یەک ملیۆن دەنگ، یەک ملیۆن پەیام بۆ بەغدا
زەردەشت ئەحمەد
یەکێتی نەتەوەیی خەونی هەموو نەتەوەیەکە، و بۆ گەلی کوردیش ئەم خەونە هێزێکی بزوێنەری مێژووییە کاتێک دەڵێین (یەک ملیۆن کورد) یەک دەنگە مەبەستمان تەنها ژمارە نییە، بەڵکو دەربڕینێکە بۆ ئەو ویست و ئیرادە هاوبەشەی کە لە دڵی هەر تاکێکی کورددا چەکەرەی کردووە، ئەم دروشمە ڕاستییەکی قووڵ دەردەبڕێت، سەرەڕای جیاوازییە جوگرافی و سیاسییەکان ئامانجە سەرەکییەکانیش بە یەكڕەنگ دەردەخات ،كەوایە كورد بەبەمانای نوێنەرایەتی گشت پێهاتەكان داوای مافی ڕەوا و ئازادی و دیاریکردنی چارەنووسی ئەو جوگرافیایە دەكات كە تێیدا دەژیت .
ئەم یەکدەنگییە لە کاتی قەیران و هەڕەشەکاندا بە شێوەیەکی دیارتر خۆی نمایش دەکات و دەبێتە قەڵغانێکی پۆڵاین و مێژوو شایەتی ئەوەیە کە هەر کاتێک کورد یەکگرتوو بووبێت، دەستکەوتەکانی گەورەتر و کاریگەرتر بوون، سەركەوتنی شۆرشی ئەیلوول بە نممونە .
زمان و فەرهەنگ و بەرژەوەندیە هاوبەشەكان وەک پردی بەهێز ڕۆڵی یەکخستن دەبینن لە نێوان تاكی ناوچە جیاوازەکان و ڕێزگرتن لە فرەیی و قبوڵکردنی ڕای جیاواز، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ بەهێزکردنی ئەم یەکدەنگییە، بۆیە پێویستە و ئەرکی سەرشانی سەرکردەکان و ڕۆشنبیرانە کە ئەم یەکگرتووییە تەرجەمە بكەن بۆ پلانی کاری سیاسیی و ئابوری گەشە پێدانی كۆمەڵگا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمان ، لەسەرووی بەرژەوەندی ئایدۆلۆژی حزبی.
لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و درووست بوونی قەیرانە جیاوازەكان دەنگی یەك ملیۆنی، کاریگەری کورد وەک یەک دەنگ لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا گەورەتر نیشان دەدات ، هێزی مرۆیی لە هاوكێشەی جیهانی لە سەرووی هەموو بابەتەكانی دیكە دایە ، ئێمە لە بیرمانە لە ساڵی 1991 كۆچی یەك ملیۆنی چ پەیامێكی بە جیهاندا كە یەك ملیۆن مرۆڤ رەتی كردووە لەژێر حوكمێكدا بێت ئازادی تێدا خەون بێت، ئەوان مردنیان هەڵبژارد لە جیاتی مانەوە ، هەربۆیەش ئەو پەیامە جیهانی هێنایە دەنگ و حكوومەتی دیكتاتۆری عێراقی خستە بەر سێرەی زلهێزان و تا رووخانی بەردەوام نینۆكیان دەقرتاند و لغاویان كردبوو.
جیهانی ئێستا تەنیا قسەی ئەو نەتەوانە بەهەند وەردەگرێت کە خاوەنی یەك بڕیاری یەکگرتوون ، ئەم یەکدەنگییە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی ئابووری و سەقامگیری زیاتر لەو ناوچانەی کە کورد و پێكهاتەكانی تێیدا دەژی.هەر تاكێكی كوردستانی چ لە وڵات بێت یان لە تاراوگە نوێنەری ئەم ویستە گشتیە دەبێت و بەردەوامبوونی تێکۆشان و خۆڕاگری ئەم گەلە، بەڵگەیەکە لەسەر پابەندبوونیان بە یەکیەتی و یەكگرتووی خەڵك و خاكەكەی.
ئەم ككۆكردنەوەیە لە مێژوویی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردا كارێكی ئەستەم بووە و هەموو كاتیش گلەیی نەوەكان ئەوەبووە كە كورد پەرتەوازەیی پشتی شكاندووە بۆیە داگیركار زەفەری پێ بردووە .
یەك ملیۆۆن دەنگ با بۆ هەموومان ببێتە بانگەوازی سەردەمێكی نوێ لە مێژووی هاوچەرخ با کار بۆ ئەوە بکەین کە (یەک ملیۆن کورد، یەک دەنگە) نەک تەنیا دروشمێكە بەڵکو ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر بێت بۆ بەگژداچوونەوەی داگیركەرو دواڕۆژێکی گەشتر بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
PM:09:34:13/11/2025
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی