کورد و پۆستی سەرۆک کۆمار

‌شوان داودی

دوای پرۆسەی ئازادی عێراق کورد ڕەگەزێکی گرنگی  پرۆسەکە و دوبارە بونیادنانەوەی دەوڵەت بوو بە فۆرمێکی نوێ ، بەشدارییەکی کاراو دیاری هەبوو لە نوسینەوەی دەستور و تێپەڕاندن و سەرخستنی ، بەپێی ئەو دەستورە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە عێراقدا لە دوو بەش پێک دێت ئەوانیش ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی کۆمارە .

هەرچەندە بەپێی دەستورەکە سەرۆکایەتیەکان بە باڵای هیچ پێکهاتەیەک لە توخمەکانی عێراق نەبڕاوە ، بەڵام چونکە پرۆسەی سیاسی عێراق لەسەر بنەمای دیموکراتی تەوافقی بونیات نراوە ، دابەشکردنی سەرۆکایەتیەکان لە نێوان هەرسێ پێکهاتە سەرەکیەکەی عێراق شیعە ، سوننە ، کورد بوو بە نەریتێکی سیاسی چەسپاو ، پۆستی سەرۆک کۆمار وەک شایستەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی و بەرپرسیارێتیەکی گەورە بەر کورد کەوت .

سەرەتا بە پێی ڕێکەوتنێکی تۆکمەی نێوان یەکێتی و پارتی یان ڕوونتر لە نێوان بارزانی و تاڵەبانی هەردوو سەرۆکایەتی کۆمار و هەرێم لە نێوانیاندا دابەش کرا ، هەرێم بۆ بارزانی و کۆمار بۆ تاڵەبانی ، بۆ دوو خول خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی بۆ ئەو شایستە نەتەوەییە لە پرۆسەیەکی نشتیمانیدا نوێنەرایەتی کوردی کرد، بەداخەوە بەهۆی نەخۆشیەوە لە نیوەی خولی دووەمدا ئەرکەکەی بە جێهێشت ، بەڵام لە ماوەی 6 ساڵی سەرۆکایەتیدا هەوێنی ئاشتی بۆ عێراق و توخمی هاوسەنگی نێوان  هاوکێشە ئاڵۆزەکانی عێراق و ناوچەکە و هێزە بەریەککەوتوەکان و مایەی شانازی بوو بۆ گەلی کورد .

دوای کۆچی تاڵەبانی کورد لە سێ خولی ڕابردودا سەرکەوتوو نەبووە لە پڕ کردنەوەی ئەو پۆستە و نابەرپرسیارانە مامەڵەی لە گەڵ کردووە.

لە خولی سێهەم دا بە هۆی ململانێکانی نێوخودی یەکێتی و شکستهێنانی ئەو حزبە لە کاندید کردنی  یەکێک لە سەرکردەکانی ، هەریەک لە  د.بەرهەم ساڵح و د.نەجمەدین کەریم خۆیان کاندید کرد کە دوو سەرکردەی باڵای یەکێتی بوون لەو کاتەدا، ئەم پرسە هەم یەکێتی و هەم کوردی لەت کرد، بۆیە  دواتر د.فوئاد مەعسوم وەک کاندیدی تەسویە هێنرایە پرۆسەکەوە دوای کشانەوەی د.نەجمەدین لە بەرژەوەندی مەعسوم ، بە پشتوانی پارتی لە ناو فراکسیۆنە کوردییەکان بەدەنگ دان پۆسته‌كه‌ لە بەرژەوەندی مەعسوم یەکلایی کرایەوە.
مەعسوم لە کاتێکدا بوو بە سەرۆک کۆمار هیچ پێگەو پلەیەکی حزبی لە سەرکردایەتی یەکێتیدا نەمابوو واتە لە دەروەی بازنەی بڕیاری حزبی و کوردیدا بوو بۆیە نەیتوانی سەرۆکێکی کاریگەر بێت ، ئەرکەکەی زیاتر لە پڕکردنەوەی پۆستەکەدا مایەوە .

بۆ خولی چوارەم کورد جارێکی تر نەیتوانی بە کاندێکی هاوبەشەوە بڕواتە پرۆسەکەوە ، د.بەرهەم ساڵح دوای جیابونەی لە یەکێتی و بەجیا چونە هەڵبژاردنەوە جارێکی تر دەرکەوتەوە ،بە پێی کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی و هەژمونی هێزە باڵادەستەکانی ناوچەکە وەکو کاندیدی یەکێتی سه‌پێندرا، بەوەش درزی لە نێوان سەرکردە باڵاکانی یەکێتی دروست کرد و پارتیش ڤیتۆی، لەسەری هەبوو بۆیە د.فوئاد حوسێنی کاندید کرد و کێبڕکێی کرد .

لەو خولەشدا کورد نەیتوانی بە یەک کاندید بڕواتە پرۆسەکەوە بۆیە لە نێو پەرلەمانی عێراقداو بە دەنگی زۆرینە لە لایەن پێکهاتەی شیعەوە پۆستەکە لە بەرژەوەندی بەرهەم ساڵح یەکلایی کرایەوە ، لەکاتێدا بەرهەم ساڵح هیچ پلەو و پێگەیەکی حزبی و سیاسی لە سەرکردایەتی یەکێتی و کوردا نەبوو، تەنها خاوەنی فراکسیۆنێکی پەرلەمانی دوو کەسی بوو کە ئامادە نەبوو تێکەڵی فراکسیۆنی یەکێتی بکاتەوە واتە بەرهەم ساڵح لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا لە دەروەی بازنەی بڕیاری حزبی و کوردیشدا بووە ، لە ماوەی چواری ساڵی سەرۆکایەتیدا پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی کرد و  هیچ مامەڵەیەکی لە گەڵ نەکرد بەمەش جارێکی تر کورد شکستی هێنا لە پڕکردنەوەی پۆستەکە لە بەرژەوەندی نەتەوەیی‌ .

بۆ خولی پێنجەم جارێکی تر یەکێتی بە هۆی ململانێ ناوخۆییەکانی خۆیەوە بۆ دڵڕاگرتنی د.بەرهەم ساڵح و هێشتنەوەی لە بەرەی کوڕەکانی مام جەلال دوای ڕووداوەکانی 8ی تەموز بە ناچاری کاندید کرایەوە ،لەم خولە هەرچەند تا دوا خولەکەکان پارتی کاندیدی هەبوو بۆ کێبڕکێی ساڵح ، بەڵام دواجار پشتوانی د.لەتیف ڕەشیدی کرد کە ئاوەڵزاوای تاڵەبانیە وه‌ك سەربەخۆ لە دەرەوەی یەکێتی خۆی کاندید کردبوو، تا دوا چرکەکانی دەنگدان لە ناو پەرلەمانی عێراقدا یەکێتی پشتوانی لە ساڵح کرد و دواجار بە پشتوانی پارتی پۆستەکە کەوتە بەرژەوەندی ڕەشید ، بۆیە سەرۆکی یەکێتی خاوەندارێتی ناچاری بۆ ره‌شید ڕاگەیاند.

رەشیدیش لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا لە هیچ پلەو پێگەیەکی حزبی و کوردی نەبوو واتە ئەویش لە دەروەی بازنەی بڕیاری حزبی و کوردیدا بوو ،بەڵام ئەوەی جیاواز بوو لەوانی پێشووی هاوسەرەکەی (شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د) خاوەنی پلەی باڵا  و پێگە حزبی فراوان و لە ناو یەکێتیدا له‌ بازنه‌ی‌ بڕیاردا بوو ، بۆیە هەرزوو ره‌شید کۆشکی سەلامی بۆ خانمی یەکەم بە جێهێشت و خۆی چووه‌ کۆشکی بەغدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە ئیدارییەکەی ، واتە خانمی یەکەم سەرۆکی فعلی سێبەر بوو لە کۆشکی سەلامەوە سەرقاڵی سیاسەت بوو..بەمەش پۆستەکە نەکەوتە خزمەت کوردەوە.

لەڕاستیدا ئەم پۆستە موڵکی هیچ حزب و لایەن و گروپ و بنەماڵە و کەسایەتیەک نیە بەڵکو  شایستەیەکی نیشتمانی نەتەوەیی گەلی کوردە، حەق نیە ئەوە قەبوڵ بکرێت بەو نابەرپرسیارێتیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ..

سەرکردەکانی کورد خۆیان بە گەورەتر دەزانن لە پۆستی سەرۆک کۆمار و دەخوازن سەرۆک کۆمار کارمەندی ئەوان بێت و دەست لەسەر سینگ لە پێش دەرگاکانیان بوەستێت ، بەپێچەوانەوە پێکهاتەکانی تری عێراق زەعیمەکانیان سەرۆکایەتی لیستەکانی هەڵبژاردن دەکەن و شەڕی بە دەستهێنانی شایستەی نیشتمانی پێکهاتەکانیان دەكه‌ن بۆ ئەوەی لە رێیەوە خزمەت بکەن .

پێگەی سەرۆککۆماری لە عێراق پێگەیەکی پرۆتۆکۆڵی نیە وەک هەندێک لە بەرژەوەندی خۆیان بێبەها و پۆچی دەکەن ، جگە لە نوێنەرایەتی سەروەری وڵات زەمانه‌تی سەرەکی پاراستنی دەستورە و لە گەڵ ڕێزم بۆ هەموو ناوەکان حەق نیە خەڵکانێک لە دەروەی تەوافقی کوردی و لە دەورەی بازنەی بڕیاری کوردی ئەو شایستەیەی گەلەکەمان پڕ بکه‌نەوە ،و ناکرێت ئەم پۆستە وەک موڵکی حزبێک یان بۆماوەیی بنەماڵەیەک تەماشا بکرێت ،  بەپێچەوانەوە هەموو کوردێک مەرجە یاساییەکانی تێدا بێت مافی ئەوەی هەیە خۆی کاندید بکات و داوای پڕکردنەوەی بکات ئەگەر بابەتەکە تەنها پڕکردنەوی پۆستەکە و بزنس بێت .


PM:04:06:15/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی