لە کۆربەندی MEPS چی روویدا
رێباز حەملان
سەرۆکی حکومەتی هەرێم، کاک مەسرور بارزانی لە دهۆکی قەشەنگ و ئارام دوای ململانێ و هەڵمەتی هەڵبژاردن، توانی تەواوی بۆچون و ركابەرە جیاوازەكان لە شەشەمین کۆربەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ‘’ MEPS ‘’ کۆبکاتەوە.
رۆژی یەکەم:
مێپس بووە وێستگەی کۆبوونەوەی گەورەترین کوتلە براوەو سەرکردە سیاسییە کاریگەرەکانی عێراق کە یەکەمجارە بەم شێوەیە هەموان پێکەوە ئامادەبونیان هەبێت لە هەرێمی کوردستان، هەموو لایەنە جیاوازەکان بە شیعەو سوننە و گەورەترین دوو دەسەڵاتی حوکمرانی عێراق، سەرۆکی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئامادەبوون، بەشێکی زۆری وەزیرو پلە باڵاکان و جێگرانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دهۆک و هەرێمی کوردستان بوونەوە دەستپێکی بونیادنانی حوکمرانی و سەردەمێکی نوێ بۆ ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای هەڵبژاردنی 2025/11/11.
لە MEPS عەرەب (شیعەو سوننە)، کوردو تورک و فارس، مەسیحی و ئێزدی و موسڵمان کلدو ئاشوری و تورکمان، هەمووان بە پێوە وەستان بۆ سروودی نیشتمانی ،،ئەی رەقیب،،.
پێیان وترا ستەم و زوڵم بۆ هیچ رژێم و سیستەمێک سەری نەگرتووە، جێبەجێکردنی دەستور، هاوبەشی ، هاوسەنگی ، سازان دەبنە بنەمای پێکەوە ژیان بە دادپەروەرانە.
هەر لە پەراوێزی کۆربەندی MEPS دیدارە گرنگەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرێوەچوو.
رۆژی دووەم:
مێپس بووە رووگەی كۆكەرەوەی سەركردەی پارچەكانی دیكەی كوردستان ئەوەی خەڵكی خەونیان پێوە دەبینی كە ئەو كارەكتەرە سیاسیە كوردییانە كۆبكاتەوە لە مێپس کرا.
بارزانی و كۆبانی و بایدەمیر سێكوچكەی كوردایەتی لەیەك شوێندا كۆبووونەوە.
پشتگیری دوپات کرایەوە کە هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگیرە کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کە دەست پێکراوە دەبێت لەسەر هەنگاوەکانی بەردەوام بێت بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی گەلانی تورکیاو بەتایبەت گەلی کورد لە باکوری کوردستان.
کاک مەسرور بارزانی لە مێپس هەسەدەو ئەنەکەسەی پێکەوە دانیشان و خۆشحاڵ بوو لە مێپس بیرورا و خاڵە هاوبەشەکانیان باس بکەن، حکومەتی هەرێم پشتیوانە لەو هەنگاو و رێکەوتن و لێک تێگەیشتنانەی نێوان حکومەتی دیمەشق و کوردانی رۆژاڤا کە کراوە تا بگەنە رێکەوتن لە پێناو سەقامگیری و پێکەوە ژیانی گەلانی سوریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە رۆژاڤا بە شێوەیەکی ئاشتیانە.
هەردوو سەرکردە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی و عوسمان بایدەمیر لە وتارەکانیان ئەم راستیانەیان سەلماند و سوپاس گوزاربوون بۆ ئەم کۆربەندە گرنگەی کە هەموو لایەنە ناکۆک و هەموو جەمسەرەکانی کۆکردەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست.
PM:03:42:20/11/2025
ئهم بابهته 344
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی