بوێربن لەبەغداش موعاڕەزە بن!

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

 لەکوردستان موعاڕەزەیەکی باشبن و ئەوە ئاساییەو بەدڵی خۆتان هەبوون و کارو چالاکیتان هەبوە، تۆزێ بوێربن لە بەغداش بەو دوسێ کورسیەوە وەک موعاڕەزەی فیعلی فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی حەقیقی دەوڵەتی حەشدی شەعبی دەرکەون و شتێ بڵێن لەو گەندەڵی و فەزاحەتانەی ئەوێ. خێرا داوای وەزارەت و موشارەکەی سیاسی مەکەن، ئەگەر موعاڕەزەن دەبێت سەرەتا دژی ئەو فەسادە ڕێکخراوەی دەوڵەتی مەرکەزی و حەشدی شەعبی و چەوتیەکانیان بوەستنەوە ئینجا بەدڵی خۆتان بدەن لەو گەندەڵیەی هەرێم، گروپێک موعاڕەزەی نمایشکاری کوردیی هەن بەس موچەکانیان لەبەغدادە، کەدێنەوە تاخوا حەزبکات دژی بنەما دەستوریەکانی هەرێم دەوەستنەوەو دژی فەسادخانەکەی بەغدادش بێدەنگی لێدەکەن.

ئەوە ڕوونە هیچ موعاڕەزەیەکی دژە دەوڵەت و دژە دەستوور لەبەغدای پایتەخت نیەو ناشبێ هەبێ، چونکە باش کۆنتڕۆڵ کراوە، ئەوەی هەیە کەمینەیەک نائیب و مەندوبی ناڕازین بۆ پارەو سەفەقات، بەڵام ئەوانەی کورد لەوێ ئیمتیاز وەردەگرن و دێنەوە بۆ کوردستان و دەبنە سەرئێشە، ئەوە دەبێ دەستکاری بکرێ هیچ نەبێ ئۆپۆزسیۆنێکی دادگەربن. گروپێک هەن لەوێ دۆست و تەحالوف لەگەڵ برادەران بەشانازیەوە دەکەن و لێرەش عینادیی و عەدووی نیشتیمان و هاوزمانەکانیان، بەجارێ ئێرە وێران ئەکەن و ئەیکەنە دۆزەخ و گەندەڵیەکانی ئەوێ دادەپۆشن وەک مەندوبی گوێڕایەڵ، لەوێ هیچ ناشیرینیەک و پاڵاوگەیەکی نایاسایی و سەفەقات و کڕین و فرۆشتنێک نابینن بە پۆستە سیادیەکان و وەزارەتەکانەوە، لەکوردستانیش قالۆنچەی بریندار بە ئەمبوڵانس دەگوازنەوە بۆ خەستەخانەو نەشتەرگەری بۆریەکانی دڵی بۆدەکەن ئەوەندە تامەزرۆی ئیکتیشافی عەزیمن.


PM:12:31:26/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی