لاجان و تاقیكردنەوەی دەوڵەت
سەردار هەرکی
ئەوەی لە گوندی لاجان ڕوویدا، ناكۆكییەكی سادە نییە لە نێوان دانیشتوانی گوندەكە و پاڵاوگەیەكی نەوت. بەڵكو تاقیكردنەوەیەك بۆ یەكێك لە بنەما هەرە سەرەتاییەكانی حوكمڕانی باش، ئەویش ئەوەیە كە حكومەت دەبێت وەكو باوك بێت بو هاووڵاتیانی خۆی ، و هێزە ئەمنییەكان سەروساماڵیان بپارێزیتن، نەك مایەی ترس و دڵەڕاوكێ بویان .
دانیشتوانی گوندی لاجان داوای مافێكی سادە و لۆژیكی خۆیان كرد: كە هەلی كار بدرێت بەو كەسانە كە نزیكترن لە پالاوگانە و زۆرترین كاریگەری پیسبوون و ژاوەژاو ژینگەییان لەسەرە . ئەمە داواكارییەكی ڕەوایە لە هەر وڵاتێكدا كە ڕێز لە ژینگەی خۆی و هاووڵاتیانی خۆی بگرێت.
بەڵام ئەوەی بەدوایدا هات شتەكی شوكێنەر بوو. بەكارهێنانی هێزی زۆر زیاد، جێگیركردنی هێزێكی گەورە بۆ گوندێكی بچووك، بڕینی ئینتەرنێت و كارەبا و پاشان مەترسیدارترین ڕێوشوێن, بونە هۆی دانیشتووان- پیاو، ژن و منداڵ- ماڵەكانیان چول بكەن.
ئەمەش جۆرێكە لە سزای بە كومەل كە بە هیچ شێوەك لە سەردەمی ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا و مافە بنەڕەتییەكان قبول كراو نیە، مەترسیدارترین خال لە روداوەكانی لاجان، تەنیا بەكارهێنانی هێزی زیاد و ئاوارەبوونی ناچاری دانیشتووانی لاجان نییە.بەلكو لێدانە لە بناغەی دادپەروەریدا و پرنسیپی بەرپرسیارێتی تاكە كەس بەرامبەر كردارەكانی خۆی ، نەك بەرپرسیارێتییەكی بە كومەل كە بەبێ جیاوازی بەسەر هەموو كەسێكدا بسپێنرێت .
كاتێك پیاوان و ژن و منداڵەكان بە ناچاری ماڵەكانیان بەجێدێڵن، ئەو پەیامەی پێیان دەگات ، پەیامێكی ئاسایش و سەروەری یاسا نییە، بەڵكو پەیامێكی زۆرەملێ و چەوساندنەوە و زەلیلكردنە.
سزای بەكۆمەڵ ئامرازێكی پاوانخوازانە بووە , كاتێك دامەزراوەكان شكست دەهێنن لە بەڕێوەبردنی قەیرانەكان بە هێمنی و ژیرانە. هەندێك كەس پەنا دەبەنە بەر رێكارە سەرەتایی و ڕیسواكەرەكان، پێیان وایە كە چارەسەرێكی خێرایە . بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە كە ئەم جۆرە ڕێكارە ئاگرەكە ناكوژێنێتەوە بەلكو قیرانەكان قولتر دەكات.
ئەوەی ڕوویداوە پێویستی بە جەختكردنەوە لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە هەیە:
1. هێوركردنەوەی دەخەكە و كار كردن بو گەڕانەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی دانیشتوانی لاجان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. گەڕانەوەیان بۆ ماڵەكانیان چاكە نییە، بەڵكو ئەركێكی یاسایی و ئەخلاقییە. ئەگەر بەدواداچوون بۆ ئەم كارە نەكرێت و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی بونە هۆی وماڵ چولكردنیان ، ئەو پەیامەی لە مێشكی خەڵكدا دەمێنێتەوە كە یاسا تەنها بۆ كەسانی لاواز جێبەجێ دەكرێت،
2. سزادانی هەموو ئەوانەی تێوەگلاون لە بەكارهێنانی توندوتیژی، لەهەر لایەنەك بێت، بە شێوەیەكی شەفاف و بەپێی یاسا.
3 . پاڵاوگە و چالاكییە پیشەسازییەكان دوور بكرێنەوە لە ناوچەی نیشتەجێبوون، هەروەها ڕێوشوێنی توندی پاراستنی ژینگە بگیرێتەبەر .
4 . دەبێت ئەولەویەت لە دامەزراندنی كارمەندان بدرێت بە دانیشتوانی ناوچەكە، چونكە ئەوانن كە ڕاستەوخۆ كاریگەری پڕۆژەكەیان لەسەرە.
5. پێویستە هێزە ئەمنییەكان دەسەڵاتیان پێبدرێت كە بە بێلایەنی تەواوەوە ئەركەكانیان ئەنجام بدەن، دوور لە كاریگەریی كۆمپانیاكان یان فشاری سیاسی.
هەرگیز نوسینەكان و هەلویستەكانم لە ڕوانگەی عاشیئیروەم نەنووسوە ، بێگومان جیاكاری لە نێوان هاوڵاتیاندا ناكەین لەسەر بنەمای ئینتما ، بەڵكو لە ڕوانگەی ماف و دادپەروەری و كەرامەتی مرۆڤەوە.
PM:09:12:01/12/2025
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی