ئامۆژگاریە ئاڵتونیەکە

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

هەرکاتێک پرسیاری لێ دەکەیت :  بۆچی ئیشێک ناکەیت ؟!  زۆر بە متمانەوە وەڵام دەداتەوەو دەڵێت :  هیچ ئیشێک نیە بیکەم !!

ئێستاکە زۆربەی هەرە زۆری گەنج و لاوەکانی کۆمەڵگەی کوردی ئێمە   (ئەگەر خێرا هەلێکی کاری دەست نەکەوێت) بێ یەک و دوو تەسلیمی بارودۆخ و هەل ومەرجە ئاساییەکە دەبێت و پاڵی لێ دەداتەوە و ، ئەم ڕستەیەی کە لەڕووی دەروونیەوە ئارامیەکی ساختەی دەداتێ : ( کارو ئیش نیە ) دەیکات بە دروشمی تایبەتی خۆی و لەسەر دیواری دڵی هەڵیدەواسێت ! دوای ماوەیەک دەبینی ئەم گەنجە کەلەسەرەتای قۆناغی تەمەنیایەتی نغرۆی نێو دنیای ڕابواردن و لەزەتەکان و شەونخوونی بێ کەڵک و قسەوباس و گفتوگۆو دانیشتنە دوورو درێژەکانی نێو چایخانەکان و قاوەخانەکان و کافیاکان دەبێت و ، بەگرتنەبەری ئەم ڕێگاو  ڕێڕەوە سەقەت و خۆکوژیە خەم و پەژارەو ئازاڕو سەختیەکانی ژیان و قەدەر لەبیر خۆی دەباتەوە!! کاتێک پرسیاریشی لێ دەکەیت : بۆ ئێش ناکەیت ؟! زۆر تەمبەڵانەو خەمساردانەو  متمانە بەخۆبوونەوە دەڵێت : ئیش نیە !!

لەڕاستیدا گرفتەکە ئەوەنیە هەلی کار دەست ناکەوێت ، بەڵکو گرفتە ڕاستەقینەکە ئەوەیە : ئەم گەنجە تازە پێگەیشتووە ئامادەو ساز نیە بۆ ئیش و کارکردن ، گرفتەکە ئەوەیە ویست و ئیرادەی لاواز بووە ، هیچ هەوڵ و کۆششێک نادرێت بۆ فێربوونی ئیشەکان و پیشەکان و بەرەو پێشبردنی تواناو بەهرەکان !! ئێمە ئێستا لە چەرخێکدا لە ڕۆژگارێکدا دەژین هەموو بەربەست و دیوارەکان لادراون ، هەموو دەرگاکان و دەروازەکان واڵا کراون و کراونەتەوە ، بەڵام بۆ کێ ؟ بۆ ئەو کەسانەی خاوەن عەزم و ویست و ئیرادەی بەهێزن .. دەبێ بزانین لە دنیای ئەمڕۆدا  ئیش وکارو پیشە تەنها لە بازنەی ئەرک و وەزیفەی حکومی و فەرمیدا قۆرخ نەکراوە و بەس ، بەڵکو هەلی کار بەردەست و ئامادەیە بۆ هەموو کەسێک کە بزانێت وەبەرهێنان لە کاتەکانیدا بکات ، هەوڵی فێربوون بدات ، دەگەڕێت و بەدواداچوون دەکات ، ئەزموون دەکات و سەرقاڵی تاقیکردنەوە بێت ، خۆی دروست بکات و خۆی سازو ئامادە بکات .. من چەند جارێک وتومە و دووبارەش دەیڵێمەوە :  قەیرانی ئەمڕۆی ئێمە نەبوون و کەمی هەلی کار نیە ، قەیرانەکە نەبوونی ئامادەییە بۆ هەلی کارەکە ! ئەو گەنجەی تەمبەڵ و سست و لاوازەو هەوڵ نادات ، بڕوای وایە تەنها ---  دوعاو پاڕانەوەی بێ هەوڵ و کۆشش و ئامادەیی وەرگرتن --- بەسە و هیچی تر ، ئەو گەنجە هەموو خەیرو بێرێکی لە خۆی بڕیوە ، ئەگەر چی هۆکارو ئاسانکاریەکانی بەدەستهێنانی ئەو خەیرو بەیرەشی لەبەردەستدا بێت ! شارەزایان و پسپۆڕانی بواری گەشەی مرۆیی دەڵێن  :  ( زانست و مەعریفە)  ،  (بەهرە  و پیشەو توانا تایبەتەکان )  لەسەرەکیترینی سەرچاوەکانی هێزن بۆ مرۆڤی ئەم سەردەمە ..  بۆیە گەنجەکانمان دەبێ بزانن  ئەگەر ئێستا هەلی کاریان دەست ناکەوێت ، خۆ دەتوانن کار لەسەر پێگەیاندن و سازکردن و دروست کردنی خۆیان بکەن ..زۆرێک لە گەنجەکان سکاڵای ئەوە دەکەن بەیانی بۆ ئێوارە کار دەکەن بەڵام هەست بە هیچ بەرەو پێشچوونێک ناکەن لە ژیانیاندا ، هەموو ماندوون و کۆششێکیان بەرژەوەندیەکەی دەچێتە گیرفانی ئەوانی ترەوەو موچەکەشیان زۆر بە ناڕەحەت بەشی تا سەری مانگیان دەکات .

ئەمە پێمان دەڵێت : کارکردن ( هەرجۆرە کارێک ) دەکرێ ڕۆژانە یان مانگانە بڕە پارەو موچەیەکی دیاریکراو بە تۆ ببەخشێت و ، ئارامیەکی دەروونی کاتی ساختە بۆ تۆ دەستەبەر بکات ، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە ڕێگا و چارەیەکی تر هەیە زۆر سەخت و گرانترە لە ( سەرەتا ) دا ، بەڵام زۆر کاریگەرترو خێراترو ئەکتیڤ ترە لە ( ئەنجام ) دا ، کامەیە ڕێگاکە ؟ وەڵام : ڕێگاکە ئەوەیە ( پیشە )یەک فێر ببیت و تێیدا قاڵ ببیتەوە ، کارێک و بوارێکی سەربەخۆ بنیات بنێیت کەتۆ تێیدا خۆت بەرپرسیاربیت لەسەرکەوتن یان شکست هێنانت .
پیشەو کاری ئازاد ڕاستە لەماندووبوون ڕزگارت ناکات ، بەڵام مانا دەبەخشێتە ماندووبوونەکەت ، لەوەش جوانتر نیە مرۆڤ ماندوو ببێت لەپێناو ئەوەدا شتێکی نوێ ئیزافە بکات بۆ ژیان و کەسایەتی خۆی ، نەک تەمەنی خۆی لە پێناو بەرژەوەندی و بەدیهێنانی خەونی کەسانی تردا تەواو بکات .

پێویستە گەنجەکانمان هەر لەئێستاوە دەست بکەن بە فێربوون ، خۆبەهێزکردن ، خۆسازدان و خۆئامادە کردن ، گەشەدان بەتواناکان ، ڕاهێنان لەسەر جورئەت و ئازایەتی.. ئینجا ئەوکات دەبینن ژیان چۆن سەرسامیان دەکات بە واڵاکردنی دەرگاو دەروازەو هەلە سەرسوڕهێنەرەکانی خۆی ، ئەو دەروازەو هەلانەی کە پێشتر نەدەبینران و هەستیان پێ نەدەکرا !! دەبێ گەنجەکان دڵنیابن ( تەمبەڵی ) بێتوانایی و لاوازیی پینە ناکات و نابێتە بەهانە ، هەروەک چۆن سکاڵا کردنی شەوو ڕۆژیش هیچ داهاتوویەکیان بۆ دروست ناکات!


AM:11:16:18/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 1380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی