حوشتری بێ نرخ و پشیلەی گران بەها
د. ئەمیر حسێن
دەگێڕنەوە گوایە پیاوێک حوشترەکەی بزر دەکات ، دوای گەڕان و سوڕانێکی زۆر نایدۆزێتەوە ، بۆیە زۆر توڕەدەبێ و بڕیار دەدات هەر کاتێک بیدۆزێتەوە بە دینارێک بیفرۆشێ ، بەڵام کاتێک دەیدۆزێتەوە پەشیمان دەبێتەوە ئاوا هەرزان فرۆشی بکا ، بۆیە بەدوای تەکبیرێکدا دەگەڕێ ، تادەگات بەوەی لەگەڵ پشیلەیەک بە پەتێک بە یەکترەوە دەیان بەستێتەوە ، دەیان بات بۆ فرۆشتن ، کاتێک لە نرخەکەی دەپرسن دەڵێت : هەردوکیان بەیەکەوە دەفرۆشم ، هیچیان بەجیا نافرۆشم ، حوشترەکە بە دینارێک و پشیلەکە بە هەزار دینار . بۆیە خەڵک بە پێکەنینەوە دەیانگوت ئەو حوشترە چەند هەرزانە ئەگەر ئەو پشیلە نەبوایە .
ئەم پەندە وەکو پارادایمی بازرگانێکی داهێنەر و ساختەچی قۆڵبڕ دەردەکەوێت ، لە کاتێکدا ڕاستگۆیی لە بەجێگەیاندنی بەڵێنەکەیدا پێشان دەداو ویژدانی ئاسودە دەکات ، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی ، لە لایەکی ترەوە دەست بەرداری باخەڵ و قازانجە ماددیەکانی نابێت ، وەک تەماح و نەریتێکی هەمیشەیی بەرژەوەند خوازی بازرگانی ، لەو کاتەوە ئەم چیرۆکە وەک پەند و ئیدیۆمی لێهاتوە لە بواری تێکەڵکردن و پێکچواندندا. جابری ئەم تێکەڵکردنە بە عەقڵی دوو ڕوو ناو دەبات ، لەیەک کاتدا پاک و پیس ، جوان و ناشیرین ، فەزیلەت و ڕەزیلەت ، تاریکی و ڕوناکی ، دڵسۆزی و خیانەت ، نیشتیمانی و نا نیشتیمانی …. تا دەگاتە ئەخلاقی و نا ئەخلاقی بەپێی خواست و بەرژەوەندیەکانی تێکەڵ دەکا . چونکە ئەم جۆرە سەوداو مامەڵانە پێش ئەوەی ڕەهەندی بازرگانی ڕوتی هەبێ ، ڕەهەندی قوڵی ئەخلاقی زاڵە بەسەریدا ، لێرەوە ئیتر نرخ و بەهای شتەکان تەنها وابەستەی جەوهەری شتەکان خۆیان نیە ، بەڵکو کات و شوێن و مێژوو جوگرافیا تەنانەت سێبەری شتەکان کاریگەریان لەسەر دیاریکردنی بەهاکەیدا هەیە .
ئەگەرئەم چیرۆکە لە مانا سادەوساکارە ڕەمزیەکەیدا ، وەک میتافۆڕ وەربگرین ، دەبینین لە هەناوی کۆمەڵگەی ئێمەدا چ تراژیدیایەک دەگوزەرێت ، بەتایبەت لە نێو کایەی دزێو ناشیرینی سیاسیەتدا ، لەسەر دەستی دەستەبژێرێکی سیاسی بێ مۆڕاڵی شکست خواردوو ، بەردەوام نیشتیمان و خەونی نەتەوەیی و داخوازیەکانی گەلەکەمان ، بە بیرە نەوتەکان و قازانجی کۆمپانیا ڕەنگاوڕەنگەکانیان و بنەماڵەکانیان دەپێون و تێکەڵ دەکەن ، تەنانەت دیموکراسی و ئازادی ، لە پرسێکی گرنگ و چارەنوس سازی وەکو هەڵبژاردندا ، بە پێش مەرجی دانانەوەو بردنەوەی خۆیان و هێنانە پێشەوەی منداڵ و کەسوکارەکانیان دەبینن ، لەکاتێکدا هەڵبژاردن لە سادەترین پێناسەدا گۆڕانکاری ودەستاو دەستکردنی دەسەڵاتە ، ئەو گۆڕانکاریەی بە خەونیش لە ڕۆژهەڵات و کوردوستاندا بە هەڵبژاردن بەدی نایەت ، چونکە لە م ناوچەیە دەسەڵات وەک تاپۆی ڕەش ، بە سەر چەند خانەوادەیەکدا دابەشکراوە ، ئەوەتا زیاتر لە سی ساڵە زوخاو بەگەروی ئەم کۆمەڵگایەدا دەکەن ، بەناوی سیناریۆی هەڵبژاردنەوە ، جگە لە پرۆسەی بێ بەها کردنی هاوڵاتیان و بەدەستهێنانی ڕەوایەتی ساختە ، بۆ شکاندنی کەرامەت و زەوتکردنی مافەکانی شتێکی زیاتر بە مانای گۆڕانکاری ڕوینەداوە ، بە دیوەکەی تردا زۆر بێ شەرمانە ، قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە لە پێناو هەڵچنینی قەڵاتی سەرمایەی دزی و گەندەڵی و تاڵانی بۆ خۆیان ، لە کاتێکدا دەیان هەزار ڕۆڵەی هەژاری ئەم وڵاتە لە پێناوی ئەم نیشتیمانە گیانی خۆیان بەخشیی ، بەڵام ئەمڕۆ کەس و کارو منداڵ و نەوەکانی ئەنفال و کیمیاباران ، لە هەژاری و بێ ئومێدیدا سەریان هەڵدەگرن ، بە ناو دەریاو زەریاکاندا موجازەفە دەکەن ، بۆ هەڵاتن لە بێکاری و ستەم و نادادی ئەم دەسەڵاتە.
لە کۆتایدا ، سیاسەت بەلای ئەم دەستە بژێرانەوە ، کراسێکە تەنها بە بەری خۆیان بڕاوە و بەس ، تەنانەت ئەم نیشتیمانە بە میراتی باپیرانیان دەزانن ، قبوڵ ناکەن کەس هاوبەشیان بکات لە بەڕێوەبردنیدا ، وەک بارمتە مامەڵە دەکەن ، لەگەڵ هاونیشتیمانیاندا ، پێیان وایە هەرچی بکەن تەنها چاکەو پیاوەتیە ، دەبێت بە فەزیلەت بۆیان ئەژماربکرێ ، نەک ئەرک و بەرپرسیاریەتی ، هەر بۆیە هەموو جوانیەکانی نیشتیمانیان هۆنیوەتەوەو ، کردویانە بە گەردنی حزب و بنەماڵەکانیاندا ، بەڵام هێشتا دەعبایەکی دزێوو ترسناک و ناشیرینن.
PM:02:59:23/10/2025
ئهم بابهته 512
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی