کێ ئەم هەڵبژاردنەی بردەوە؟

‌مەریوان وریا قانیع


بێگومان وەڵام فەرمییەکە ئەوەیە کە پارتی براوەی ژمارە یەک و یەکێتی براوەی ژمارە دوو و یەکگرتوو براوەی ژمارە سێیە. ژمارەکان لە ئاستێک لە ئاستەکانی شیکردنەوەدا ئەم راستیانەمان پێدەڵێن. 

بەڵام، سەیرکردن و شیکردنەوەیەکی دیکەی ژمارەکان واقیعێکی سیاسیی دیکەمان نیشانئەدەن، تەواو جیاوازە لەو ئاستە فەرمییەی بینین و شیکردنەوەی ژمارەکان. 

چۆن؟

کۆی ئەوانەی لە هەرێمدا تەمەنیان لەسەروی ١٨ ساڵەوەیە و مافی دەنگدانیان هەیە بریتیین لە نزیەکی ٤ ملیۆن کەس. بە وردیی بریتین لە ٣٨٨٣٥٠١ کەس. پارتی و یەکێتی بەیەکەوە لەم ژمارەیە دەنگی نزیکەی ملیۆنێک و دووسەد هەزارکەسیان بردوە، بە وردیی: ١١٩٤٤٢٨ کەس. واتە هەردووکیان بەسەریەکەوە نزیکەی ٣١% دەنگەکانی هەرێمیان بردوە. ئەمەش یەک مانای هەیە: لە هەموو سەد کەسێک لە هەرێمدا نزیکەی ٧٠ کەس دەنگیان بەم دوو هێزە نەداوە. ئەمە با واز لە  گزی و تەزویر و فشار و ترساندن و کڕینی دەنگ بهێنین کە بێگومان بەشێکە لەم ٣١ لەسەدەی دەنگیان بەم دوو هێزە داوە.  

ئینجا پارتی لەو نزیکەی ملیۆن و دووسەد هەزارەی دەنگی بەوان و بە یەکێتی داوە، دەوروبەری ٨٥٠ هەزار دەنگی پێداون، بە وردیی: ٨٥٢٤٤٨ کەس. کە دەکات نزیکەی ٢٢% ژمارەی دەنگدەرانی هەرێم. ئەمەش مانای ئەوەی لە هەر سەد کەسێک لە هەرێمدا نزیکەی ٨٠ کەس دەنگی بە پارتی نەداوە. 

هەرچی یەکێتییە نزیکەی دەنگی ٣٤١ هەزار کەسی لە هەرێمدا بردوە، بە وردیی: ٣٤٠٩٨٠ کەس. کە دەکاتە رێژەی ٩% دەنگەدەرانی هەرێم. واتە لە هەموو سەدکەسێک لە هەرێمدا ٩١ کەس دەنگی بەیەکێتی نەداوە. 

یەکگرتووی ئیسلامیش نزیکەی دەنگی ١٦٧ هەزار کەسی بەدەستهێناوە، بە وردیی: ١٦٦٩٠٤ کەس، کە دەکاتە رێژی ٤،٢% کەس. واتە لە هەر سەد کەسێک لە هەرێمدا نزیکەی ٩٦ کەس دەنگیان بە یەکگرتوو نەداوە.  

ئەوەی ئەم ژمارانە پێماندەڵێن ئێمە لە بەردەم کۆمەڵێک هێزی سیاسیداین کە هەریەکێکیان نوێنەرایەتی کەمینەیەکی بچوک لە دانیشتوانی هەرێمەکە دەکەن. هیچ یەکێکیان توانای نوێنەرایەتیکردنی ٢٠ لە سەدی کۆمەڵگاکەی نییە، بە خودی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە گەورەترین هێزی هەرێمەکەیە. بۆیە هەر قسەکردنێک بەناوی نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگاکە و هەرێمەکەوە، جگە لە خورافەتێکی سیاسیی و جگە لە خۆبەهەڵەدابردنێکی گەورە، شتێکی دیکە نییە.  

ئەمەش تەنها یەک مانای هەیە: هیچ هێزێک لە هێزە بەشداربووەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنەکەی نەبردۆتەوە، بەڵکو هەموویان بە مانایەک لە ماناکان دۆڕاون و بەم دۆڕانەشیان بۆشاییەکی سیاسیی گەورەیان لە هەرێمەکەدا دروستکردوە. 

مەریوان وریا قانع


AM:10:02:21/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی