قەڵای "باوکی میللەت"

‌رێژەن جەمال

سەردەمی جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا (1936-1937) بۆ تێگەیشتنی جۆرج ئۆروێڵ لە"کۆنترۆڵکردنی میدیا" سەردەمێکی گرنگ بووە، لەو ماوەیەدا هەندێک جەنگ باس دەکران کە هەرگیز ڕویان نەدابوو، ڕۆژنامەکان باسیان لە سەرکەوتنێک دەکرد کە بوونی نییە.

ئەمڕۆ ئێمە لەو سەردەمەدا ناژین کە دەسەڵات لەڕێگەی میدیاوە "حەقیقەت" بشارێتەوە، بەڵکو سەردەمێکی ترسناکترە، حەقیقەت هەیە، لە پاڵماندایە، دەیبینین، بەڵام ئەوەیە کە دەسەڵات دەستکاریکردووە. ئەو بە دوو شێوە کاردەکات؛ دروستکردنی حەقیقەت بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت، دروستکردنی درۆ، ئەمڕۆ خەڵک لەنێوان دوو بژاردەی کوشندەدان. هەمان ئەو دۆخەیە کە هانا ئارێنت باسیدەکات؛ کاتێک کۆمەڵگە ناتوانێت درۆ لە حەقیقەت جیابکاتەوە، ئاسان کۆنترۆڵ دەکرێت.

ئەگەر سەردەمێک ئۆروێڵ باسی لە بەکارهێنانی میدیا کردبێت بۆ "پیرۆزکردنی" دەسەڵات، ئەمڕۆ لەسەردەمێکی نوێداین و ڕۆژنامەنووس وەك گرنگترین کەرەستەی "پەرستن و پیرۆزکردن" لەلایەن نوخبەیەکی کەم و داوەشاوی دەسەڵات بەکاردەهێنرێت. ئێمە ئەمڕۆ لەسەردەمی "برا گەورە"ی جۆرج ئۆروێڵەوە چوینەتە سەردەمی "باوکی میللەت"، باوکێک کە میدیا دروستیکردووە و دەیەوێت ئەو هەستە بداتە خەڵک؛ کە باوکێکە ئەگەر نەبێت میللەت برسییە، تێرکردنی گەل لەدەست و بازووی ئەودایە، باوکێکە ئەگەر نەبێت ئیتر ئاوەدانیش بوونی نابێت، تەنانەت خەونەکانیشمان موڵکی "باوکی میللەت"ن. ئەوەی "برا گەورە" لای ئۆروێڵ لە "باوکی میللەت" جیادەکاتەوە ئەوەیە؛ باوکەکەی ئێمە بڕوای وایە "ئەوەی ئەمڕۆ کۆنترۆڵ بکات، سبەینێ هەر لەدەستی خۆیدایەتی". لای باوکی میللەت مێژوو لەم ساتەوەختەوە دەستپێدەکات، شتێک نیە بە ناوی "دوێنێ"، باوکی میللەت وەک برا گەورە نییە دەستکاریی ڕابردوو بکات، ئەو کارێکی بە ڕابردوو نییە و پێیوایە قاچەکانی مێژوو لە ئێستاوە کەوتوونەتە جووڵە، ئەو باوکە لەوە سەرتر دەڕوات و پێیوایە مێژوو لەگەڵ لەدایکبوونی ئەودا لەدایکبوو. مەکینە زەبەلاحەکەی میدیای "باوکی میللەت" هەر شتێک دەهاڕێت کە ئێمە بە دوێنێوە ببەستێتەوە. شێوازی کارکردنی ئەو مەکینەیەش جەوهەری ئەم نوسینەیە.

سەلمان ڕوشدی لە ڕۆمانە ناوازەکەیدا بەناوی "منداڵانی نیوەشەو" باس لە دروستکردنی ئەو یانەیە دەکات کە ئەو منداڵانەی لە نیوەشەوی ڕاگەیاندنی بەیاننامەی سەربەخۆیی هیندستان لە دایكبوون، دروستیانکردووە، لەجێگەیەکدا دەسەڵات ناچار دەبێت منداڵانی نیوەشەو، واتە نەوەی دوای سەربەخۆبوون لە قەڵایەكی گەوردا كۆبكاتەوە و بیانخەسێنێت. ئەم باوکە نوێیەی کۆمەڵگەی کوردی-ش ساڵانێکە میدیاکارەکان لە قەڵایەکی گەورەدا کە ناوی لێناوە "میدیا-کەناڵی ئاسمانیی، سۆشیەڵمیدیا" کۆدەکاتەوە و دەیانخەسێنێت. لەو قەڵایەی باوکی میللەت دروستیکردووە هەموو ئامڕازەکانی خۆشگوزەرانیی هەیە، دەتوانیت چێژی بێسنوور لە هەر شتێک ببەیت کە دڵت دەیخوازێت، لەبەرامبەردا باوکی میللەت منداڵەکانی خۆی یەک لە دوای یەک دەخەسێنێت، دوای پڕۆسەکەش منداڵان دەتوانن هەر لە قەڵاکەدا بمێننەوە و بخۆن و بخەون، دەشتوانن بچنە دەرەوەی قەڵاکە و درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن، بەڵام ئەوەی لەو قەڵایە دێتە دەرەوە هەرگیز منداڵە ئازا و ئازادەکە نیە.

لەم ڕۆژانەدا بەڕێکەوت نوسینی یەکێک لەو منداڵە خەسێنراوانەم بەرچاوکەوت، کە شەرعیەتی بە "کڕینی دەنگی خەڵک" دابوو لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. تەنانەت لەشوێنێکدا سەرکەوتنی پڕۆسەی دیموکراسیەت دەبەستێتەوە بە توانای کڕینی دەنگی خەڵکەوە و دەیەوێت زۆر بە سادەیی پێمان بڵێت؛ کام سەرکردەیە دەنگی زیاتری خەڵک بکڕێتەوە، ئەوەیان دیموکراسیترە!

ئەم تێگەیشتنەی ئەو ڕۆژنامەنووسە یەکێکە لە نیشانەکانی دوای خەساندنی نێو قەڵاکە، ئەو یەکێکە لەو هەزاران منداڵەی لەنێو قەڵاکەدا ماوەتەوە و بە خەونی پووچ خەسێنراوە و نایەوێت بێتە دەرەوە. مەکینە زەبەلاحەکەی نێو قەڵاکە کار بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان بە دەرەوەی قەڵاکە ناکات، چونکە هیچ ڕاستییەک بوونی نییە، بەڵکو ئامێرەکە دەستکاریی بیرکردنەوەی خەڵکی دەرەوەی قەڵاکە دەکات؛ ئەو هەستەیان دەداتێ هەر کەسێک لە دەرەوەی قەڵاکە بژی لە دەرەوەی مێژووە.

باوکی میللەت خاوەنی قەڵاکە و ئامێرە زەبەلاحەکەیە، وێنەی باوکی میللەت کە دروستکراوی میدیا و ڕۆژنامەنووسەکانمانە، زۆر لە وێنەی پادشا دۆدۆ دەچێت؛ دۆدۆ پادشایەکی زۆر برسییە، بەڵام میللەتەکەی خۆی زۆر خۆشدەوێت ئەوانیش دۆدۆیان زۆر خۆشدەوێت... دۆدۆ هەمووجار کە برسی دەبێت دەبێت هەندێک لە میللەتەکەی خۆی بخوات. میللەتەکەی دۆدۆش کە دێتە سەر ئەوەی بخورێن هەموو زۆر دڵخۆش دەبن. دۆدۆ کە برسی دەبێت دەرگایەکی گەورەی هەیە کە تایبەتە بە خواردن، بەیانیان دێتەدەرێ و دەڵێت «ئەمڕۆ دووبارە مژدەیەکی خۆشم پێیە بۆتان، زۆرم برسییە و دەبێت بتانخۆم بە کاڵی، بە شۆربا، بە برژاوی». میللەتیش دەخرۆشێت، لە خۆشیدا باوەش بەیەکدا دەکەن و دەڵێن «گوێ بۆ ئەم هەواڵە خۆشە بگرن ... گوێ بۆ ئەم هەواڵە خۆشە بگرن». دۆدۆش بە خەڵک دەڵێت «سەبرتان هەبێت، هەمووتانم بە یەکجار بۆ ناخورێت، بەڵام کەستان لە بیرناکەم و هەمووتان دەخۆم». خەڵکیش دەیکەنە پاڵەپەستۆ و هەر یەکە و دەیەوێت خۆی یەکەم کەس بێت کە شەرەفی خورانی پێببڕدرێت.

باوکی میللەت، باوکێکی مۆدێرنە، لەوەدا لە دۆدۆ جیادەبێتەوە کە وەك ئەو گۆشتخۆر نییە، باوکی میللەت ڕووەکخۆرە و تا ناچار نەبێت داپڵۆسین وەك چەکێکی کاریگەر بۆ ڕاکێشانی منداڵانەکانی بۆ نێو قەڵای خەساندن بەکارناهێنێت.

پیتەر سلۆتەردایک لە کتێبی "ڕەخنە لە عەقڵی گاڵتەجاڕیی" بە وردیی باس لە سەردەمێکی نوێ دەکات، کە تیایدا خەڵکیی هۆشیارن بەرامبەر ئەوەی میدیا بەکاریاندەهێنێت و یارییان پێدەکات، بەڵام وا مامەڵە دەکەن وەك ئەوەی ئاگادار نەبن...

سلۆتەردایک دەگاتە شوێنێکی گرنگ و پێیوایە "ئیتر میدیا پێویستی هەڵخەڵەتاندنی خەڵک نیە، بەڵکو تەنیا پێویستی بەوە هەیە بەردەوامیی بە یارییەکە بدات".

دروستکردنی "میزاجی گشتیی" لە دیدی سلۆتەردایکەوە شێوازێکی نوێی هەژموونی دەسەڵاتە کە لەڕێگەی میدیاوە بەسەر کۆمەڵگەدا دەیسەپێنێت. ئیتر کۆمەڵگەی مۆدێرن بە شێوازەکەی "فۆکۆ" دیسپلینی کۆمەڵگە ناکات، بەڵکو بە ئیدارەدانی میزاجی میللەتەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدات. بۆ ئەمەش میدیا باشترین کەرەستەی دەسەڵاتە، کە بتوانێت لە یەک کاتدا میزاجی "(تووڕەیی، گاڵتەجاڕیی، دودڵیی، و هیتر..) لای کۆمەڵگە دروستبکات.

ڕێک وەك ئەم ساتەوەختەی ئێستای کۆمەڵگەی کوردیی، ڕۆژێک میزاجی هەموو کۆمەڵگە بۆ "جنیودان" یەکدەگرێت، ڕۆژی دواتر بۆ "میزاجی گاڵتەجاڕیی" دەگۆڕێت و کۆمەڵگە لەشێوەی گروپی جیاوازدا گاڵتە بە شتێک دەکەن، کە بڕوایان وایە شیاوی گاڵتەپێکردنە.

ڕۆڵی میدیا لە کۆمەڵگەی کوردیدا تەنیا لە گواستنەوەی "پەیام"ێکدا قەتیس نییە، بەڵکو وەک سلۆتەردایک دەڵێت میدیا لەم سەردەمەدا دوو ڕۆڵی هەیە: (ڕێکخستنی ئابووریی سۆزداریی، لەگەڵ زانستی بەرگریی). دەسەڵات بانکێکی وەهمی بۆ عاتیفەی خەڵک دروست دەکات، بەپێی پێویست بڕی عاتیفە دەداتە خەڵکەکەی، میدیایش (بەرگریی-المناعة) بۆ ئەو عاتیفەیە دروست دەکات و ئەو هەستە دەداتە خەڵکیی بەرگەی بگرن و بێزار نەبن؛ ئەوەی کۆمەڵگە لەسەر بە "گاڵتەجاڕکردنی" ڕێککەوتون، میدیا بەرگرییان دەداتێ ئیدارەی گاڵتەجاڕییەکە بدەن، ئەوەیشی بووەتە جێگەی گاڵتەجاڕیی، هەر میدیایە بەرگریی دەداتێ بەردەوام بێت و هەستێتەوە.


PM:03:45:24/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی