پەنجەرەی ئۆڤەرتۆن
د. نازەنین عوسمان
پەنجەرەی ئۆڤەرتۆن، چەمکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە، بەکار دێت بۆ رێگەخۆشکردن بۆ هێنانی بیرۆکەیەک بۆ نێو کۆمەڵگە، بۆ نموونە؛ بیرۆکەیەک لەلایەن خەڵکەوە قبووڵ نییە و نەفرەتلێکراوە، بۆ کردنی بە بیرۆکەیەک کە نەک هەر قبووڵ بکرێت، بەڵکوو پەیڕەویش بکرێت و بە باش بزانرێت، لە ماوەیەکی دیاریکراو و لە نێو کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا جێگیر بێت و بکرێت بە یاسا.
هەندێک لەو بیرۆکە تازانە ئاسانتر بڵاو دەبنەوە لە نێو کۆمەڵگەیەک، وەک لە نێو کۆمەڵگەیەکی تر (هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە لە کولتوور و گەشەکردنیاندا). هەندێک کاتی کەم دەوێت، هەندێکیش کاتی زۆر دەوێت. ئەم جیاوازییە تەنیا لەنێوان کۆمەڵگە جیاوازەکاندا نییە، بەڵکوو لە نێو خودی یەک کۆمەڵگەشدا هەیە. بۆ نموونە؛ هاوڕەگەزبازی، لە زۆربەی کولتوورەکاندا کووشتنی بەدواوە بووە، لە ئێستادا لە ئەوروپا نەک هەر قبووڵکراوە، بەڵکوو بە یاسا پارێزراون و وەک دوو هاوسەر بەرانبەر بە یاسا دەناسرێن و ماف و ئەرکیان پارێزراوە لە منداڵ تەبەنیکردن یان لە باجدان، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا پەسند نییە. نموونەیەکی تر؛ بەشوودانی کچی نۆ ساڵانە، لە عیراق رێگەپێدراوە و بە یاسا کراوە، بەڵام لە ئەوروپا بە تاوان دادەنرێت و بەندیخانەی بەدواوەیە.
پەنجا ساڵ پێش ئێستا، لە رێگەی کوڕی قۆزەوە پروپاگەندە بۆ جگەرەکێشان دەکرا، ئێستا لەسەر هەموو پاکەتێکی جگەرە؛ مەترسیی مردن، شێرپەنجە و لاوازکردنی سێکسیی لەسەر نووسراوە، تا خەڵک خۆی لێ بەدوور بگرێت.
گۆڕینی ئەم بیروباوەڕانە، لە رێگەی پەنجەرەی ئۆڤەرتۆنەوە دەکرێت، جا چ گۆڕین بێت بۆ خوازراو، یاخود بۆ نەخوازراو.
پەنجەرەی ئۆڤەرتۆن، بە ناوی خاوەنی بیرۆکەکەوە (جۆزێف ئۆڤەرتۆن) ناو دەبرێت، ئۆڤەرتۆن مەبەستی بووە سیاسەتمەداران سوودی لێ وەربگرن بۆ هێنانەدی بیرۆکەیەکی تازە و بۆ بڵاوکردنەوەی لە نێو ئەجێندا و پرۆگرامی سیاسەتەکەیاندا. ئەو گۆڕانکارییانە خۆڕسک نین و پێویستی بە پاڵنەر هەیە. ئەو پاڵدانەش لە رێگەی سیاسەتمەدار و چالاکوانانەوە دەکرێت. جۆری بەکارهێنانی ئەو پاڵدانانە، لە رێگەی هەندێک چەمکەوە دەکرێت، وەک: ئازادی، یەکسانی، ئاسایش، تەندروستی، گەڕانەوە بۆ بیروباوەڕی باپیرانمان، بەرگری لە کولتوور و ناسنامە، بەرگری لە خوا و پەیامهێنەرانی، ئاشتی، مەترسیی شەڕ، پەرەسەندنی دەمارگیری، داڕمانی کۆمەڵگە، کێشەی ئابووری، رووداوی سروشتی و مەترسی لەسەر داهاتووی مرۆڤایەتی...
بۆیە پێی دەڵێن پەنجەرە، وەک ئەوەیە لە پەنجەرەوە دیمەنی بیروباوەڕەکان ببینیت، دیمەنەکە دەگۆڕدرێت کاتێک پەنجەرەکە لە شوێنی خۆێ دەجوولێتەوە بۆ ئەملا و ئەولا وەک ئەوەی لەسەر هێڵی شەمەندوفەر بێت، رووگەی پەنجەرەکە هەر بە یەک لادا ناگۆڕێت، بەڵکوو بە لاکانی تریشدا. هەندێک جار بۆ ئەو لایە دەگەڕێیتەوە، کە پێشتر جێت هێشتبوو، بۆ نموونە؛ لەباربردنی منداڵ لە ئەمەریکا، دوای خەبات و تێکۆشانێکی زۆر، لە قەدەغەیی و تاوانەوە، بوو بە ماف بە یاسا، کەچی ئێستا لە هەندێک ویلایەت قەدەغە کراوەتەوە. بیرۆکەی نازییەکان، دوای جەنگی جیهانیی دووەم، وەک شەرمەزارییەک سەیری دەکرا، کەچی لە ئێستادا ملیاردێری ئەمەریکی، ئیلۆن ماسک، لە رۆژی دەستبەکاربوونی ترامپ وەک سەرۆکی ئەمەریکا، دوای پیرۆزباییەکەی، سڵاوێکی نازییانەی کرد.
گۆڕان لە پەنجەرەی ئۆڤەرتۆنەوە، تەنیا مانای وا نییە بەرەوپێشەوە چوون دەمانبات، هەندێک جار زۆر بە لایەنی خراپدا دەڕوات؛ یاریکردن بە رای گشتی، بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی کەم هۆشیار، ئاساییکردنی هەندێک شەرمەزاریی وەک هێنانەپێشەوەی هەندێک کەسی خیانەتکار و خاکفرۆش بۆ دەسەڵات، نموونەی سەرۆکجاشەکانی لای خۆمان، یاخود ئەحمەد شەرع، هاتنی داعش و بڵاوبوونەوی بیرۆکەکەیان لە نێو گەنجانی کورد، گەشەکردنی بیرۆکەی دژایەتی بێگانە لە ئەوروپا و ئەمەریکا... سەرەتا بە قێزەوە بیری لێ دەکرێتەوە و لە دواییدا دەبێتە مۆدە و باو. سەیری سەرۆکجاشەکان و بەعسییەکانی لای خۆمان بکەین، دوای راپەڕین کوون نەبوو خۆیانی تێدا بشارنەوە، ئێستا گەورەپیاوان بەدوایانەوەن و پشی پشییان بۆ دەکەن، تا رادەی سوێندخواردن بە گۆڕی باوکیان.
جۆ کارتەر لە ساڵی 2011دا نووسینێکی بڵاو کردەوە دەربارەی ئەوەی کە چۆن بە چەند هەنگاوێک دەتوانیت کولتووری چەند ساڵەی میللەتێک هەڵوەشێنیت. جۆ کارتەر دەڵێت: "لە سەرەتادا هەندێک کەسی ناماقوڵ بدۆزرێتەوە و ببن بە هەڵگری بیرۆکەکە، ئەو کەسانە هەندێک گەشەی پێ دەدەن لە نێو دەوروبەریاندا. لە هەنگاوی دووەمدا، هەندێک لە چەمکەکانی بیرۆکەکە بگۆڕە، بە شێوەیەک، تا بەشێکی تر لە کۆمەڵگە لای قبووڵ بێت. لە هەنگاوی سێیەمدا، شیکردنەوەی بۆ بکە لە رێگەی میدیا و سۆشیالمیدیاوە و جوانیی بیرۆکەکە بەرز و زەق بکەرەوە. لە هەنگاوی دواتردا، هەندێک کەسی بەناوبەنگ و خۆشەویست لە مێژوودا بخەرە پاڵ بیرۆکەکە، کە ئەو بیرۆکەیە پەسند بووە بەلایەنەوە و ئەوان پێی هەڵساون. لە کۆتا هەنگاودا، بیرۆکەکە بخەرە بەرنامەی سیاسییەوە بیکە بە یاسا." گەر سەیری بە یاساکردنی مارەیی کچۆڵەی نۆ ساڵان بکەین، ئەو هەنگاوانە باش درکی پێ دەکرێت.
هەندێک گۆڕانکاری هەن، لە ئێستادا زۆر ئاستەمە بگەڕێنەوە بۆ جاری جاران، بەڵام ئەوەش هەر مەحاڵ نییە، وەکوو: خواردنی گۆشتی مرۆڤ، هێنانەوەی سیستمی کۆیلایەتی بەو شێوەیەی کە لە پێشوودا هەبوو (کەنیزە و وەمامەلەکەت ئیمانەکوم)، هەرچەندە لە کاتی داعشدا روویان دا، بەڵام نەیانتوانی بیکەن بە دیاردەیەکی ئاسایی.
هەندێک جار، گۆڕانکاریی گەورە لە رووبەری ئەو پەنجەرەیەدا روو دەدات بەهۆی گۆڕانکاریی زۆر گەورەوە؛ دوای جەنگی بەرفراوان و گەورە، دوای حاڵەتی لەناکاو لەپڕ بەهۆی نالەباریی حاڵەتی تەندروستیی کۆمەڵ، یان کێشەی گەورەی ژنگەیی...
لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر ئازادیی ژندا هات لە دەنگدان و بەشداریی کار لە دەرەوەی ماڵ، بەهۆی کەمبوونەوەی ژمارەی پیاو و پێداویستیی دەستی کار. لەدوای کۆرۆنا، ئیشکردن لە ماڵدا و لە رێگەی ئینتەرنێتەوە خەریکە جێگەی بەشێکی زۆری ئیش لە دەرەوە دەگرێتەوە، هەندێک جار کۆمپانیاکان ئەو مەرجە دادەنێن، لەکاتێکدا پێش کۆرۆنا زۆر کەم ئەو جۆرە ئیشکردنە دەکرا. بەکارهێنانی پارەی ئەلکترۆنی، چەند دەیەیەک پێش ئێستا بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات، ئێستا خەریکە ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت...
دەکرێت لە رێگەی پەنجەرەی ئۆڤەرتۆنەوە بە ئاراستەی باش و خزمەتی کۆمەڵگە بمانبەن، یان بە پێچەوانەوە بەرەو دواوەمان ببەنەوە.
PM:10:38:14/12/2025
ئهم بابهته 1212
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی