلیج دەبن دەوڵەت ئەرکی پاراستنی ژیان و بژێوی خەڵک لەدەست دەدات ئەمەش وا لە جەماوەر دەکات ئیتر خۆیان پابەند نەکەن بە یاسا و ڕێساکان چونکە لایەنی بەرامبەر دەسەڵات ئەرکەکانی جێبەجێ ناکات

لەدەستدانی شەرعیەتی دەستووری
نەبوونی پەرلەمانێکی کارا واتای نەبوونی چاودێری و لێپرسینەوەیە لە زانستی سیاسیدا هەر دەسەڵاتێک بێ چاودێری بمێنێتەوە بەرەو دیکتاتۆریەت یان لێکترازان دەچێت. ئەم بۆشاییە دەبێتە هۆی ئەوەی بڕیارە چارەنووسسازەکان لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان بدرێن ئەمەش نائومێدییەکی قووڵ لای هاووڵاتی دروست دەکات کە وای لێدەکات بیر لە گۆڕانکاری بکەنەوە "

مێژووی سیاسی پێمان دەڵێت کە کاتێک ڕێگاکانی گۆڕانکاری لە ڕێگەی سندوقی دەنگدان و دامەزراوە یاساییەکانەوە دادەخرێن واتا شەقام بیر لە ئەنترناتیفکی کە دەکاتەوە کەدەبێتە پەرلەمانی خەڵک توڕەیی خەک لە نەبونی مووچە بێکاری و نادیاریی پاشەڕۆژ، وەک باروتێکی ئامادەکراو تەنها چەکەرەیەکی سیاسی یان هەڵەیەکی بچووکی دەسەڵات بەسە بۆ ئەوەی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی سەرتاسەری دروست بکات کە ڕەنگە کۆنترۆڵکردنی ئەستەم بێت

بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە پێویستی بە تێگەیشتنێکی واقیعییانەی لایەنە سیاسییەکان هەیە ناکرێت کات وەک ئامرازێکی فشار دژی یەکتر بەکاربهێنن چونکە کاتەکە لەسەر حسابی سەقامگیریی هەرێمەکە دەڕوات گۆڕانکارییەکان ئەگەر لە ڕێگەی پەرلەمان و حکومەتەوە ڕوو نەدەن بێگومان لە ڕێگەی شەقامەوە ڕوو دەدەن، کە ئەو کات تێچووەکەی بۆ هەمووان زۆر گران دەبێت.


PM:02:38:21/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 248 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی