ئەمڕۆ هەڵبژاردنە و مووچەش نەهات
ئەبو کاروان
دواجار و دوای کۆمەڵێک ئاڵنگاری، ململانێ و کێشمەکێشی لایەنە سیاسییەکان و تەخوینکردنی یەکتر، هاوڵاتییانی عێراق و کوردستان بەرەو بنکەکانی هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجومەنی نوێنەران هەنگاویان نا. ئەمڕۆ، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دەبێتە ڕۆژی بەشداریی هاووڵاتییان لە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
بەشداریی گەلانی عێراق، بە گەلی کوردستانیشەوە، لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا تەنیا ئەرکێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە کە ئایندە و پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا مسۆگەر دەکات.
بەپێی زۆرێک لە دیدگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، هەڵبژاردن ئامرازێکی سەرەکییە کە لەو ڕێگەیەوە هاووڵاتی دەتوانێت بەشدارییەکی کارای سیاسی بکات لە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی. بەو دەنگەی، نوێنەری دیاریکراوی خۆی هەڵدەبژێرێت و ڕۆڵی خۆی وەک هاوبەشێکی جەوهەری لە سیستەمی فیدراڵیدا دووپات دەکاتەوە و ئەو پرەنسیپە دیموکراسییانە بەهێز دەکات کە عێراقی لەسەر بنیات نراوە.
لەم پڕۆسەیەشدا، بەشداریی چالاکانەی کورد کاریگەری و قورسایی خۆی هەیە. دەتوانم بڵێم هەنگاوێکە بۆ پاراستنی ماف و دەستکەوتەکانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا. هەر دەنگێکی گەلی کوردستان دواجار کاریگەری و قورسایی خۆی هەیە لەسەر مانەوەی هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەو دەوڵەتەدا و دەبێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ ئایندەی دەوڵەتی فیدراڵی لە عێراق و ئەو پرەنسیپانە دەپارێزێت کە گەلەکەمان لە ڕابردوودا قوربانی لە پێناودا بەخشیوە.
بەڵام ئەوەی لێرەدا و لەم پڕۆسەیەدا بۆ ئێمە جێگەی پرسیار و هەڵوێستە لەسەرکردنە، ئەو بانگەشە و هەڵاوهوریایەیە کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان لەم مانگەی بانگەشەدا کردیان و بەڵێنی سەیروسەمایان دەدایە هاووڵاتییان. کەچی ئەوەی کەس نەچووە سەری و جێگەی بایەخ نەبوو، ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و پرسی مووچە و قووتی خەڵک بوو. لە کاتێکدا گەلەکەمان لە نێوان ململانێ و کێشمەکێشی هەرێم و بەغدادا بووەتە قوربانی و کەس باکی بەو میحنەت و ئازارانە نییە کە گەل لەم نێوانەدا و بە یارییکردن بە ژیان و گوزەرانیان دەیچێژێت.
سەیر لەوەدایە مووچە و قووتی هاووڵاتییانی مووچەخۆری ئەم هەرێمە زیاتر لە ساڵێکە یاریی پێدەکرێت و بووەتە ترێندی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا و بە مەزاقەوە باس دەکرێت، وەک ئەوەی ئەمانە خێر بە میللەت بکەن و مافێکی ڕەوا نەبێت. کەچی لە پەنای ئەم یارییپێکردنەدا و بێ گوێدانە ژیان و کەرامەتی خەڵک، دێن و بێشەرمانە مامەڵە بە دەنگی خەڵکەوە دەکەن و پارەی دەنگ کڕین بڵاو دەکەنەوە و بە ئاشکرا دەڵێن: "دەنگت بفرۆشە و خەمی پارەت نەبێت"، تا لەو ڕێگەیەوە جارێکی تر خەڵکی ڕابکێشنە پای سندووقەکانی دەنگدان و شەرعییەت بە مانەوەی خۆیان بدەن. هەرچەندە ئەم هێزە دەسەڵاتدارانەی کە لە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراق و کوردستاندا حوکمی ئەم وڵاتە دەکەن، باکیان بە هەڵبژاردن و دەنگی هاووڵاتییان نییە و بە هۆکاری فاکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەستیان لە دەسەڵات گیربووە و بوونەتە هێزی دەسەڵاتدار و بێ گوێدانە ماف و کەرامەتی هاوڵاتی، یاریی بە داهات و سامانی ئەم وڵاتە دەکەن، بەڵام هەڵپە و هەڵپەڕکێیان بۆ دەنگی هاووڵاتییان وەک پسوولەی شەرعییەتی یاسایی بەکاردەهێنن بۆ دەسەڵات و لەو ڕێگەیەوە ڕای گشتی پێ چەواشە و فریو دەدەن و دەسەڵاتی خۆیانی پێ زامن دەکەن.
بۆیە دەسەڵاتێک دەستی بەسەر داهاتی سەرزەوی و ژێرزەوی کۆمەڵگەدا گرتبێت و خاوەنی سامانی زۆر و زەوەندی نەوت و گاز بێت، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی پێنەدرێت و باکی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییەکانی خۆی نەبێت، بێگومان بە دیوەکەی تردا تۆمەتبارە بە دزییەکی ئاشکرا و برسییکردنی بە ئەنقەستی هاووڵاتییان. بۆیە ئەگەر یاسایەک و دەسەڵاتێکی یاسایی ڕاستەقینە و خەمخۆری جەماوەر هەبووایە، دەبوو بەرپرسانی ئەو حزبە دەسەڵاتدارانە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی بکرێنەوە و سزای برسییکردنی خەڵک لە ڕێگەی بڕینی مووچە و دواخستنی بدرێن، نەک شانازی بەوە بکەن کە گوایە ئەوان بەڵێنی پڕۆژە و خزمەتگوزاریی جیاجیا دەدەن و هەوڵی جێبەجێکردنی دەدەن.
کەچی لەم بانگەشەیەشدا هیچ زەمانەتێک بۆ بەردەوامیی مووچەدان بە هاووڵاتییان نەدرا و پڕۆژەی چارەسەریان نەخستە ڕوو.
لە کاتێکدا بەپێی بۆچوونی شارەزایانی بواری ئابووری، ئەو داهاتەی خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن بەشی مووچە و خزمەتگوزارییەکان دەکات و پێویست ناکات ئەو بابەتە ئەوەندە قورس و سەنگین بکرێت و مووچەخۆری پێ سزا بدرێت.
لە بەرانبەر هەموو ئەوانەش، ئاڵنگاری نێوان هەردوو ناوەند و هەرێم، بێدەنگیی شەقام و لاوازیی ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن لەم دۆخەدا و نەبوونی فشاری هاووڵاتییان، هۆکارێکی سەرەکیی ئەم بێدەربەستییەی هێزە دەسەڵاتدارەکانە و مەترسییەکی کوشندەیە بۆ داهاتوو. دەبێتە هۆکارێکی باشتر بۆ پشتقاییمی ئەم دەسەڵاتدارانە. دواجار هەمووان بێ جیاوازی دەبنە قوربانیی دروستبوونی ئەو دۆخە و بەرهەمهێنانی جۆرێک لە ستەمکاری و چەوساندنەوەی زیاتری هاووڵاتییان. بۆیە پێویستە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە و دروستکردنی کەشێکی گونجاوی ژیان و کەرامەتی هاووڵاتییان، سندووقەکانی دەنگدان بکرێتە سەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڵومەرجە و لەو ڕێگەیەوە گوشارەکان چڕ بکرێنەوە لەسەر ئەو نادادپەروەرییە دروستکراوە، تا دەسەڵات ملکەچ بکرێت بە هێنانەدی ماف و داخوازییە ڕەواکانی خەڵک و فەراهەمکردنی ژیان و گوزەرانێکی شکۆمەندانەی گونجاو بە ئایندەی هاووڵاتیی ئەم هەرێمە.
PM:10:53:10/11/2025
ئهم بابهته 644
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی