ئاستەنگەكان لەبەردەم بوونی بزافێكی فیمێنیستی كاریگەر لە كوردستاندا چین؟

‌کاوە محمود

پێشەكی
بزافی فێمێنیستی لە كوردستاندا ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی سیاسی‌و ئابووری‌و كۆمەڵایەتی‌و كەلتووری دەبێتەوە، كە ڕەنگدانەوەی شوناسی بوونیادگەریانەی دەوڵەت‌و دەسەڵات‌و ئابووری بەرخۆرە. ئەم ئاستەنگانە، كە نەبوونی عەدالەت‌و نایەكسانی بەرهەمدەهێنێتەوە، هاوكاتە لەگەڵ كۆمەڵێك هۆكاری بابەتی، كە پەیوەندی بە تایبەتمەندی گوتار‌و شێوازی ڕێكخستنی لایەنەكانی ئەم بزافەیە.

سەرجەم ئەم هۆكارانە لە كۆمەڵگەیەك بە قۆناغی گواستنەوە تێپەرێت، پرۆسەی گۆڕانكاری تیایدا دژوارتر دەكات‌و، هەردەم سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە نەریتییەكان، كە ئامراز‌و بوونی دەستكەلای لە ژیانی كۆمەڵگەدا ماون، ئاسانترە لە بەرهەمهێنانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی مەدەنی نوێ كە، شوناسی مۆدێرنە‌و ئاراستەی ڕۆشنفیكری‌و عەقلانیەت بەسەریدا زاڵ بێت.
لە تێكۆشاندا بۆ پەیوەندی كۆمەڵایەتی نوێ، بوونی بزافێكی فیمێنیستی سەربەخۆ، كە ڕەنگدانەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی‌و كێشە‌و ناكۆكی‌و ململانییەكانی كوردستان بێت پێویستە. ئەمەش وا دەخوازێ، كە شوناسی ئەو بزافە كوردستانی بێت.

كارابوونی ئەم بزافە بەو شوناسە پێویستی بە پەرلەمانێكی كارا‌و سەربەخۆ‌و سیستمێكی دادگایی مۆدێرن‌و سەربەخۆ‌و، ڕاگەیاندنێكی بەرپرسیار‌و سەربەخۆ هەیە. بزافێكی فێمێنێستی كوردستانی بۆ ئەوەی كارتێكردنی كارای هەبێت‌و بەسەر بەربەستەكاندا زاڵبێت، پێویستی بە كۆمەڵگایەك هەیە بێ ترس گفتوگۆ لەسەر سەرجەم كێشەكانی بە پێوەرێكی نوێ بكات‌و، خەتی سوور‌و تابو گفتوگۆكان دانەخات‌و تێكۆشەرانی ئازادیخوازو دەمكوت نەكات، چونكە كێشەكانی ئەمڕۆ كەێشەكانی هەزار ساڵ لەمەوپێش نییە‌و، ئەو پێوەرانەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەبارن، هەمان پێوەرەكانی هەزار ساڵ پێشتر نییە. 

هۆكاری ئاستەنگەكان چین؟

یەك/ فشار‌و هەژموونی نەرتیخوازانەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی‌و كەلتوروری باو، كە لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەرجەستەدەبێت:

1ـ هەژموونی سیستمی پیاوسالاری‌و كارتێكردنی لەسەر خێزان‌و قوتابخانە‌و ئاراستەی ئایینی‌و بوارەكانی ڕاگەیاندن.

2ـ نەبوونی هاوسەنگی لە سیستم‌و میتۆدەكان پەروەردە‌و خوێندن‌و، بەكەمتەماشاكردنی تواناكانی ژنان بۆ بوونی لە ناوەندی بڕیار بە گشتی.

3ـ گرێدانی چەمكی ئازادی ژنان بە تەماشاكردنی كەسایەتی ژن لە دیدگای بوونی بە كەرەستەی شەرفی خێزان لە كۆمەڵگەدا.

دوو/ سیستم‌و بونیادی سیاسی دەسەڵات، كە ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەم خاڵانە هەیە:

1ـ مامەڵەكردن لەگەڵ ئازادییە گشتییەكان بە ئاراستەی سنووردانان بۆ ئەو ماف‌و ئازادییانەی ژنان، كە لەگەڵ خولیا‌و بۆچوونی هێزە نەریتی‌و كۆنەپەرستەكان ناگونجێت.

2ـ سنووردانان بۆ ئازادی ڕێكخستن‌و خۆپیشاندان‌و گردبوونەوە‌و بوارەكانی دیكەی كاری مەدەنی‌و، فشارخستنە سەر بزافە كۆمەڵایەتییەكان‌و هەوڵدان بۆ دەستەمۆكردنیان.

3ـ بەكارهێنانی بابەتی مافی ژنان‌و ڕێكخراوەكانی ژنانی تایبەت بە حزبە سیاسییەكان بۆ ریكلامی حزبی‌و بۆ پروپاگندەی دەرەكی‌و، نیشاندانی دەسەڵاتی حوكمران بە جۆرێك، كە لەگەڵ كۆمەڵگای مۆدێرنی نێودەوڵەتیدا هاوئاوازە.

4ـ نەبوونی پشتگیری دارایی‌و مەعنەوی بۆ ڕێكخراوەكانی ژنان لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە.

سێ/ هۆكاری ئابووری، كە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:

1ـ كارتێكردنی كەرتی تایبەت لەسەر لاوازی بەشداری ژنان لە چالاكی ئابووریدا‌و، كەمبوونی ڕێژەی ژن لە بازاڕی كاردا‌و، كارتێكردنی ئەم بابەتەش لەسەر بوونی هەلی خۆڕێكخستن لە بواری كاری سەندیكایی‌و پیشەیدا.

2ـ بوونی سیاسەتی پەراوێزخستن، كە بۆتە زیادبوونی ڕێژەی هەژاری‌و بێكاری‌و نەبوونی سیاسەتی پاراستنی كۆمەڵایەتی.

3ـ ڕەنگدانەوەی عەقڵیەتی ئابووری بەرخۆر لەسەر پێناسەكردنی كاری ناوماڵی ژنان، كە لە دەرەوەی بازنەی چالاكی ئابووریدا دەژمێرێت.

4ـ نەبوونی سیاسەتی گەشەپێدانی بەردەوام‌و سپاردنی ئاراستەی سیاسەتی ئابووری بە كەرتی تایبەت‌و ئاراستەی نیولیبراڵی. 

چوار/ كارتێكردنی ئاراستەی ئیسلامی سیاسی‌و سەلەفی هێزی پارێزگارخوازی لەسەر دۆزی ژنان

ئەم ئاراستەیە لەم خاڵانەدا ڕەنگیداتەوە:

1ـ هێرشكردنە سەر چەمكی یەكسانی جەندەری‌و شێواندنی ئەو چەمكە لە ڕێگای گوتارێكی پۆپۆلیستی چەواشەكارانە.

2ـ فشارخستنە سەر چالاكەوانانی ژنان‌و زەوتكردنی مافی ڕادەڕبڕینیان لە ڕێگای سكاڵاكردن لەسەریان لە دادگاكان بە تۆمەتی سوكایەتیكردن بە ئایین.

3ـ دژایەتیكردنی ئاراستەی ژن بۆ دەستەبەركردنی ئازادی‌و، قایلنەبوون بە توندوتیژی خێزانی لە ڕوانگەی نەگونجاوی لەگەڵ نەریتی ئایینی.

4ـ تۆمەتبارانكردنی چالاكەوانانی ژنان بە بانگەشەكردن بۆ پەیامی ڕۆژئاوایی، كە گوایە دەبێتە هۆی لێكترازاندن‌و هەڵوەشاندنەوەی خێزان.

پێنج/ گرفتە خۆجەییەكانی ڕێكخراوەكانی بواری دۆزی ژنان‌و رەنگدانەوەی لەم خاڵانەدا:

1ـ لاوازی هەماهەنگی‌و كاری هاوبەش نێوان ڕێكخراوەكان.

2ـ لاوازی ڕێكخستنی دامەزراوەیی لە كاری ڕێكخراوەكاندا‌و، مانەوەی كار‌و چالاكییەكان لە بازنەی عەقلیەت "ئیلیت"‌و دەستەیەكی دەستنیشانكراو.

3ـ مانەوەی بەشێك لە چالاكی ڕێكخراوەكان لە بازنەی دەستپێشخەری تاكەسی، یان وەرگرتنی پشتگیری لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان.

4ـ دابڕانی ڕێكخراوەكان لە كاری هاوبەش لەگەڵ ڕێكخراوەكانی دیكەی بزافە كۆمەڵایەتییەكان لەوانە سەندیكا‌و ڕێكخراوە پیشەییەكان، كە نەبوونی ئەمەش كاردەكاتە سەر فراوانكردنی بازنەی پشتگیری لە داواكاری‌و چالاكییەكانی ئەو ڕێكخراوانە.

5ـ تەسككردنەوەی كاری بەشێك لەو ڕێكخراوانە لەسەر بابەتی پێشێلكردن‌و بابەتی كوشتنی ژنان، كە گومان لە گرنگی جەختكردنەوە لەسەر ئەم لایەنە نییە، بەڵام لەگەڵ ئەمەدا گرنگە بابەتی یاساكان‌و بابەتی هەژاری‌و بێكاری‌و كاراكردن بۆ چالاكی ئابووری، لە ئەجیندەی بایەخی كاری ئەو ڕێكخراوانە بێت.

ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوەی بەربەستەكان

1ـ لەو كۆمەڵگەیانەی پرۆسەی مۆدێرنە‌و ڕۆشنفیكری‌و عەقلانیەت تیایدا سەقامگیر نەبووبێت، ئەركی دەسەڵاتی سیاسی‌و حزبی سیاسییە ئاراستەیەكی سیاسی ڕوون‌و ڕاشكاوی بەرەوە گەشەپێدانی بەردەوام‌و، كاركردن بۆ مۆدێرناسیزیۆن‌و ڕ‌وۆشنفیكری هەبێت‌و، فراوانكردنی هەڵگری كۆمەڵایەتی پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی بەو ئاراستەیە تەیاربكات.

2ـ چەمكی عەدالەتی ڕاگوزار یەكێكە لەو بابەتە سیاسییە گرنگ‌و ژیانییە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری ژێرخانی یاسایی، نەك تەنیا لە بواری باری كەسێتی، بەڵكو لە بواری دەستوورەوە بگرە تا دەگاتە سەرجەم یاساكان بە ئاراستەی یەكسانی جەندەری.

3ـ پێداچوونەوەی بەردەوام بە میتۆد‌و سیستم‌و بابەتەكانی خوێندن، كە نەریتەكانی هاوسەنگی مافەكان‌و یەكسانی جەندەری تیادا دابینبكات.

4ـ هەڵوەشاندنەوەی گوتاری پیاوسالاری لە كۆمەڵگا.

5ـ ڕچاوكردنی یەكسانی لە پلە‌وپایی وەزیفی لە كەرتی گشتی‌و لە سەرجەم ناوەندەكانی بڕیاردا.

6ـ پشتگیریكردنی كۆمەڵگای مەدەنی بە گشتی‌و ڕێكخراوەكانی بواری گەشەپێدان‌و مافی ژنان.

7ـ پاراستنی چالاكەوانی ژنان بە پێی یاسا‌و ماوەنەدان بە سكاڵاتۆماركردن لەسەریان لە دادگا بە مەبەستی دەمكوتكردنیان.

8ـ چاودێریكردنی ئەو بەرنامە‌و بابەتانە لە میدیاكان، كە بانگەشە بۆ ئاراستەی پیاوسالاری‌و، نەریتی كۆنەپەرستی‌و پارێزگارخوازی دەكات.

9ـ دانانی سیاسەتێكی ئابووری ئاراستەكراو بەرەو تواناسازی ڕاستەقینە ژنان لە بواری ئابووری‌و دۆزینەوەی هەلی كاری گونجاو بۆیان.

10ـ پشتگیریكردنی پرۆژەی بچووك‌و مامناوەندنی بۆ ژنان، بە مەبەستی شكاندنی بازنەی مانەوە لە چوارچێوەی كاری ناوماڵ.

11ـ پێداچوونەوە‌و هەمواركردنی یاسای باری كەسێتی‌و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی‌و بەدوواداچوون بۆ تاوانەكانی كوشتنی ژنان بە بیانووی "شەرەف".

12ـ فراوانكردن‌و زیادكردنی بەشداری ژنان لە بواری دادگاكان‌و ناوەندنی بڕیاری حكومی‌و سەركردایەتی حزبیدا.


PM:03:05:12/12/2025

ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی