لە نێوان ( بڕوانامە ) و ( لێوەشاوەیی ) دا ،  پلەوپۆست بە کامیان شایستە ترە ؟

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

لە مەیدانی کارو وەزیفەو دامەزراندن دا ، لە دابەشکردنی ئەرکەکان و کۆبونەوەکانی دەرکردنی بڕیارەکاندا هەمیشە  ئەو پرسیارە جەوهەریە دێتە پێشەوە  :  ئایا بڕوانامەی ئەکادیمی بەسە بۆ ئەوەی بڵێین ئەم کەسە  شیاوی کورسی و پلەو پۆستە ؟ یان نەخێر ، لە گەڵ بڕوانامەشدا مەرجە دەبێت ئەو کەسە خاوەن تواناو لێوەشاوەیی ڕاستەقینە بێت کە ئەمەش بە شارەزایی و مومارەسەو کارکردن دەسەلمێنرێ .

لەم سەردەمەدا کە گۆڕانکاریەکان زۆر خێران و مەرج و پێوەرەکانی سەرکەوتن و لێوەشاوەیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاترو قورستر دەبن ، ئیتر بڕوانامەو خەسڵەتی ئەکادیمی بەتەنها تاکە پێوەر نابن ، بەڵکو ( بڕوانامەو لێوەشاوەیی ) هەردووکیان پێکەوە دەبنە پێوەری ڕاستەقینەی شایشتەیی بوون.. ڕاستە بڕوانامە دەرگا دەکاتەوە ، بەڵام بەتەنها بەس نیە بۆ مانەوە لەودیو دەرگاکەوە  ، کۆمپانیاو بازاڕو شوێنە گشتیەکان ئێستا بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن  تواناو دەستکەوت و بەرهەمی هەبێت ، نەک تەنها هەڵگری بڕوانامەو نازناوی زانستی گەورە بێ ! ئێمە ڕۆژانە زۆر کەس دەبینین ، زۆر فەرمانبەرو کادیری کارگێریی و تەنانەت حیزبیش دەبینین ئەرک و پۆستێکی کارگێڕیی یان بەرپرسیارێتی حیزبیان وەرگرتووە تەنها لەبەرئەوەی هەڵگری بڕوانامەیەکی ئەکادیمی بوون ، بێ ئەوەی خاوەن هیچ جۆرە هۆشیاری و سەلیقەو شارەزایی و لێزانینێکی فیعلی بن لەبوارو مەیدانە کردەییەکەدا ، هەربۆیە ئەو کەسانە دوای ماوەیەک خێرا دەردەکەوێت کە پێگەو پۆستەکەیان زۆر گەورەترو سەنگینترە لە تواناکانی خۆیان ! ئەوەی بابەتەکەی ئاڵۆزتر کردووە ئەوەیە هەندێک شوێن و دەزگاو دامەزراوەی جیاجیا ڕاستەوخۆ ئەوانە دادەمەزرێنن کە تازە بە تازە زانکۆیان تەواو کردووەو بڕوانامەیان بەدەست هێناوە ،  ئەمانە دوابەدوای تەواوکردنی ماوەیەکی کورتی ڕاهێنانی سێ مانگی یان شەش مانگی جێگیر دەکرێن و پلەو پۆستی باڵایان پێ دەدرێت تەنها بە بیانووی ئەوەی خاوەن بڕوانامەن ، ئەگەر چی خاوەن زانست و شارەزایی و مومارەسەی پراکتیکیش نەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانی ڕۆژانەو سەرپەرشتی کردن و بەرێوەبردنی تاکەکاندا! بێ گومان ئەم هەڵبژاردنانە بیرۆکەی ( تواناو لێوەشاوەیی ) لە ماناو فەلسەفە جوانەکەی خاڵی دەکاتەوە ، دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی لە نێو تیمی کارکردنیشدا ، چونکە ( سەرکردایەتی) کردن  پۆستێکی کارگێڕیی - ئیداریی نیە ، بەڵکو بەرپرسیارێتیەکی گەورەیەو پێویستی بە ئەزموون و سەلیقەو قاڵ بوون و کامڵ بوونە ، دیارە تواناو لێوەشاوەیی بە ژمارەی بڕوانامەو  نازناوو بەڵگەنامەکان ناپێورێت ، بەڵکو بەڕادەی توانای کەسەکە دەپێورێت لە داهێاندا ، لە بڕیارداندا ، لە سەرکردایەتی کردنی تیمەکەیدا ، هەروەها تا چ ڕادەیەک دەتوانێت نەخشەو پلانەکان بکاتە بەرهەم و دەستکەوت  و دەرەنجامی گەورە ! سەرنج بدەن .. پێگەی (Monster) كە پێگەیەكی جیهانییە بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كار لە توێژینەوەیەكدا كە ئەنجامی دابوو بۆ بەڕێوبەرە گشتییەكان ، بۆ هەر كەسێك كە بیەوێت لە كۆمپانیادا دابمەزرێت پێنج توانا و بەهرەی تایبەتی بە مەرج گرتبوو كە بریتیبوون لە : توانای چارەسەكردنی گرفتەكان ، وریایی لە وردەكاریەكاندا ، توانای بەكارهێنانی مایكرۆسۆفت ، سەلیقە و بەهرەی دروستكردنی پەیوەندی چ بەگفتوگۆ چ بەنوسین ، توانای بە بازاڕ كردن! ئەگەر سەرنج بدەین لە هیچ یەكێك لەو پێنج مەرجەدا ئاماژە بە زانكۆ و بڕوانامە نەكراوە! هەر لەو چوارچێوەیەشدا بوو حوزەیرانی ساڵی 2020 (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ئەمریكا ڕەشنووسی یاسایەكی ئیمزا كرد كە حكومەتی فیدڕاڵی ناچاركرد لە وەرگرەتن و دامەزراندنی فەرمانبەراندا ( بەهرەو توانا تایبەتەكان ) لەبەرچاو بگیرێن نەك بڕوانامە ئەكادیمییەكان ، بە دەرچوونی بڕیارەكەش دوو ملیۆن فەرمانبەری حكومی جارێكی تر لەسەر بناغە و پێوەری توانا و لێهاتوویی هەڵسەنگاندنیان بۆ كرایەوە! 

لە ڕاستیدا ئەو لایەن و دەزگاو دامەزراوانەی ( بڕوانامە ) و ( لێوەشاوەیی ) لەیەکتر جیادەکەنەوە موجازەفە بە ئەرک و ئەداو ناوبانگی خۆیانەوە ئەکەن ، چونکە گومانی تێدا نیە ئەو کەسەی خاوەن  ئەزموون و شارەزایی پراکتیکی نیە لە بوارو پسپۆڕیەکەی خۆیدا ناتوانێت وەک پێویست ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیە بەڕێوە ببات کە پێی سپێرراوە ..کەواتە هاوکێشە ڕاستەکە بریتی نیە لە ( بڕوانامە ) لەبەرانبەر ( کەفائە ) ، بەڵکو هاوکێشە ڕاستەکە بریتیە لە (بڕوانامە ) پشتیوان بە ( تواناو کەفائە) .

لەهیچ بوارێکدا کورسی و پلەو پۆست نابێت بدرێت بەو کەسانەی تەنها دەستەواژەکانیان لەبەرەو بەس ، بەڵکو بەو کەسانە دەدرێت لێهاتوویی و بەرچاوڕوونیان هەیە ، بەهرەو سەلیقەی سەرکردایەتی کردنیان هەیە ، زیرەکانە زانست و زانیاریەکان دەکەنە دەستکەوت .

بۆیە دەڵێین  : لە ئێستاوە پێویستە فەلسەفەی دامەزراندن لە تەنها ئەو پرسیارەوە ( چەند بڕوانامەت هەیە ؟ ) بگۆڕدرێ بۆ پرسیارێکی قوڵتر کە دەڵێت :  ( بەرهەم و دەستکەوتەکانت چین ؟ چیت بەدەست هێناوە ؟ ) ، دەبێت ئەو تێڕوانینەی کە دەڵێت : بڕوانامە ئامانجە ، بگۆڕدرێ بەو ئاراستەیەی کە بڕوانامە ئامرازێکەو دەروازەیەکە بۆ دەرخستن و بەرجەستەکردنی تواناو بەهرە شاراوەکان ، چونکە کاتێک پلەو پۆست دەدرێتە کەسانێک خاوەن زانست و ئەزموون و شارەزایی کردەیین ، ئیتر پلەو پۆستەکە دەبێتە ئامرازێک بۆ گۆڕانکاریی و گەشەکردن و پێشکەوتن ، نەک پاداشتکردنی کەسە هەڵبژێرراوەکە وەک ئەوەی ئێستا کە باوە !


PM:02:16:26/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی