لە جەنگەوە بۆ هەژاریی.. ڕاستییە تاڵەکانی پشتی کۆچی نایاسایی
نووری بێخاڵی
کۆچبەریی نایاسایی؛ یەکێکە لە گەورەترین کێشە جیهانییەکانی سەدەی بیست و یەک، کە ساڵانە ملیۆنان کەس ناچار دەکات وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن و بە ڕێگا مەترسیدارەکانەوە، ڕوو بکەنە وڵاتانی دەوڵەمەند.
بۆ تێگەیشتن لە چییەتیی ئەم کێشەیە، دوو پرسیاری سادە دەکەین: لەبەرچی ساڵانە ملیۆنان کەس لە ڕێی کۆچدا ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە؟ بۆچی کۆچبەریی نایاسایی لە جیهاندا کۆتایی نایەت؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دوو پرسیارە و چەندین پرسیاری دیکە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ هۆکارەکانی بەردەوامیی ئەم کێشە و دیاردە جیهانییە و دەرهاویشتەکانی ئەم هۆکارانە بە ئامار بخەینە ڕوو.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ١١٠ ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان ناچار بە کۆچبەری بوون، کە بەشێکی بەرچاوی ئەوانیش بە شێوەی نایاسایی کۆچیان کردووە. تا دێتیش ئەم دیاردەیە بەردەوامە و بەرەو زیادبوون دەچێت.
جەنگ و ناکۆکییە چەکدارییەکان یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی کۆچی نایاسایین. لە وڵاتانی وەک سووریا کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە قەیرانی گەورەی تێدایە، زیاتر لە ١٣ ملیۆن کەس ناچار بە جێهێشتنی ماڵ و زێدەکەیان بوون. هەروەها شەڕی یەمەن نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەسی کردووە بە پەنابەر. لە ئەفغانستان، عێراق، لیبیا، ئۆکراینا و ئێستاش لە سوودان و فەلەستین، ملیۆنان کەس لەناو ترسی مەرگ و ئەشکەنجەدا دەژین و بە هەر شێوەیەک بێت هەوڵی ڕزگاربوون دەدەن، تەنانەت ئەگەر بە ڕێگا نایاساییەکانیش بێت.
هەژاری و نەبوونی دەرفەتی کار، هۆکارێکی تری سەرەکیی سەرهەڵگرتن و پەنابەرییە. بەپێی ئامارەکان، لە وڵاتانی ئەفریقیا، وەک مالی، نیجێریا و بوورکینافاسۆ، ڕێژەی هەژاری دەگاتە سەدا ٧٠. بۆیە ساڵانە دەیان هەزار لاو لە ئەفریقیای باکوور و ڕۆژهەڵات، بە دەریای ناوەڕاستدا بەرەو ئەوروپا، بە هیوای ژیانێکی باشتر، کۆچ دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی بانکی جیهانیی، داهاتی ڕۆژانەی نزیکەی ٧٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا کەمتر لە دوو دۆلارە، ئەم دۆخەش خەڵکی ناچار کردووە و دەکات کە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان، هەر چ ڕێگایەک هەیە بیگرنەبەر.
گۆڕانی کەشوهەوا و کارەساتە سروشتییەکانیش ڕۆڵێکی گرنگ لە تەشەنەسەندنی دیاردەی کۆچدا دەبینن. لە ساڵانی ڕابردوودا، وشکەساڵیی لە خوارووی ئەفریقیا نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەسی لە ناوخۆی خۆی و دەرەوەیدا ناچار بە کۆچبەریی کردووە. لە بەنگلادیش، لافاو و هەڕەشەی دەریا، ساڵانە سەدان هەزار کەس بێ ماڵ دەکات. لەم بارەیەوە، شارەزایان و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە پێشبینی دەکەن تا ساڵی ٢٠٥٠، نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن کەس لەبەر گۆڕانی کەشوهەوا ناچار بە کۆچبەریی ببن.
سەرکوت و پێشێلکردنی مافە مرۆڤایەتییەکان لە ژمارەیەک وڵاتدا، هۆکارێکی ترە. لە میانمار، کەمایەتیی ڕۆهینگیا ملیۆنێک کەسی ناچار بە هەڵاتن کرد. لە ئێران، سووریا و کۆماری کۆنگۆ، سەدان هەزار کەس لەناو ستەم و هەڕەشەی دژایەتیکردندا دەگوزەرێنن و بە هەر شێوەیەک بێت هەوڵی ڕزگاربوون لەو دۆخەیان دەدەن.
گەندەڵی و بێدادی و لاوازیی حکومەتەکان کە بارودۆخەکە خراپتر دەکەن، هۆیەکی دیکەی کۆچبەریی و ئاواربوونن. بەکورتی، کاتێک خزمەتگوزاریی تەندروستی و پەروەردە نامێنێت، بێدادی تەشەنە دەکات و گەندەڵی، دەسەڵات بۆگەن دەکات، خەڵک هیچ هیوایەکیان بە داهاتوو نامێنێت و ناچار بیر لە ڕێدەربازێک دەکەنەوە.
هاوکات ڕێکخستنە تێرۆریستییەکان و میلیشیا نایاساییەکان، هۆکارێکی دیکەی دژوارترکردنی بارودۆخ و ژیانی کۆمەڵگاکانن. بۆ نموونە، داعش و میلیشیاکان لە عێراق و سووریا، بۆکۆ حەرام لە نێجیریا، شەباب لە سۆماڵ، هەموویان بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس. لەو نێوەشدا و لە سای بەردەوامیی ئەم بارودۆخانەدا، تۆڕ و باندەکانی قاچاخکردن بە مرۆڤ، ساڵانە ملیاران دۆلاریان قازانج کردووە و دەکەن.
بە کورتی و بە کوردی، بەردەوامبوونی ئەم کێشە و دیاردەیە، بۆ بەردەوامیی ئەو هۆکارانەی لە پێشەوە باسمان کردن، دەگەڕێتەوە. هۆکارگەلێک کە تا ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەیتوانیوە چارەسەرێکی بنەڕەتییان بۆ بدۆزێتەوە، بەتایبەتی هۆکاری جەنگەکان و قەیرانە ئابوورییەکان. لە بەرامبەر دەستەوەستان لە چارەسەرکردنی ئەم هۆکارانەشدا، سیاسەتە توند و ڕێوشوێنە یاساییە سەختەکانی پەنابەریی لە وڵاتانی دەوڵەمەنددا، هۆکارێکی ترە کە خەڵکیان ناچار کردووە ڕێگا نایاساییەکان هەڵبژێرن. بۆیە تا ئەو هۆکارانە لە ڕەگەوە ڕیشەکێش نەکرێن و چارەسەری بنەڕەتییان بۆ نەدۆزرێتەوە، کۆچبەریی نایاسایی لە جیهاندا نەک هەر کۆتایی نایەت، بەڵکوو ساڵ دوای ساڵیش زیاتر دەبێت.
AM:11:58:22/11/2025
ئهم بابهته 384
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی