جەخار بۆ رۆژنامەوانیی رۆژگاری مامۆستا مستەفا و ئەمڕۆی رۆژنامەگەریی
بارزان شێخ عوسمان
حەوت ساڵ لەمەوبەر یەکێك لە قەڵەمە دەوڵەمەند و پڕ لە داهێنانەکانی ئەدەب و رۆژنامەگەریی کوردستان، جێیهێشتین کە ئەویش (مامۆستا مستەفا ساڵح کەریم)ە، بەداخەوە زۆر پرۆژەی ئەدەبی، رووناکبیریی و رۆژنامەگەریی مابوو، بە تەواونەکراوی بە جێیهێشت.
لە سەردەمی منداڵیمدا وەكو مامۆستایەك دەمبینی، رۆژانە لە گەڕەکی خۆمان(شێخان)، یان لەگەڵ مامۆستا محەمەدی حاجی شەریف کوردە دەهاتن بۆ لای دوکانەکەی باوکم لە شەقامی (بێکەس)، بەڵام کاتێک کەمێك تەمەنم هەڵکشاوتر بوو، لە میانەی بەرنامە ئەدەبییەکەی لە تەلەفزیۆنی کەرکوك، زیاتر بە جیهانەکەی تری ئاشنا بووم، ئەویش ئەدەب و رۆژنامەگەریی بوو. هەرئەوەش بووە فاکتەرێك کە خوێندنەوەی نووسین و چیرۆك و بەرهەمە ئەدەبییەکانی تری ببنە خولیام، دواتریش لە رێی بەرنامەی (شەوچەرە)ەوە لە رادیۆی کوردی بەغداوە، زیاتر بە جیهانبینیی مامۆستا ئاشنا بووم. ئەوەی لە وتار، چیرۆك، بەرهەمە ئەدەبیی و کۆڕەکانی مامۆستا لام بەرجەستە بوو بوون، رێپیشاندەرم بوون بۆئەوەی زیاتر لە شارەزایی و توانا بێ ئەندازەکەی تێبگەم کە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا زۆر جیاوازە.
دوای راپەڕین راستەوخۆ پەیوەندییم لەگەڵ مامۆستادا دامەزراند کە لەگەڵ رەوانشاد مامۆستا محەمەد نوری تۆفیق-دا نووسینگەی هەردوو رۆژنامەی (کوردستانی نوێ و الاتحاد)یان لە سلێمانی بەرێوەدەبرد، بەندەش لە ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان بووم. دوای ساڵی 1996 زیاتر لەیەک نزیكبووینەوە، بەتایبەتیی کە هەفتانە لە میانەی کۆبوونەوەی مەکتەبی راگەیاندن بە دیداری شاد دەبووم. بەراستی چۆن لەرێی بەرهەمەکانییەوە سوودی زۆرم لێوەرگرتبوو، ئەو نزیکییە راستەوخۆیەش، فاکتەرێك بوو بۆ زیاتر سوودوەرگرتن لە ئەزموون و روانینەکانی لەبارەی رۆژنامەنووس و ئەرکی رۆژنامەوانیی. هەربۆیە هەرکاتێک یەکترمان دەبینی، گفتوگۆکانمان پەیوەست دەبوون بەوەی کێ رۆژنامەنووسە و کامەیە، رۆژنامەگەریی رەسەن، هەر لە شێوازی گەیاندنی پەیام و ئامانج تا دەگاتە دەستەواژە و وشەکان.
مامۆستا مستەفا دۆستێکی خۆشەویستی (سەرۆک مام جەلال) بوو، هەمیشە رێزی تایبەتیی لێدەگرت، رۆژێکیش لە نووسین و بەدواداچوونی رۆژنامەوانیی و ئەدەبی دانەبڕاو دڵ و گیانێکی گەنجانە و چالاکی هەبوو کە تەمەنی شاردبووەوە، وەك چۆن رەوانشاد پرۆفیسۆر دکتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ تا رۆژێکیش پێش ئاوابوونی خۆری ژیانی، هەر قەڵەمەکەی لە گوڕوتیندا بوو، مامۆستاش تا مەرگ زەفەری پێ برد، هەر کاروانی نووسینی لە سەفەردا بوو.
نزیکەی چارەکە سەدەیەک لەگەڵ ئەم کەسایەتییە خۆشمەشرەب و مەجلیس گەرمەدا، لە مەکتەبی راگەیاندن کارم کرد، خۆشەویستی و پەیوەندییەکی بەهێز پێکەوەی دەبەستین و هەرگیز تەمەن نەبووە رێگر و دیوار و سنوور، بۆ لەیەکتر نزیکبوونەوە و قوڵبوونەوەی پەیوەندییەکانمان. خەمی ئەویش وەك ئێمە ئەوەبوو کە خوا نەکردە رۆژگارێك نەیەت، حەز نەکەین بە خۆمان بڵێین رۆژنامەنووس.
مامۆستا لە ساڵی 2017دا کتێبی (گوڵەوەچنێی) پێشکەش کردبووم کە خۆم لەوکاتەدا لای نەبووم، ئەمساڵ کاک کامیل ئەحمەد فەرەج-ی سکرتێری پێشووی سەرۆك مام جەلال پێی بەخشیم، نووسیبووی(هاوڕێ خۆشەویستەکەم، مامۆستا بارزان عوسمان، ئەم بەرهەمەت بە دیاری پێشکەشدەکەم، ئاواتەخوازم بیخوێنیتەوە)، ئەوە شەرەفێکی گەورەیە بۆ من، مامۆستایەکی وا گەورەی ناوەندی رووناکبیریی و رۆژنامەگەریی، مەبەستی بێت بەرهەمەکەی بخوێنمەوە، ئاخر دەیزانی ئێمەی خوێندکاری ئەوانین، نرخی دیارییە زێڕینەکەیان دەزانین، هەروەك چۆن پێشتر بەرهەمی (باخێک لە وشە)ی پێشکەشکردم و دوای خوێنەوەی هەڵسەنگاندنم بۆ کردبوو، پێکەوەش گفتوگۆمان لەبارەوە کرد.
مامۆستا مستەفا لەو خولانەی جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بوو، سەرباری داکۆکییەکانی لە رۆژنامەنووس و ئازادییەکانیان، هەوڵ و کۆششی لەو پێناوەدا بوو ناوی رۆژنامەنووس بە سەنگینی سەیر بکرێت و نەوی نەبێت، بەڵام بە داخەوە نەبوونی رێسا و پێودانگەکان، ئەو هەوڵانەی ئەویش لەبەردەم لێواری مەترسیدان.
لەساڵڕۆژی ماڵئاواییەکەیدا، سڵاو لە گیانی ئەم قەڵەمە بە بڕشت و گەنجینە دەوڵەمەندەی ئەدەب و رووناکبیریی و رۆژنامەگەریی کوردی.
PM:02:38:17/12/2025
ئهم بابهته 620
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی